دیارە لە ڕێکەوتی ۱ی بانەمەڕ تا ۱۰ی ئەم مانگە، پەیکەرەسازی سەردیس(واتە تەنیا پەیکەرەتاشینی سەر)، بە سەرپەرەستی کاک هادی زیائەدین لە مەهاباد بەڕێوە دەچێ و لە کاتژمێر ۴ی ئێوارێ تا ٨ی شەو، بۆ گشت کەس سەردان و چاولێکردنی کارەکەیان ئازادە، ئەمڕۆ ۳ی بانەمەڕی ۱۴۰۳ی هەتاوی لە سێهەمین ڕۆژی ئەم کارە، لەگەڵ بەڕێز مامۆستا مەلا عەبدوسەمەد یارموحەممەدی پێشنوێژ و وتاری خوێنی مزگەوتی حاجی سەیید بایزید بە مەبەستی چاولێکردنی نزیک و دیداری ڕاستەوخۆ لە شێوازی کاری سمپۆزیۆمی و پەیکەرەسازی، بەتایبەت کاری کاک هادی زیائەدینی، چووینە مەیدانی مەنگوڕان، خەڵک کۆمەڵ و پۆلپۆل لە قوتابیان، نووسەران، کەسایەتییەکانی ناوشار، ئەدیبان، خوێندکارانی هونەری، دەهاتنە ژوورێ، لەبەر دەرگا کاک سەلاح پایانیانی و کاک کەماڵ مەولوودپوور و کاک سوارە فتووحی میوانیان بەخێرهاتن و ڕێنوێنی دەکرد. هەواڵنێری هاژە و شارەداری خەریکی وتووێژ و فیلمهەڵگرتنەوە لە بەشداربووان و میوانەکان بوون. لە پێشەوە بەلای دەستی چەپدا چووینە لای کاک بەشیر نەسیری، بەکەواپاتۆڵێکی جوان دەبەردا، خەریکی سەردیس سازکردنی مامۆستا هێمن بوو، تەبلێتەکی بەدەستەوە بوو وێنەی جۆراوجۆری مامۆستا هێمنی بە ڕەنگی و ڕەشوسپی، چاو لێ دەکرد و بە قەڵەمەکەی خەریکی چێکردن و ڕێکوپێککردنی چینەکانی سەر ڕوخساری مامۆستا هێمن بوو. دوای سڵاو و چاک و خۆشی بە ڕوویەکی خۆشەوە بەخێرهاتنی کردین. سەرەتا وێڕای دەستخۆشی؛ گوتم: دەستان خۆش بێ کە دوێنێ کۆمەڵێ لە منداڵانی باخچەی ساوایان هاتبوو یەکیان دەیگووت: خەرگوش چاک دەکەم و بەڕێزتان بە کەروێشک بۆت ڕاست کردەوە.
پاشان چووینە لای کاک هادی زیائەدین، دەوری زۆر ئاوەدان بوو هەر بابایە دەهاتە لای و وێنەی بۆ یادگاری و بیرەوەری دەگەڵ دەکێشا. دوای دەستخۆشی داوامان لێ کرد ئەگەر دەگونجێ سەردیس بۆ سێ کەسایەتی ناوداری دیکە درووست بکرێت، کە جێگایان لەم نێوەدا دیار و بەتاڵ و بەرچاوە کە خوالێخۆشبووان؛ ۱ـ دوکتۆر موستەفا خوڕڕەمدڵ(کە بە سێ زمانی فارسی و عەڕەبی و کوردی تەفسیری قوڕئانی کردوە، هەر وەها ساڵی ۱۳۴٨ی هەتاوی ڕێزمانی کوردی نوسیوە)، ۲ـ حاجی مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان، کە بۆ هەموو کەس ناسراوە. ۳ـ دوکتۆر سۆران کوردوستانی، کاک هادی وێڕای ناسینی خوالێخۆشبوو دوکتۆر خوڕڕەمدڵ خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی و گوتی: ئەگەر شووڕا و شارەدار پێشنیار بکەن هەوڵ بۆ چێکردنیان دەدەین. دوایە ئەم بەڕێزانە