د.مه‌سعوود بینه‌نده
هاژه ـ دژوازیی ژیان و ئاوارته‌ی دۆخی ژینه‌وه‌ری، زه‌رووره‌تی هه‌بوونی زمان و هوشیاریی بۆ مرۆڤ ده‌سته‌به‌ر کردووه، واته تووڕدراویی مرۆڤ له‌م جیهانه‌دا(thrown into the world)، ئاڕاسته‌ی ژیانی به‌ره‌و ماڵی زمان و که‌لاوه‌ی گوتار راناوه و له هۆده‌ی هه‌بوونێکی زمانمه‌نددا گیرساندوویه‌تیه‌وه. مرۆڤ هیچ بانگهێشت و به‌دواهاتنێکی سه‌باره‌ت به که‌وتنەداوی واقیعی ژیان بۆ نه‌کراوه و له هیچ خاڵێکی سفره‌وه ده‌ستی به ژیان نه‌کردووه به‌ڵکوو تا بووه له زماندا ژیاوه و به‌رده‌وام رێگای کردووه و هیچ مه‌به‌ستێکی دیاریکراویشی له‌م رۆشتنه به‌رده‌وامه‌دا بۆ ده‌سته‌به‌ر نه‌کراوه. ئه‌م دۆخه ئانتالۆژیکه،هاوبه‌سته‌ی دۆخێکی زمانناسانه و ناسێنکارانه‌یه؛ واته له هه‌بوونێکی ز‌مانمه‌نددایه که هه‌ست و هوشیاری مرۆڤ وه‌کوو بوونه‌وه‌رێکی کۆمه‌ڵایه‌تی پێک‌هاتووه؛ و به‌م پێیه، ته‌واوی پرسگر و چمانه‌کانی ژیانی مرۆڤ به‌رهه‌می‌دۆخی زمانمه‌ندانه و رۆچوونێکی بێ‌ئامانج و بێبنه‌ما له‌م جیهانه‌دایه. زمان یانه‌ی هیچ بوونه‌وه‌ر، حه‌قیقه‌تێکی ژه‌ڤه‌رمێژوویی یان میتافیزیکی نییه، مرۆڤ نه‌بێ؛ که‌وایه زمان ئیتۆس و جێپێگه‌ی مرۆڤه و بڕیار نییه له هه‌ناویه‌وه ده‌نگی “نه‌بوون”، “مه‌رگ”، “میتافیزیک”، “مێردئه‌زمه” و… ببیستین به‌ڵکوو هه‌مووی ئه‌مانه هۆکرد و به‌رسازدراوی زمانن و به زه‌بری رێسای زمان هه‌ستۆمه‌ند و واتادار کراون. مێژووی میتافیزیک پێمان ده‌ڵێت که ئه‌م ریزبه‌ندییه هه‌میشه به شێوه‌یه‌کی تر خوێندراوه‌ته‌وه؛ واته زمان کراوه‌ته ئامراز یان ماڵی ته‌واوی ئه‌و هۆکرد و به‌رهه‌مانه‌ی خۆی رسکاندوویه و واتاداری کردوونه‌ته‌وه؛ هه‌ر بۆیه زمان و ئایدیای ئوستووره‌یی و کلاسیک به‌شێوه‌یه‌کی ناوه‌ندته‌وه‌رانه و چه‌قبه‌ستوو، ئازادی و سه‌ربه‌ستیی زمانیان له خشته بردووه و میکانیزمی‌ئه‌فراندن و هه‌ڵسووڕانیان، گیرۆده‌ی نه‌زم و رێسای داسه‌پاو و بازنه‌گه‌رانه کردۆته‌وه که له دوو دیارده‌ی سه‌ره‌کیی ناوه‌ند و پاته‌بوونه‌وه‌دا خۆی بینیوه‌ته‌وه. ناوه‌ند و پاته‌بوونه‌وه ته‌نیا وه‌کوو نه‌زمێکی داهێنه‌رانه له ئاستی به‌رهه‌می‌ئه‌ده‌بی و هونه‌ریدا خۆیان نه‌نواندووه به‌ڵکوو ئه‌م وشه-ده‌سه‌ڵاتانه به‌رهه‌مهێنه‌ری گوتاری زاڵی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسین که فۆرماسیۆنه‌کانی کۆمه‌ڵگا به‌پێی لۆژیکی چه‌قبه‌ستوو و حه‌قیقه‌تخوازانه‌ی خۆیان، رێکخراوه و پێکه‌ربه‌ندیی ده‌که‌ن. مێژووی مرۆڤایه‌تی به‌گشتی و هه‌روه‌ها مێژووی کۆمه‌ڵگای کوردی به‌تایبه‌تی لەژێر رکێڤی ستراتێژییه‌کانی ئه‌م بنه‌ماخوازییه توندئاژۆگه‌رانه‌دا به‌رده‌وام به‌ره‌و حه‌قیقه‌ت-ده‌سه‌ڵاتێکی تاکانه و سه‌ره‌ڕۆخوازانه رانراوه و به به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی پیرۆزی، ترس و توندوتیژی، مێژوویه‌کی پڕمه‌رگه‌ساتی خوڵقاندووه.
