تاریخ: ۱۴۰۳/۳/۲۴
کۆڕی پەردە لادان لە سێ بەرهەمی شیعری نوێی کوردی لە ڕووانسەر بەڕێوە چوو


عەزیزان و خۆشەویستان بە خوشحاڵیەوە ڕادەگەیەنین کە لە ڕێکەوتی یەکشەمە 20 جۆزەردانی 1403 لە دائیرەی فەرهەنگ و ئیرشادی شاری ڕوانسەر کۆڕی پەردەلادان لە بەرهەمە شیعرییەکانی مامۆستایان ئیبراهیمی فەرەجی و ئەسعەد زۆهرابی وە هەروەها لێکۆڵینەوە لەسەر بەرهەمەکانیان بەڕێوە چوو.

مامۆستا ئیبراهیم فەرەجی بە بەرهەمە شیعری (دەینی کۆچم لە گەردەنە) و هەروەها مامۆستا ئەسعەدی زۆهرابی بە دوو دەفتەری شیعری( بزەی لێوت پڕ بوو لە چوون) و دەفتەری شیعری (بالۆرەی با لە پەنجەرەدا) بەشدار بوون.

ئەم ڕێوڕەسمە فەرهەنگی و ئەدەبیە لە لایەن پێشکەشکاری بە توانا کاکە ئیبراهیمی جەلالی و کوردی وتنە پاراوەکەی پێشکەش کرا. سەرەتا پانیلی ئەوەڵ لە لایەن( مامۆستا ئەنوەر وەڵدبەیگی و مامۆستا عەتا ئەڵماسی) لەسەر بەرهەمەکانی ئەم دوو شاعیرە و پاشان پانیلی دووهەم لە لایەن( دکتۆر محێدین ئەمجەدی و دکتۆر فایق مەحموودی) پێشکەش کرا.

لەم دوو پانیلەدا لەسەر چۆنیەتی و تایبەتمەندییەکانی شێعری ئەم دوو شاعیرە باس کرا. پاشان کۆڕی مووسیقا بە سەرپەرشتی کاک (موهاجری ئەحمەدی ) لە ڕوانسەرەوە کۆڕەکەیان بە دوو کوپلە گۆرانی جوان ڕازاندەوە.

لە دوا دوایی بەرنامەکەدا بۆ ماوەی چل و پێنج خولەک هەردوو بەڕێزان شاعیران ئیبراهیم فەرەجی و ئەسعەد زوهرابی بە خوێندنەوەی گوڵبژێرێک لە شیعرەکانی خۆیان کۆڕەکەیان ڕازاندەوە . شایانی ئاماژەیە کە بەڕێز موعین موزەفەری بە پەنجە هونەرییەکەی خۆیەوە مووسیقایەکی جوانی تێکەڵ بە خوێندنەوەی شیعرەکانی ئەم دوو شاعیرە کرد و کاریگەری شیعرەکانی لەسەر دانیشتوان بە چەند قات زیاتر بردەسەر.
 

ئەم کۆڕە ئەدەبیە لە دوایین ڕۆژەکانی بەهاری هەزار و چوار سەد و سێ لە شاری ڕوانسەر بە ئامادەبوونی هۆگران و لایەنگرانی شیعر و ئەدەب لە ئەو شارە و هەروەها شارەکانی جوانڕۆ و پاوە و کامیاران و کرماشان و دیکەی شارەکان و ناوچەکانی دەوروبەر بەڕێوەچوو.

ئەم ڕێوڕەسمە لە دواییدا بە گرتنی چەند وێنەی یادگاری لە لایەن ئامادەبووانەوە کۆتایی پێهات. بە هیوای درێژەداربوونی ئاوەها چالاکی و تێکۆشانێکی فەرهەنگی و ئەدەبی لە ناوچەکەدا. شایانی باسە کە سپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی بەڕێز شێخمورادی بەرپرسی ئیدارەی ئیرشادی ڕوانسەر و هەروەها بەڕێز یووسف فەتاحی هەواڵنێری دڵسۆزی شار و ئەندامانی ئەنجومەنی میرزا ئەحمەدی داواشی و مامۆستایانی قوتابخانەکانی ڕوانسەر و هەموو چین و توێژەکانی ئەم شارە و ناوچەی هەورامان و دەوروبەر بکەین کە بە بەشداری خۆیان کۆڕەکەیان ڕازاندەوە.

بە ئەوپەڕی سپاس و ڕێزەوە 22 جۆزەردانی 1403 ئەنجومەنی ئەدەبی میرزا ئەحمەدی داواشی ڕوانسەر.