کتێبی "نەخشەهەڵگرتن لە ئەدەبیاتی لاوەکی/بچووک و جیهان"، کۆوتارێکە بە زمانی ئینگلیزی لەسەر چەمکی "ئەدبیاتی جیهان" و تیۆرییە نوێیەکانی ڕەخنەی ئەدەبی کە لەلایەن چاپەمەنی (Lexington Books) لە وڵاتی ئەمریکا بڵاوکراوەتەوە. ئەم کتێبە، بە هاوکاری چەند ڕەخنەکاری ئەدەبی لەسەرانسەری جیهان نووسراوە و هەر وەرزەی بۆ باسێک لەسەر ئەدەبیاتە وەپەراوێزخراوەکان تەرخان کراوە. ئەم کتێبە هەڵگری دە وتاری جیاوازە کە هەرکامەیەن بەشێک لە ئەدەبیاتە وەپەراوێزخراوەکانی جیهان دێنە بەرباس. بەشی ئەدەبیاتی کوردی ئەم کۆوتارە، بە جەختکردن لەسەر ڕۆمان، لەلایەن نووسەر و ڕەخنەگری کورد، "کاوان محەمەدپوور"ـەوە بەرهەم هاتووە.
لە پێشەکی ئەم کتێبەدا نووسراوە:
«کتێبی "نەخشەهەڵگرتن لە ئەدەبیاتی لاوەکی/بچووک و جیهان؛ پەراوێز و ناوەند" مشتوومڕێکی تیۆریکە لەسەر چەمکی "ئەدەبیاتی جیهان" بۆ ئەوەی سەرلەنوێ سنوورەکانی پەراوێز و ناوەند پێناسە بکاتەوە و خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ گریمانە لەمێژینەکانی ڕەخنەی ئەدەبی ئاراستە بکات. لەم کتێبەدا، ئەدەبیاتی ئەفریقی-ئەمریکی، بەرهەم گەلێک لە دوورگەکانی فارۆ، ئەدەبیاتی باسکی، ئەدەبیاتی کەنەدایی، گێڕانەوەکانی خۆرئاوا لە ئەدەبیاتی چین، ئەدەبیاتی کوردی، ئەدەبیاتی بەڕازیل و هەروەها ئەدەبیاتی ئوسترالیا و نیوزلەند بەهۆی ڕۆڵی کاریگەر و ماناداریان لە نیزامی ئەدەبیاتی جیهاندا کەوتوونەتە بەر تیشکی هەڵسەنگاندن. لەگەڵ ئەوەش، ئاوڕ لە ئەدەبیاتی چینی کرێکار و بەشداری کردنیان لە بەرهەمهێنانی ئەدەبیات دەدرێتەوە هەتا ئەوە نیشان بدات کە فەزای ئەدەبیاتی جیهان تەنیا نوێنەرایەتی چینی نووخبە و باڵادەست ناکا. بەپێچەوانی بەرهەمەکانی دیکە لەسەر چەمکی "ئەدەبیاتی جیهان" کە زۆرجار ڕیگەیان داوە هەژمۆنیانی ئەدەبیاتە باڵادەستەکان سێبەر بەسەر بەرهەمە وەپەراوێزخراوەکاندا بکێشێت، ئەم کتێبە، لە رێگەی بەشداری ڕەخنەگرانی ئەدەبی لە وڵاتە جۆربەجۆرەکان و پاشخانە جیاوازەکانیان، هەوڵی داوە چالاکانە پێکهاتەی دەسەڵات و باڵادەستی لە ئەدەبیاتی ئەوروپا-سەنتەری تاوتوێ بکات و سەرلەنوێ پێناسەی بکاتەوە.»