ره‌وتی مۆدێڕنیته سه‌ره‌ڕای ته‌واوی خه‌ساره‌کانی به هێنانەئارای گۆڕانکارییه بنه‌ماییه‌کان له به‌ستێنی سیاسی، کۆمه‌لایه‌تی و ئابووریدا، هێڵه‌سووره‌کانی ئایدیای کلاسیکی تێکشکاند و بانگه‌شه‌ی سه‌ره‌ڕۆخوازانه‌ی گوتاری تاکه‌حه‌قیقه‌تخوازیی، به‌ره‌وڕووی ته‌نگژه کرده‌وه. ئه‌و ده‌ستوپێوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییانه که به‌ستێنی به‌رهه‌مهێنان و خوێندنه‌وه‌ی داهێنانه هونه‌ری و ئه‌ده‌بییه‌کانیان پێک ده‌هێنا تووشی داڕووخان‌هاتن و به‌م پێیه پێگه‌ی تاکانێتی و ره‌سه‌نایه‌تیی به‌رهه‌می‌هونه‌ری له‌ق کرا. خه‌رمانه‌ی پیرۆز و چاوگه‌ی به‌رزه‌جێی بابه‌ت و به‌رهه‌مه‌کان سڕدرانه‌وه، کاتێک که رێسای کۆنباوی شوێن-کات تووشی تێکچڕژان‌هات و ده‌سپێڕاگه‌یشتوویی هه‌مووان به ئۆبژه‌ی هونه‌ری مسۆگه‌ر کرا. داڕووخانی ئه‌زموون(destruction of experience) واته داڕووخانی ته‌واوی ئه‌و پێوه‌ندییه نه‌ریتی و بایه‌خه کۆنباوانه که ئیمکانی داهێنان و خوێندنه‌وه‌ی به‌رهه‌می‌هونه‌رییان ده‌سته‌به‌ر ده‌کرد؛ سه‌ره‌تا وه‌کوو مه‌ترسییه‌ک، مرۆڤی به‌ره‌وڕووی دۆخێکی ئانترۆپیک و بۆشایییه‌کی ره‌ها(نیهیلیزمی‌نه‌رێنی) کرده‌وه؛ دۆخێک که هێزی ده‌دایه ئه‌و ره‌وته کۆنه‌پارێزانه‌ی وا له‌ژێر سێبه‌ری مه‌ترسیی نیهیلیزمی‌گومانهێنه‌ر و یه‌قینکوژدا، له خولیای گه‌ڕانه‌وه‌ی دڵنیاییی ناوه‌ند و به‌ڵێنی پاته‌بوونه‌وه‌دا ده‌ژیان. رووی مه‌ترسیدار و لایه‌نی نه‌رێنیی ئه‌م دۆخه تاقه‌تکوژه‌ی نیهیلیزم، ره‌هه‌ندێکی ئه‌رێنیی پێک هێنا و سووژه‌ی چالاکی خۆی بانگهێشت کرد؛ واته دۆخێک که سه‌ره‌تا وه‌کوو خه‌سارێکی بنه‌مایی مه‌زه‌نده ده‌کرا گۆڕدرایه سه‌ر ده‌رفه‌تێکی بنه‌مایی بۆ به‌رسازدانه‌وه و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێی بایه‌خ و پێوه‌ره‌کان له شێوزاێکی جیاوازدا؛ هه‌ر بۆیه هونه‌رمه‌ندانی مۆدێڕنیست توانییان شۆک و زه‌ربه‌تی داڕووخانی ئه‌زموون و بێواتابوونی واتاکان له قاوغی فۆرمی‌نوێباوی هونه‌ریدا جه‌سته‌مه‌ند بکه‌نه‌وه و وزه‌ی له‌بڕاننه‌هاتووی هێزه راپه‌ڕیوه‌کان و “فاوست”ه زنجیرپچڕاوه‌کانی دۆخی نوێ له رێتۆریکی ئه‌ده‌بی و بووتیقای جوانناسانه‌دا راگیر بکه‌ن. ئاکامی‌سه‌ره‌کیی ئه‌م داڕووخانه دابڕانێکی سه‌ره‌کی له‌و بایه‌خ و پێوه‌ره نه‌ریتییانه بوو که به‌شێوه‌یه‌کی دژه‌مرۆڤانه له پێناوی جیهانی وه‌همیی ئایدیالی ئه‌فلاتوونیدا ژیانی راسته‌قینه‌ی مرۆڤیان قوربانی ده‌کرد و به تاکده‌نگییه‌کی سه‌ره‌ڕۆخوازانه، فره‌ده‌نگیی مرۆڤ و خواسته جۆربه‌جۆره‌کانی گرووپه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیان په‌راوێز ده‌خست. داڕووخانی ئه‌زموون مه‌ودایه‌کی ره‌خنه‌گرانه‌ی پێک هێنا که تێیدا سووژه‌ی نوێ مه‌جالی سه‌رهه‌ڵدان و ده‌نگهه‌ڵبڕینی پێ درا و هوشیارییه‌کی نوێی له ئاست جێپێگه‌ی مرۆڤ له پانتاییی هه‌ستی و کۆمه‌ڵگا بۆ مسۆگه‌ر کرا. چه‌مکه‌کانی “عه‌قڵ”، “زمان”، “شوێن-کات”، “ماف”، “ده‌سه‌ڵات”، “زانست”، “هونه‌رمه‌ند”، “جوانناسی” و… له‌ژێر رۆشناییی ئاوه‌زی رێفلێکسیڤ(هه‌مبازئه‌ندێشانه)ی مۆدێڕن‌دا سه‌رله‌نوێ له بواری شێواز و ناوه‌رۆکی واتایییه‌وه داڕێژرایه‌وه و به‌م پێیه شوناس و ده‌لاله‌تێکی ئێجگار نوێباو، بۆ مرۆڤی سه‌رده‌م ده‌سته‌به‌ر کرا. هه‌مووی ئه‌م ئازادسازییه فیکری و زمانییانه که‌هاوپێوه‌ند له‌گه‌ڵ گۆڕانکارییه کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌کاندا به‌ڕیوه ده‌چوون له گه‌مارۆ و داڵده‌ی ئه‌و هێزه پاوانکارانه‌ی وه‌کوو لۆیاتانی سه‌رکوتکارانه‌ی حکوومه‌ت، گوشاری مرۆڤسڕێنی بیرۆکراسی، نابه‌رابه‌ری سیسته‌می‌سه‌رمایه‌داری و هه‌ژمۆنی یه‌کسانسازیی سه‌نعه‌تی فه‌رهه‌نگیدا به‌شێوه‌یه‌کی دژوازانه ئیمکانی سه‌رهه‌ڵدانیان بۆ ره‌خسێندرابوو. واته زه‌رووره‌تی دابینکارانه‌ی مێژوویی و کۆمه‌ڵایه‌تی، به‌ستێنی جووڵه‌ی رزگاریخوازانه و بازنه‌شکێنانه‌ی فیکری و هونه‌رییان پێک ده‌هێنا و ململانێ و دیالێکتیکی له‌بڕاننه‌هاتووی ئه‌م لایه‌نانه که له دوو هێڵی مودێڕنیزاسیۆنی عه‌ینی و مۆدێڕنیزمی‌زه‌ینیدا خۆی ده‌بینییه‌وه، میکانیزمی‌سه‌ره‌کی پێشکه‌وتن و گۆڕانکاریی پێک ده‌هێنا. رۆمانسی مۆدێڕنی گه‌شه و په‌ره‌سه‌ندن هه‌میشه هه‌ڵگری ئه‌م دۆخه پارادۆکسیکاڵه بووه و هیچکات بڕیار نه‌بووه ئاکامی‌ئه‌م ململانێ دیالێکتیکییه له سه‌نتزێکی ژه‌ڤه‌رمێژووییدا رۆ بچێ و مرۆڤ و کۆمه‌ڵگایه‌کی په‌ڕمێژوویی و پاقژکراو له ده‌ردئاماژه و پاشهاته ئه‌رێنی و نه‌رێنییه‌کان به‌رهه‌م بێنێت. سووژه‌ی مودێڕن سه‌ره‌ڕای هه‌ستکردن به‌م دۆخه تراژیکه؛ واته دۆخی دژوازی هه‌نگاوهه‌ڵهێنان له پانتاییی شکست و داڕووخاندا، قه‌ت وره‌ی به‌ر نه‌داوه و هیچکاتیش به فانتازیای ئه‌به‌دییه‌تی داهاتوو و نوستالژیای ئه‌زه‌لییه‌تی تێپه‌ڕیو خۆی فریو نه‌داوه. سووژه‌ی سه‌رده‌م له نامومکینیی داهێناندا ده‌ست بۆ ئه‌فراندن ده‌با و له به‌ستێنی دیتێرمینیزمی‌سیسته‌م و پێکهاته‌دا هه‌وڵی ده‌سته‌به‌رکردنی ئیراده‌ی ئازاد(free will) و بڕیاری خۆسه‌روه‌ری ده‌خاته گه‌ڕ؛ هه‌ر بۆیه ژیان له نامومکینیی مه‌رگدا ئه‌زموون ده‌کات و ئه‌ده‌ب له ده‌ربڕینی شکستلێکه‌وتووی ته‌نیایی و په‌رۆشیی مرۆڤی سه‌رده‌مدا ده‌بینێته‌وه.
هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێک له بنه‌ماوه له‌گه‌ڵ “ژین-سیاسه‌ت”(bio-politics)دا تێکه‌ڵی هه‌یه و له‌م تێکه‌ڵییه‌دا سنووری نێوان ژیانی ژینه‌وه‌رانه و ژیانی شارۆمه‌ندانه، مه‌ودای نێوان ماف و توندووتیژی پاک ده‌بێته‌وه؛ واته له ژێر سێبه‌ری ئه‌م چه‌شنه دامووده‌زگایانه‌دا ژیانی مرۆڤه‌کان داده‌شکێته سه‌ر ژیانی رووته‌ڵ و لەژێر هه‌یمه‌نه‌ی هه‌ڵپه‌سێردراویی قانوون‌دا له‌خشته ده‌بردرێت. که‌وایه سیاسه‌تی مودێڕن سیاسه‌تێکی ئاوارته‌یه که له‌وێدا وه‌به‌رگری و گوشاری قانوون له رێگای هه‌ڵپه‌ساردن و راوه‌ستانی قانوونه‌وه کردار ده‌نوێنێت؛ راوه‌ستانێک که سه‌رتر له دۆخی قانوون و بێ‌قانوونی، سێبه‌ری مه‌رگ و توندوتیژی به‌سه‌ر مرۆڤه‌کانه‌وه به‌رده‌وام راده‌گرێت. هه‌ر بۆیه هه‌بوونایه‌تیی مودێڕنیزمی‌هونه‌ری و ئه‌ده‌بی له که‌لێنه‌کانی ئه‌م داموده‌زگایانه‌دا وه‌گه‌ڕ ده‌که‌وێت؛ پانتایییه‌ک ئه‌وپه‌ڕتر له هه‌رچی شوناسی ده‌سته‌مۆگه‌رانه و به‌کاڵاکردانه که به راگرتنی پۆتێنشیاڵێتی و‌هاوگرتووییی جه‌سته و وێنه، رێگا له هه‌ر چه‌شنه دابڕانی “بابه‌تی واقیعی جه‌سته” و “وه‌همی‌وێنه” له پیشه‌سازیی پڕۆپاگاندا و پۆرنۆگرافی، ده‌گرێت. که‌وایه هونه‌ر نه به “نومایشکردن و ده‌مه‌لاسکێکردنی واقیعی هه‌بووندار”، ده‌سته‌مۆ و پێبه‌سته‌ی جیهانی ریئال ده‌بێت و نه‌ش بەپێی بڕیاری پارێزکارانه‌ی “هونه‌ر له پێناوی هونه‌ر”دا له بازنه‌ی خۆویستانه و خۆقه‌تیسانه‌ی “سولیپسیزم”دا ته‌نگه‌تاو و به‌رته‌سک ده‌که‌وێت؛ به‌ڵکوو به نواندنی بێواتابوونی واتا، نه‌خشکردنی خودی زمان له شێوازی په‌تی و رووتدا؛ واته له ژێستێکی ته‌واودا، ده‌رده‌که‌وێت. نه هونه‌ر و ئه‌ده‌بی سیاسی که بانگه‌شه‌ی سیاسی‌بوون ده‌که‌ن و رووبه‌ندی سیاسی له روخسار ده‌گرن، به‌ڵکوو ئه‌مه سیاسه‌تی هونه‌ر و ئه‌ده‌به که له‌م سه‌رده‌مه‌دا ده‌توانێ له هه‌مبه‌ر دیکتاتۆرییه‌تی بازاڕ و توندوتیژیی “ژین-سیاسه‌ت”دا خۆڕاگر بێ و هه‌ڵهاتنێکی به‌رگریکارانه له دۆخی سه‌پاو به ده‌سته‌وه بدات. ته‌نیا بووتیقایه‌ک که ژێستی سیاسه‌ت ده‌گرێت و له رێگای ئامرازی بێمه‌به‌ست(means without end) و ده‌رخستنی خودی زمان، هه‌موو شوناسه ده‌سکرد و گوتاره ئایدۆلۆژیکه‌کان تووشی ناکارایی و هه‌ڵپه‌سێردراوی ده‌کات ده‌توانێت هه‌ڵگری وزه‌ی ره‌خنه‌کارانه‌ی سه‌رده‌م بێت.
