خوێنەران و هاوڕێیانی دەلال و هێژا! لە بەرەبەری تێوەرسووڕانی ساڵی نوێدا پڕبەدڵ پیرۆزبایتان لێ دەکەین؛ ئەو بۆنەیەی کە لەوەتا هەیە، هاتنی پڕپیت و فەڕی بۆتە هۆی ئافران و خوڵقانی گڕ و گەڕ و گەڕیان و گۆڕان، بۆتە هۆی ژیانەوە و بووژانەوە و ڕاسان و ڕاتڵەکان؛ ئەم چەرخ و خولە سرووشتییەی دەبێتە هۆکاری تێوەرسووڕانی ساڵ و هەڵسووڕانی بێوچانی خەڕەکی هەڵکردنەوەی گڵۆڵەی تەمەنی وەرزەکانی ساڵ، بەپێی یاسا و ڕێسای سرووشت و هەر لە بنەبانی مێژووڕا، بۆتە هۆی دادڕینی کفنی بەفر لە شاخان و، گمەگمی کەوی کۆساران و جریوەی مەلان و، ئاشبەتاڵی تۆف و بەند و کڕێوەی زستان و، داڕمان و فەوتانی سەرمای تووش و سەخڵەت و سەهۆڵبەندان و، سەرهەڵدان و ژینەوەی کەشم و نەشم و ئۆخژنی جووتێر و وەرزێر و گاوان و سەپان و تێکڕای دانیشتووانی گوند و شاران و، توانەوەی بەلووزەوی بەفری لووتکە و نواڵان و دابارینی بەغوڕڕەمی باران و، پڕبوونەوەی بەند و بەنداو و کەند و کەنداوی ویشکهەڵاتووی جاران و، تەقینەوەی چاوگ و سەرچاوە و کانیاوان. لەلایەکی ترەوە تێوەڕسووڕانی ساڵی نوێ، کە وەبیرهێنەرەوەی شۆڕشی کاوەی ماڕزکوژە دژ بە تێکڕای زەحاکان و زاڵمان و ماڕزانی ڕۆژ و ڕۆژگاران، دەبێتە هۆی گەشانەوەی پزیسکەکانی نیوەڕۆمرکاوی هیوا و هومێدی تاک و کۆی کۆمەڵگا و هاووڵاتیان و شارۆمەندان، بۆ ئایسان و هەڵایسانی ئاگری شۆڕشێکی ناوەکی و هەناوەکی و بزاوێکی دەرەکی و سەرەکی و ڕاسانێکی ماکی و میناکی. کەوابوو پڕبەدڵ و پڕبەزار، پیرۆزباییتان لێ دەکەین، گەلی دۆست و برایان و هاوڕێیان و هاواڵان و خوێنەران و بەردەنگان!
هاوڕێیانی هێژا و ئازیز! لە سەرەتای وەرزی زستانی ساڵی ڕابردوودا و دوای حەول و تەقەللا و پەیجۆری و بەدواداچوونێکی زۆر، بە ئەوپەڕی دڵخۆشی و شانازییەوە مۆڵەتی دامەزرانی فەڕمی "بنکەی فەرهەنگی_هونەریی جامی"، لە لایەن دەستەی نووسەران و بەڕێوەبەرانی گۆڤاری مەهاباد وەرگیرا. بنکەی فەرهەنگی_هونەریی جامی، دامەزراوەیەکی مۆڵەتپێدراوی سەربەخۆی فەرهەنگی_هونەرییە کە بەهیوایە بە بەرنامە و پلانداڕێژیی زانستی و شێوازمەند و "پرس_تەوەر"(=problematical)، بە هاریکاری و یارمەتی سەرجەمی پسپۆڕان و لێکۆڵەران و نووسەران و چالاکوانانی خاوەن کەڵکەڵە وداڵغەی گەشە و نەشەی بواری زانست و کەلتوور و پەروەردە و ڕووناکبیری و ڕەخنە، چالاکیی بەردەوام و بێوچانی خۆی دەست پێبکا. بنکەی فەرهەنگی_هونەریی جامی، چالاکیی خۆی بە شێوە جۆراوەجۆرەکان، لەچەشنی:"وانە_وتار(=درس گفتار)، وتاردان، وانەی زانستی_لێکۆڵینەوەیی، وانەی فێرکاری_پەروەردەیی، سەمپۆزیۆم(=
"کۆزیلکەی پسپۆڕانە")؛ لە چوار بواری سەرەکیی:1.زانستە مرۆییەکان؛ 2. هونەر(=لە مانای بەربڵاوی هونەردا، کە داگری "داهێنانی وێژەیی"ـیش دەبێ)؛ 3.زانستە سروشتییەکان؛4.بواری فێرکاری_پەروەردەیی؛ دەست پێ دەکا و درێژەی پێدەدا. هەروەها لە داهاتوویەکی نزیکدا، گەڵاڵەی تایبەت بۆ پێکهێنانی کۆڕی جۆراوجۆر و جیاجیا بۆ ڕێزگرتن و بیرئانینی ناودارانی کورد، لە لایەن بنکەوە، پەیجۆری و بەدواداچوونی بۆدەکرێ.