تەشریفیان هێنا، کاک سەلاحپایانیانی، دوکتۆر سەلاحەددین خەدیو، دوکتۆر هیدایەت سەبووری و دوکتۆر سابیر موسازادە، وێڕای دەستخۆشی لە کاک هادی، کاک سەلاح پایانیانی؛ فەرمووی مامۆستا هادی ئەگەر ئیجازە فەرمووی دوکتۆر سەبووری پزیشکە و دەیهەوێ لە بواری سڵامەتییەوە پشکنین بۆ بەڕێزتان بکات، زۆری پێ خۆش بوو، دوکتۆر سەبووری ڕوبەڕوو لە سەر کورسی دانیشت و بە گوشارپێو(فشارسنج) دەویانی(معاینە) کرد و ئیتر ئێمە خوا حافیزیمان کرد و چووینە لای کاک مێهدی زیائەدین برای کاک هادی، مامۆستا مەلا عەبدوسەمەد فەرمووی: کاک مێهدی ئەم وێنەیەی دەناسی؟ کاک مێهدی چاوی لێ کرد و گوتی بەڵێ کەسی دووهەم لای چەپ کاکەمە و کەسی یەکەم لە چەپ ڕا هونەرمەند کاک موحەممەد عەلەوییە، کە لەگەڵ کاک مێهدی قسەمان دەکرد یەکێ بەتەمەن، کۆتوشاڵوار دەبەر، بە پڕتاو هاتە لام، ئاغا! ئەرێ کێ بەرپرسی ئێرەیە، منیش ئاماژەم بە کاک سەلاح پایانیانی و کاک کەماڵ مەولوودپوور کرد، هەر لەخۆوە پرسۆک(کنجکاو)بووم و گوتم: بۆ؟ گوتی: وڵا پێیان پێشنیار دەکەم دوو لاو بە جلوبەرگی جوانی کوردی لەبەر دەرگایە میوانان بەخێرهاتن و ڕێنوێنی بکەن.
دوایە چووینە لای کاک بیژەن غونچەپوور کە سەردیسی مامۆستا خاڵەمینی چێدەکرد. خاڵەمین، یەکێ لەم کەسایەتیانەیە کە کەمتر ئاوڕی وەلا دراوەتەوە.
لەم دیدارەدا بوویین بەڕێز کاک “سوارە فتووحی”م دیت لەبەر دەرگا بە شانازیییەوە میوانی بەخێرهاتن دەکردن. چاک و خۆشیمان دەکرد کە لە کاتی چوونە دەر تووشی ئەندازیار بابەک ڕۆستەمپور شارەداری مەهاباد بووین و ئەم پێشنیارەی کە بە کاک هادیم کردبوو لەگەڵی دووپاتمان کردەوە. بڵێنیان دا لە داهاتوودا ئەم پێشنیارە بخەینە سەر مێزی گوفتوگۆ و دانیشتنی تایبەت . هەروەها بە شارەدارم پێشنیار کرد کە پردی سووری مەهاباد کە کاتی خۆی لە ساڵی ۱۳۴٨هەتاوی نەزانانە ڕووخێندراوە، کەڵە(پایە)کانی هەر ماوە دەکرێ بەم پێیە، نۆژەن بکرێتەوە. زۆری پێ خۆش بوو گوتی: ئەگەر بودجە تەقازا بکا زۆر بەجێیە.
ئاماژە:
هەڵبەتە شەو تەلەفوونم بۆ حاجی جەلال وەتمانی کرد، وەک بەرپرسی کومیسیۆنی بەشی فەرهەنگی شووڕای مەهاباد، بۆ هەر دوو پێشنیار هەم سەردیس بۆ دوکتۆر خوڕڕەمدڵ و هەم بۆ مامۆستا مەلا عەوڵا ئەحمەدیان.
هەر زۆری پێخۆش بوو، گوتی جیا لەمانە مامۆستا ڕەشید قەرەنیزادە و “مامۆستا سۆران کوردستانی”یش زۆر بەجێییە، لە درێژەدا ئاماژەی کرد کە بڕیارە لە سەیرانگا(پارک)ی خەبەرنیگار هەندێ سەردیس ساز بکرێ لەوێ هەوڵ دەدەین ئەمانە چێ بکرێن.