کۆمه‌ڵگای کوردی هه‌رچه‌نده له ره‌وتی مێژوودا په‌راوێز خراوه و له سه‌رده‌می‌گۆڕانکارییه مه‌زنه‌کانیشدا پێشی پێ گیراوه، له‌وه‌ی که ئه‌زموونی مۆدێڕنیته‌ی خۆی له شێوازی پێویست و به رێبازی جیاوازدا به‌ڕێوه به‌رێت؛ به‌ڵام تیشکه تیژڕه‌وه‌کانی نوێسازی و نوێباویی سه‌رده‌م هه‌موو کون و قوژبنه‌کانی ژینگه-جیهانی ئێستای ئێمه‌یان ته‌نیوه‌ته‌وه و ره‌وته جیهانگیره‌کان له گۆڕه‌پانی رکابه‌رییه‌کی نابه‌رابه‌ر و ئالۆزیان‌هاوێشتووین. له‌م دۆخه ئاوارته‌یه‌دا(state of exception)، ئه‌گه‌ر بەپێی نه‌زمی‌کۆن و کلاسیک هه‌ڵبسووڕێین و بێخه‌به‌ر له قووڵاییی کاره‌ساتێک که له مێژه رووی داوه، ده‌به‌نگانه و دڵخۆشانه رێگای‌هات و نه‌هات له پێش بگرین له پاته‌کردنه‌وه‌ی مێژووی کاره‌ساتدا به‌شدار ده‌بین و رێگا بۆ چاره‌نووسێکی سیزیه‌فئاسا خۆش ده‌که‌ین که بڕیاره ئێستا و داهاتوومان له ره‌وایه‌تی مه‌رگه‌ساتدا تۆمار بکات.
بێگومان هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌ک له ره‌وتی مێژووییی خۆیدا، مانیفێستی خۆی ده‌نووسێته‌وه و هۆژدارییه‌کانی خۆی چ له کرده‌وه‌ی نه‌نووسراودا و چ له به‌رهه‌می‌تۆمارکراودا به‌رز ده‌کاته‌وه؛ و ئه‌م‌هاتوهاوارانه ئه‌گه‌رچی په‌راوێز که‌وتوون و زۆر که‌م بیستراون به‌ڵام هه‌میشه رایه‌ڵه‌ی ده‌نگهه‌ڵبڕینیان له وتن نه‌که‌وتووه. ئه‌م مانیفێسته‌ش درێژه‌ی ته‌واوی ئه‌و ده‌نگه به‌په‌رۆش و هه‌ستیارانه‌یه که رێگای راستیان هه‌ڵنه‌بژاردوه و به‌رده‌وام خواروخێچبینانه له هه‌مبه‌ر ره‌وتی زاڵی راسته‌ڕێدا وه‌ستاونه‌ته‌وه. مانیفێستێک که له هه‌مبه‌ر “ده‌سه‌ڵاتی حوزووری شانتاژ و پڕووپاگاندا و سه‌رمایه‌سالاریی وه‌چنگخستن”، له سیاسه‌تی نائاماده‌ی نڤیسار و هونه‌ری دۆڕاندن، لایه‌نگریی ده‌کات و هه‌وڵ ئه‌دات له ته‌نیشتی حه‌قیقه‌تدا به تاوانبار دابنرێ، تا ئه‌وه‌ی له‌هاوڕێیه‌تیی درۆدا خه‌ڵات بکرێت. نڤیسار لێره‌دا هه‌موو ئه‌و بوارانه ده‌گرێته‌وه که کرداری رادیکاڵی تێفکرین و تێرڕامانی تێدا به‌دی دێت، هه‌ر بۆیه بازنه‌ی نڤیسار په‌ڕتر له هه‌رچه‌شنه ژانر و بوارێکی فیکری، زانستی و هونه‌ری ده‌ڕوات و داگری گشتێتیی فه‌لسه‌فه، کۆمه‌ڵناسی، سیاسه‌ت، جوانناسی و… ده‌بێت. مانیفێستی ناشوێن هه‌روه‌ها که هه‌ست به پێویستیی نوێکاری و قووڵتربوونه‌وه‌ی گۆڕانکارییه‌کان له بازنه‌ی