سەرنووسەرانی ئەم کتێبە (یانلی هی و نیکۆڵاس بیرنز) لە پێشەکی خۆیاندا سەبارەت بە وتاری کاوان محەمەدپوور بە ناوی "جوانیناسیی ئەوروپا-سەنتەری، بەرهەمهێنەرەوەی هەژمۆنی هێمایینی خۆرئاوا؛ شیکاری فۆڕم-سیاسەت لە ڕۆمانی باڵندەکانی دەم با دا"، دەڵێن:
« ئەم وتارە، بەو پێشگیرمانەیە دەست پێدەکا کە ڕەچەڵەکی پاڕادایمی باڵادەست لە ڕەخنەی ئەدەبی هاوچەرخدا، دەگەڕێتەوە سەر تیۆری و بۆچوونەکانی توێژەران و ڕەخنەگرانی ئەدەبی خۆرئاوا. واتە، توێژەرانی خۆرئاوایی بە هەڵسەنگاندنی بەرهەمە ئەدەبییەکانی خۆرئاوا چوارچێوە و بنەمای تیۆریکی خۆیان دادەمەزرێنن و لەم ڕێگەوە چاو لە ئەدەبیاتی نەتەوەکانیتر دەکەن. لەلایەکیترەوە، ڕەخنەگرە ناخۆرئاواییەکان بۆ هەڵسەنگاندنی بەرهەمە لۆکاڵەکانی خۆیان، هەر پشت بەم تیۆرییە خۆرئاواییانەوە دەبەستن و بە گریمانەکانی ئەوانەوە تاوتوێی بەرهەمەکانی خۆیان دەکەن. ئەم شێوە مامڵە لەگەڵ دەقی ئەدەبی، درێژەدان و بەردەوام کردنی هەژمۆنی خۆرئاوایی بەسەر گشت ئەدەبیاتی جیهانە و پێداگری زیاتر لەسەر پۆلێنکردنی "بەرهەمە ناوازەکان" بۆ ئەدەبیاتی خۆرئاوایی دەکات. ئەم چەشنە بۆچوونانە ئەدەبیاتە ناخۆرئاواییەکان دەخاتە پەراوێزی ئەدەبیاتی جیهان و هەمیشە لە دەلاقەی "ئەدەبیاتی پەراوێز، بچووک و لاوەکی" سەیریان دەکا. محەمەدپوور، لە ڕیگەی هەڵسەنگاندنی ڕۆمانێکی کوردی بەناوی "باڵندەکانی دەم با، نووسینی عەتا نەهایی"، ڕوانگەی کەسانێک وەک "پاسکاڵ کازانۆوا" و "فرانکۆ مۆرێتی" دەخاتە بەر تیشکی ڕەخنە و بەربەستەکانی ئەم تیۆرییانە بۆ ئەدەبیاتی جیهان ڕوون دەکاتەوە. لای محەمەدپوور، تیۆرییەکانی کازانۆوا و مۆرێتی بە چەشنی شیاو توانای خوێندنەوەی ئەدەبیاتە ناخۆرئاواییەکانییان نییە و هەوڵێکی دووبارەیە بۆ هەژمۆنی هێمایینی خۆرئاوا. ئەم وتارە، بۆ گۆڕانی فۆڕم لە ڕۆمانی کوردیدا پاشخانێکی کۆمەڵایەتی-سیاسی و ئەدەبی ڕەچاو دەکا و خوێندنەوەییەکی نوێ بۆ مێتافیکشن لە ڕۆمانی "باڵندەکانی دەم با" ئاراستە دەکا. لە دەرئەنجامدا، نووسەر ئەوە دەسەلمێنێت کە بۆ خوێندنەوەی ئەدەبیاتی ناخۆرئاوایی ناکرێت بەتەنیا جەخت لەسەر تیۆرییە خۆرئاواییەکان بکەین، ئەم ئەدەبیاتانە بە بێ ڕەچاوکردنی نێوانجییە زمانی و کەلتوورییەکان، خوێندنەوەیان ناتەواوە، هەر بۆیە تیۆری ئەدەبی هاوچەرخ پێویستە شێوازێکی نوێ لە هەڵسەنگاندی ئەدەبیاتی جیهان ئاراستە بکات.»
کاوان محەمەدپوور، نووسەر و ڕەخنەگری کوردە و جیا لە ئەزموونی بەربڵاو لە ڕۆژنامەوانی ئەدەبیدا، ساڵی پێشوو کتێبێکی بەناوی «بووتیقای گێڕانەوە؛ گێڕانەوەناسیی ڕۆمانی کوردی» بڵاوکردەوە. ئەم کتێبە خەڵاتی باشترین لێکۆڵینەوەی ساڵی لە حەوتەی توێژینەوە بۆ ساڵی ١٤٠٢ وەدەست هێنا.
سەرچاوەی هەواڵ:
https://rowman.com/ISBN/9781666944679/Mapping-Minor-Small-and-World-Literatures-Periphery-and-Center