ڕۆژی دواتر سێشەممۆ ۴ی بانەمەر، کە ئێوارێ کلاسی تەفسیری خاتوونەکانمان هەیە لە مزگەوتێ و زۆربەی سێشەممەکان حاجییەنوسرەت خانیمی کچی مامۆستا خاڵەمین و بووکی مامۆستا خاڵەمین دێن بۆ کلاس، باسمان لە سازکردنی سەردیسی شاعیری ناودار؛ خاڵەمین کرد کە بووکی مامۆستا واتە ئامینە خانم هاوسەری کاک سەیید عەبدوڵڵا گوتی: بیژەن غونچەپوور کە خۆی هەمەدانییە داوای شێعری فارسی مامۆستا کردووە کە هاوسەرەکەم واتە کاک سەییدعەبدوڵڵا پارچە هۆنراوەیەکی خۆی بە دیاری بۆ کاک بێژەن ناردووە کە بە دەستی دەگەیەنین. کە ئەمەم بەلاوە کارێکی پەسەند بوو.
یادێک(زەڕڕینەیهەوەتوو)
دوایی چوومە مزگەوتی حاجی سەیید باییز و خزمەت مامۆستا مەلا عەبدوسەمەد، کە دۆکە باسی لە هەندێ شتکرد. هێندێک پرسیارم سەبارەت بە شوێنی نیشتەجێبوونی پێشووی ناوبراو کرد کە بەڕێزیان فەرمووی:
مامۆستا ئاماژەی بە کەسایەتی بنەماڵە کاک سەیید موحەممەد عەلەوی کرد کە لە ساداتی بەڕێزی دیواندەڕەن و بنەماڵەیەکی زۆر ناودار و ڕێزدارن، کە ئێستاکە لە سنە دادەنیشێ، لە درێژەدا گوتی: کاک موحەممەد هونەرمەندێکی ناسیاو و دەنگێکی سیحراوی هەیە و خاوەن موناجاتە کە هەنووکە دەستی لە کاری هونەری کێشاوەتەوە، لە دۆستانی نزیکی کاک هادی و هاوکلاسی بووە. مامۆستا مەلا عەبدوسەمەد لە دایکبووی ئاوایی "کیتکە"ی مەهاباد و ساڵی ۱۳۴۴ی هەتاویە، کۆتایی خوێندنی لە لای کەسایەتی ناوداری موکریان مامۆستا مەلا سەیید حەسەن حوسەینی بووە. ماوەی سی ساڵ لە پارێزگای کوردستان مامۆستا و زیاتر لە شارۆچکەی “زەڕڕینەیهەوەتوو” هەڵکەوتوو لە بیست کیلۆمیتری دیواندەڕە و نزیکی ئەشکەوتی کەرەفتوو و کێوەکانی چلچەمە، مەلا بووە، کە ساردترین شوێنی ئێرانە، نزیکی بیست ساڵ لەوێ مەلا بووم. جاری وا هەبووە کە بە حەوتوو ڕێوبان گیراوە و بە فڕۆکە یارمەتی نێردراوە، لە درێژەدا ئاماژەی بە کەسایەتێکی زانا و و بلیمەت و هەڵکەوتە کرد وەک مامۆستا شێخ حەسەن جەلالی کە پێوەندی بە زانستگای ئەلئەزهەر هەبووە، زۆر پیاوێکی قانع و مەناعەتی تەبع هەبووە، زانیبای ماڵێکی گومانی تێدایە وەری نەدەگرت. خۆی دەچوو لای مەڕ و پاتاڵەکانی، فەقێی هەبوونە، ئەگەر بە هەڵە نەچووبم، ساڵی ۱۳۷۶یا ۷۷ی هەتاوی کۆچی دوایی کرد، من بە خزمەتی گەیشتبووم و لە پرسەکەی دانیشتبووم. هەر خۆی لەم ئاوایییە خانووی کڕی و وەرەستا(وقف)ی مزگەوتێی کردبوو. جێی ئاماژەیە کە مامۆستا دەبێتە مامی حەقی موحەممەد ساڵحی نیکبەخت، وەکیلی ناوداری ئێران، بەڵام هەر یەکەی شۆرەتێکیان هەبووە، لە بنەماڵەی حەسەن مولانان کە بە سەیید ناودار نین دەنا ئەوانیش هەر سەییدن. ئەوان شۆرەتەکەیان حەسەنییە، مامۆستا عەبدوسەمەد ئاماژەی کرد کە کاک موحەممەد ساڵح نیکبەخت، فەقێ بووە و وانەی مەلایەتی تەواو کردووە و ماوەیەک لە ناوچەی سەقز مامۆستای ئاوایی بووە.