داهێنانی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری ده‌کات، په‌ره‌پێدانی وزه و ئاوه‌زی نوێباو له به‌ستێنه‌کانی سیاسه‌ت و فه‌رهه‌نگ و کۆمه‌ڵگادا به پێویست داده‌نێت و پێی وایه چیدی سیاسه‌تی کلاسیک و چه‌قبه‌ستوو که هێماکانی له کۆنسالاری، نه‌ریتسالاری، کۆسالاری، رێبه‌رسالاری، بنه‌ماڵه‌سالاری، ناوچه‌سالاری و نێرسالاریدا ده‌ر ده‌که‌وێت ناتوانێ “شێوازی به‌رهه‌مهێنانی کوردستانی”ی تووشی گۆڕانکاریی بنه‌مایی بکات و رێگا بۆ وه‌گه‌ڕکه‌وتنی دینامیزمی‌تایبه‌تیی کۆمه‌ڵگای کوردستان و دیموکراتیزه‌بوونی ئه‌ده‌ب و سیاسه‌ت ئاوه‌ڵا بکات. که‌وایه سیاسه‌تی نڤیسار وه‌کوو هه‌وڵێک بۆ “نا‌وتن” له به‌ستێنی “وتن”دا، خۆی له‌و دژوازییه مه‌رگئاژۆیه ئه‌دات که راشکاوانه دروشمی‌ژیندۆستی به‌رز ئه‌کاته‌وه و به‌م چه‌شنه به‌ره‌وڕووی سیاسه‌تی “ئا”وتن، زێده‌وتن، پیرۆزوتن، کڵێشه‌وتن، پاته‌وتن، ترسه‌نۆکوتن، ساویلکانه‌وتن و … ده‌بێته‌وه. بڕگه‌کانی مانیفێستی ناشوێن پێمان ده‌ڵێن سیاسه‌تی رادیکاڵ له هزر و ئه‌ده‌ب و هونه‌ری سه‌رده‌مدا هه‌مان سیاسه‌تی جیاوازی نڤیساره:
1. دابه‌زاندنی واتا له پێگه‌ی مێژووییی پیرۆزخوازانه و به‌رزه‌جێگه‌رانه؛ و ملپێچکردن و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بۆ سه‌رچاوه‌ی راسته‌قینه‌ی خۆی واته هه‌رێمی‌ئاساییی زمان.
2. نه‌لێکردنی هه‌رچه‌شنه لۆگۆس یان ئه‌زموونێکی په‌ڕزمانی و ناده‌لاله‌تی که له پێش زماندا بوونی هه‌بێ و زمان ته‌نیا وه‌کوو که‌ره‌سه‌ی ده‌ربڕین و راگوێزکردن به‌کار بێنێت.
3. نه‌لێکردنی عه‌قڵ و ئایدیای کلاسیک که له دوو پره‌نسیپی ناوه‌ند و پاته‌بوونه‌وه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه و‌هاوده‌ست و‌هاوبه‌سته‌ی داهێنه‌رسه‌روه‌ری، مه‌به‌ستمه‌ندی، تاکه‌حه‌قیقه‌تخوازی و تاکده‌نگی، رێگا له پێکهاتنی فره‌ده‌نگی و چه‌ندێتیخوزایی ده‌ق ده‌گرێت.
4. هه‌وڵ بۆ دابڕان له ئه‌زموونه خاو و ریالیستییه‌کان و هه‌روه‌ها وه‌همه رۆمانتیکییه‌کان؛ و تێکۆشان بۆ به‌رینکردنه‌وه‌ی بازنه‌ی ده‌ربڕین و داهێنان.
5. دابڕان له فیگۆری ئاوه‌زی یه‌کگرتوو و زانای گشتی که وه‌کوو سووژه‌یه‌کی باوکسه‌روه‌رانه له هه‌موو ساته ئاسایی و هه‌ستیاره‌کانی ده‌قدا ئاماده‌یه و ره‌وایه‌ت و ئۆتۆریته‌ی تایبه‌تی خۆی به‌سه‌ر ده‌قدا ده‌سه‌پێنێت.