بنکەی فەرهەنگی_هونەریی جامی، دوابەدوای مۆڵەتوەرگرتنی فەرمی لەو دوومانگەی ڕابردوودا و هەر لەسەرەتای دامەزرانییەوە، دوای چەندین کۆڕ و کۆبوونەوەی ڕاوێژکارانەی دەستەی دامەزرێنەر و بەڕێوەبەر بۆ گەڵاڵە داڕشتن و پلانڕێژیی بابەتییانە و شێوازمەند، بەبێ کات بەفیڕۆدان و ماتەڵبوون، دەستی کردووە بە چالاکی و هەر بەو پێیە لە ڕۆژانی پێنجشەممۆ 3 و 10ـی ڕەشەمە، دوو کۆڕی تایبەت بە دوو بواری جیاوازی "زمانناسی" و "گێڕانەوە"، له ژێر ناونیشانی: "زمانناسی بۆ هەمووان" و" دەوری زمان لە گێڕانەوەدا"، وەک "وانە_وتار" بە بەشداریی بەردەنگان و بەشداربووانی تامەزرۆ و خوازیار و خەمخۆری مەهاباد و شارەکانی تری ناوچەی، بەڕێوە بردووە.
ئامانجی سەرەکیی بنکەی فەرهەنگی_هونەریی جامی ڕەخساندن و ڕادەستکردنی هەل و دەرفەت و دەرەتان و هەروەها دەفرییەتی ماکی و میناکی خۆی و هەروەها تێکڕای ڕووناکبیران و خەمخۆرانی بەرپرسیاری کوردە، بۆ کەڵک وەرگرتن لە زانست و توانست و بڕست و بڕشت و ڕاوبۆچوونی پسپۆڕان و لێکۆڵەران و خوێندەوارانی سەردەرچووی بوارە جیاجیاکانی زانستە مرۆیی و هونەری و سروشتی و پەروەردەییەکان، لە ڕێگای نواندنەوەی زارەکیی وانە_تەوەر و وتاربێژانە و کۆڕگێڕانە، بە شێوازێکی هەمووانی و لە ژێر گوتارێکی ڕووناکبیرانە، بە زمانێکی کوردی گشتگیر و پێوەر و پێوانە، بۆ بەرفراوانکردن و گشتاندنی ڕایەڵەی تێکچندراوی پرس و کەڵکەڵە و داڵغە زانستی و فەرهەنگی و ڕووناکبیرییەکانی کۆمەڵگای سەردەمی کوردەواری.
داواکاریی شێلگیرانەی بنکەی فەرهەنگی_هونەریی جامی ئەوەیە کە تێکڕای ڕووناکبیران و خاوەنڕایان و پسپۆڕان و لێکۆڵەران و نووسەرانی کورد و هەروەها جومبوورەی جەماوەری بەردەنگان و خوازیارانی تامەزرۆ و خەمخۆری ئەو کۆمەڵگایە، هەرکام به پێی جێگە و پێگە و ئاستی خۆی؛ یارمەتیدەر و هاریکار و بەشدار و خاوەنبەش بن بۆ هەستان و ڕاپەڕاندنی ئەرکی شارۆمەندانە و ڕووناکبیرانەی خۆیان لەو پێوەندییەدا و لەگوێن ئەو پشکەی وا لەو پێواژۆیەدا، وەبەریان دەکەوێ بۆ پاڵپشتبوونیان لە بەرەوپێش بردنی ئەم ڕوەت و ڕێبازە ڕووناکبیرانەیە و ئەم بەرنامە و پلان و پڕۆگڕامە فەرهەنگی و زانستی و پەروەردییە کە لە ڕاستیدا بەردەبازێکە بۆ پەروەردە و بارهێنان و پێگەیاندنی بەرەیەکی بەئاگا و بوێر و بەرپرسیار و ڕووناکبیر و تێگەیشتوو و پێگەیشتوو لە ئێستا و داهاتوودا، له ڕێگەی خۆپێگەیاندن و پەروەردی تاک تاکی ئێمەی شارۆمەندان و هاووڵاتیانی بەرپرسیار لە ئاست پرسە هەستیارەکانی ئێستا و دواڕۆژی کۆمەڵگای کوردەواری و هەروەها بە چەشنی هاوکاتیش، هاندانی بەرەی نوێ بۆ بەشداربوون لەم ڕەوت و ڕێبازە و لەم بەرنامە و پلان و پڕۆگرامە زانستی و فەرهەنگی و پەروەردەیی و ڕووناکبیرییەدا.
بنکەی فەرهەنگی_هونەریی جامی ماڵی هەموو کوردێکی خوێندەوار و دڵسۆز و خاوەن هەڵوێست و خاوەن داڵغە و بەرپرسیار و خەمخۆرە و گەورەترین شانازی ئەوەیە کە تێکڕای تاک و کۆی ئەو کۆمەڵگایە بەشداری بکەن لە ئاوەدانکردنەوەی ئەو ماڵە خنجیلانەیەی خۆیان بە هەنگاوە بەبڕشتەکانیان و بە هەڵوێستی کردەیی و هەمەلایەنەی دڵسۆزانە و بەرپرسیارانە و ڕاوێژکارانە و ڕووناکبیرانە و شوناسخوازانەیان.
*** سەروتاری گۆڤاری مەهاباد، ژمارە 230، خاکەلێوەی 1403ـی هەتاوی