ئامادەکردنی: ڕەسووڵ عەزیزی
پێشەکی
کۆمەڵێک لە شێعرەکانی مامۆستا مەلا غەفووری مەهابادیم بەرچاو کەوت کە هێنابووی من لە بارەی چۆنییەتی تەرز و ماناوە بیر و بڕوای خۆم دەڕبرم.
ڕەنگە ئەگەر پێی هەڵبڵێم خوێندەواران لایان وابێ ڕووبینیم بەخەرج داوە، ئەگەر وا بیر بکەنەوە لێم ڕوونە زۆر بێ ئینسافن. مەلا غەفوور هۆنەرێکی بە هونەر و دەستڕەنگینە. ئەگەر ماڵی دنیای نەبووە، پێشم وانییە قەت بیبێ، ماڵم هەقە لە شاعیری و دەمپاراوی چەندی دڵ حەزکا ڕەنگینە. لە تەرازوی هەڵسەنگانی وێژەوانی تا بێژی قورس و سەنگینە.
حەوجە نییە دانە دانەی شێعرەکانی شیکەمەوە و خوێنەرانی شارەزاکەم. هەر کەس بە وردی و زانایی وەیانخوێنێ و باشیان سەرودەر لێدەرکا دەزانێ من بە دڵ دەڵێم و ڕاست دەکەم کە مەلا غەفوور ئێستاکە ئەستێرێکە لە عاسمانی کوردەواری و لەلای من تیشک داوێژێ و هێندێک لایان وایە نابینایە. لە خوام دەوێ ئەم شاعیرە بێچارەمان هیچ نەبێ هێندەی دەستکەوێ شێعرەکانی خۆی پێ چاپ کات کە لە بەهرەی بێبەش نەبین.
هەژار
١٣٦٢/٨/١١ کەرەج
سەرچاوە: دیاریی مەهاباد، لە هەڵبەستە پڕ مەبەستەکانی مەلا غەفووری حافزی مەهابادی، کۆکراوەی ڕەسووڵ ڕەشئەحمەدی، وەشانگەی سەیدییان، خاکەلێوەی ١٣٦٣ی هەتاوی، مەهاباد.