سەبارەت بە شارۆچکەی”زەڕڕینەیهەوەتوو” خەڵکێکی زۆر گەرم و گوڕن، ئەگەر کەسێک بە حەوت پشتان بگاتەوە سەر ئەوان، شانازی پێدەکەن و یارمەتی دەدەن. فەرهەنگێکی دەوڵەمەند و جوانی کوردیان هەبووە و هەیانە کە بە شانازیییەوە هەروا دەیپارێزن، هەم لە زمان و هەم لە فولکلۆر و جلوبەرگی کوردی.
جار هەبووە بە حەوتوو ڕێگەوبان گیراوە، هەزارودووسەد کەس لەم شارۆچکەدا، ماونەوە بێئەوەی چاوەڕوانی یەکفلسیان لەم خەڵکە هەبووبێ، خۆبەخش نەیانهێشتووە هیچ کەس زیانی لێ بکەوێتەوە. بۆ وێنە لە ۱۲ی ڕەشەمەی ساڵی ۱۳۹۰ی هەتاوی ئەگەر لاوەکانی “زەڕڕینە”نەبایە لەم باوبوران و کڕێوەی ئەوێ ساڵێ، زیاتر لە پێنجسەد کەس گیانیان لە دەست دەدا، کە هەزار و دووسەدکەس لەم رێگەوبانانە مابوونەوە، تەوای ئەم خەڵکەیان بە کۆڵ هێناوەتەوە، هەر لە دوڕای تیکاب تا نزیک دیواندەڕە کە تا نزیک پەنجا کیلۆمیتر ئەم لاوانە بەرەو باکوور و باشوور ڕۆیشتن، ئەم خەڵکەیان هێناوەتەوە، شایەتحاڵی ئەم ڕووداوە هەموو خەڵکی ئێرانە، ڕێبوارەکان عەڕەب، کوردی خۆمان، فارس، عێراقی، باکووری و باشووری ئێرانی بوون. بەڕاستی ئەم لاوانە شاکارێکیان کرد ناوی کوردیان لە خۆبەخشی و میرخاسی زیندووکردەوە، دوای سێ ڕۆژ هێلیکۆپتێر تووانی بێت.پارێزەری پارێزگای کوردستان تەلەفونی لە شووڕا و دێهیار و تەنانەت زەنگی بۆ من لێدا کە مامۆستا بە هەر شێوەیەک بێ تێچوو(هزینە)ی ئێمە وەستۆ خۆ دەگرین، بەم مەرجە ئەم خەڵکە لەناو نەچێ، بەڵام ئەم خەڵکە ئەوەندە بەرزەخۆیی(عزتنفس)یان هەبوو، هیچ چاوەڕوانێکیان لە دەسەڵات و بەرپرسان نەبوو و هیچیان قبوڵ نەکرد. ئەم چەند ڕۆژە میوانداریان لەم خەڵکە کردووە و بردوویانەتەوە ماڵێ، من کە مەلای ئاوایی بووم بیستکەسم لە ماڵ بوو، هەبووە پەنجاکەسی لە ماڵ بووە، سێ ڕۆژ ماونەتەوە.
دواوتە:
بە گێڕانەوەی ئەم بەسەرهاتە دەتوانین بڵێین مرۆڤی خاکەڕا و خۆبەخشی کوردی دەهەر حاڵ و کاتوساتێکدا ڕووحی خۆبەخشی و لەخۆبووردەیی نیشان داوە بۆ ڕەنگاندن و نەخشاندنی ڕوخساری جوان و دەستڕەنگینی هونەری و تۆمارکردنی نەخش و نیگاری جوان و لەبیر نەکراو لە چەشنی ئەم کارە جوانەی کە ئەمڕۆ لە کۆمەڵێک هونەرمەندی خۆبەخش و خاوەن هونەری جوان دەخرێتە بەرچاو و ڕای گشتی بەشێوەی ڕاستەوخۆ لە سمپۆزیۆمی مەهاباددا.