6. نه‌لێکردنی هه‌رچه‌شنه بانگهێشتکردنێکی خوێنه‌ر و به‌رده‌نگ وه‌کوو سووژه‌گه‌لێکی ته‌واوکۆ، چه‌قبه‌ستوو، کۆنتڕۆڵکراو و خاوه‌ن شوناسێکی پارسته(منقاد) و پێبه‌سته(تابع)؛ و ئاوه‌ڵاکردنی ره‌وتی پێکهاتنی شوناسی به‌رده‌نگ له شێوازێکی نادابینکراودا.
7. به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ی هه‌رچه‌شنه پیرۆزاندن و دوورپه‌ڕاندنی ده‌ق و نۆرم و که‌سایه‌تی؛ و هه‌وڵدان بۆ بنه‌ماشکێنی هه‌رچه‌شنه لافێکی ته‌واوکۆخوازانه و مێتاده‌قخوازانه‌ی ئه‌و لایه‌نانه لەژێر تیشکی تاوتوێکا‌ر و رووناکیده‌ری ره‌خنه و هه‌ڵسه‌نگاندن.
8. تێکشکاندنی فۆرمی‌باوی نووسینی کوردی و کردنه‌وه‌ی رێگا بۆ ده‌قی سه‌ربزێو و سنووربه‌زێن چ له شیعر و چیرۆک و چ له ده‌قه‌کانی تردا؛ واته تێپه‌ڕین له سیاسه‌تی ئاسایشی نڤیسار که رێسایه‌کی پارێزکارخوازانه و ترسئاژۆیانه په‌یڕه‌و ده‌کات و خۆی له هه‌رچه‌شنه ئه‌زموونی شڵه‌ژان و شه‌پۆکی داهێنان بێوه‌ر و ته‌ریک ده‌خات.
9. تێپه‌ڕاندنی سیاسه‌تی شوناس له قاوغی فۆرمێکی کۆنباوانه و نه‌ریتسه‌روه‌رانه که ئه‌ستۆبه‌ندی چه‌قبه‌ستوویی و تاکڕوخساری و تاکڕاڤه‌یییه؛ بۆ ئاستی لخێزی و نادابینکراویی شوناس که ئازادیی کردار و چه‌ندێتیی پێناسه و چه‌ندڕه‌هه‌ندیی حه‌ز و چێژ له به‌ستێنی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی، جینسی، کۆمه‌ڵایه‌تی و … بەهه‌ند وه‌ر ده‌گرێت.
10. گه‌ڕانه‌وه بۆ لای خوێنه‌رسه‌روه‌ری نه‌وه‌ک خوێنه‌رێکی ته‌وه‌زل و ناچالاک، به‌ڵکوو خوێنه‌ری لێهاتوو و خاوه‌ن بڕیار که به خه‌یاڵکردی به‌هره‌مه‌ندانه‌ی خۆی خاڵه بۆشه‌کانی ده‌ق پڕ ده‌کاته‌وه و له ره‌وتی خوێندنه‌وه‌دا به‌رده‌وام ده‌قێکی نوێ ده‌نووسێته‌وه.
11. پێداگری له‌سه‌ر ئه‌و راستییه که ژیانی ده‌ق له پراکتیسی خوێندنه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندندا به‌رده‌وام ده‌بێته‌وه؛ که‌وایه کرداری ره‌خنه ته‌واوکه‌ری ده‌ق و په‌ره‌پێده‌ری توانسته‌کانی چێبوو و به‌رهه‌مهاتوو له ده‌قدایه.
12. جه‌ختکردن له‌سه‌ر ئازادیی خه‌یاڵ و راڤه و خوێندنه‌وه له داهێنان و ره‌خنه‌کاریدا؛ واته په‌ره‌پێدانی ره‌خنه له بازنه‌ی ره‌خنه‌ی ئاکادیمیک و ته‌کنیکه ئه‌ده‌بییه‌کانه‌وه بۆ به‌ستێنه‌کانی کۆمه‌ڵناسی، ده‌روونشیکاری، خوێندنه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی، زمان‌ناسی، هێماناسی، هزری سیاسی و… .
13. دژوه‌ستان به‌رامبه‌ر به حه‌زی ساویلکانه‌ی نڤیسار که ده‌یهه‌وێت ته‌واوی لایه‌نه ئاڵۆزه‌کانی چه‌مک و تیۆری و ته‌کنیک له ساکاربێژییه‌کی بێپرسگر و بێکێشه‌دا دابشکێنێت و له که‌لامی‌کۆتاییدا شاییی وه‌ڵامدانه‌وه به هه‌موو پرسه بنه‌مایییه‌کان بگێڕێت.
14. به‌هه‌ندوه‌رگرتنی زمان له نڤیساردا؛ به‌و چه‌شنه‌ی که زمان جێگری سه‌روه‌ریی ئاوه‌زی نووسه‌ر بکرێت و ده‌قێکی نڤیسارانه‌ی لێ به‌رهه‌م بێت.
15. په‌ره‌پێدان به ئه‌زموونی وه‌رگێڕان به‌و چه‌شنه‌ی که زمانی دایک و خۆماڵی لەژێر کاریگه‌ری و بارستاییی زمانی ئه‌ویدی، له خه‌ونی خۆبه‌سته‌یی و داخراوی هوشیار بێته‌وه و فۆرمی‌ده‌ربڕین و شێوازی گێڕانه‌وه‌ی نوێ ئه‌زموون بکات.
16. تێپه‌ڕاندنی سنووره ده‌سکرده‌کانی نووسین و ره‌خنه، و ده‌ستبردن بۆ ئاژاوه‌نانه‌وه له به‌ستێنی نه‌زم و رێسای سه‌رکوتگه‌رانه‌ی باودا به‌و چه‌شنه‌ی که هه‌ر جۆره ده‌ربڕین و ره‌وایه‌تێک رێگا به‌ره‌و نه‌زم و رێسایه‌کی ئازادانه‌تر و ئاوه‌ڵاتر ببڕێت.
17. پێگه‌یشتن به‌و راستییه که پراکتیسی داهێنان نه گیرۆده و پاشکۆی هۆکار و هۆکارمه‌ندییه و نه‌ش هه‌بوونایه‌تی و ره‌واییی خۆی به شێوه‌یه‌کی ئامانجخوازانه له مه‌به‌سته‌کان وه‌ر ده‌گرێ؛ واته داهێنان به‌پێی ئۆتۆنۆمۆس و له پێناو پێویستییه‌کانی خودی نڤیساردا هه‌ڵده‌سووڕێ.
18. نه‌لێکردنی هه‌رچه‌شنه پره‌نسیپێکی گه‌وهه‌رخوازانه و نامێژوومه‌ندانه سه‌باره‌ت به “جوانی”؛ واته تێپه‌ڕین له جوانناسی(ئه‌سته‌تیک) وه‌کوو هۆکار و مه‌به‌ستی داهێنان به‌ره‌و “جوانناسی”یه جیاواز و دژوازه‌کان که نه‌وه‌کوو سه‌رچه‌شن و سه‌ربه‌ندی داهێنان به‌ڵکوو وه‌کوو به‌رسازدراو و به‌رهه‌مهێنراوی ره‌وتی داهێنان ره‌چاو ده‌کرێن.
19. ده‌ستهاوێشتن بۆ ئه‌ده‌ب و هونه‌رێک که چ له ئاستی داهێنان و چ له ئاستی خوێندنه‌وه و وه‌رگرتندا، ئیمکانێکی جیاواز و ئاسۆیه‌کی نوێ له واقیع به‌ره‌و ڕوومان ده‌کاته‌وه؛ واته نه‌لێکردنی واقیعێکی تاکانه و داسه‌پێنه‌رانه و جڵه‌ودان به فره‌واقیعه‌کان و واقیعه ناواقیعییه‌کان.
20. هه‌وڵدان بۆ خوێندنه‌وه و داڕشتنه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێی مێژوو و ئه‌ده‌ب و سیاسه‌تی کۆمه‌ڵگای کوردی له سووچه‌نیگای خۆمانه‌وه، به‌و چه‌شنه‌ی که بتوانین له بازنه‌ی پێوه‌ندیی ئه‌رباب-کۆیله و نڤیساری کۆیله‌نووسانه تێ په‌ڕین و دینامیزمی‌زمانی و مێژووییی خۆمان به ڕه‌چاوکردنی بابه‌تی یۆنیڤێرساڵ و گشتگیر تۆمار بکه‌ین.
د.مه‌سعوود بینه‌نده/ خه‌زه‌ڵوه‌ری ۱۳۹۵ی هه‌تاوی- سنه
ده‌قی مانیفێستی ناشوێن به زمانی کوردی له‌م شوێنانه بڵاوکراوه‌ته‌وه:
1. حه‌وته‌نامه‌ی سیروان (ژماره ۹۱۱، شه‌ممه ۱۳ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۹۵ی هه‌تاوی)
2. رۆژنامه‌ی کولتووری هیچ (ژماره ۷، رێکه‌وتی ۲۰۱۷٫۱٫۱)
3. گۆڤاری ئه‌ده‌بی-هونه‌ری شی (ژماره 3&2، رێبه‌ندانی ۱۳۹۵ی هه‌تاوی)