تاریخ: ۱۴۰۲/۱۲/۲۶
سەربڕانەی «فەرهەنگی زارەکیی موکریان» لە مەهاباد درا
بەپێی هەواڵیی هاژە، ڕۆژی پێنجشەممە ۲۴ی ڕەشەممەی ۱۴۰۲، ڕێ‌ورەسمی پەردەلادان لەسەر دوابەرگی فەرهەنگی زارەکیی موکریان نووسین و کۆکراوەی سەلاح پایانیانی لەژێر ناوی «سەربڕانەی پڕۆژەی فەرهەنگی زارەکیی موکریان» لە شاری مەهاباد بەڕێوە چوو.

سەرەتای ئەم کۆڕە کە بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک لە نووسەران، شاعیران و لێکۆلەرانی کورد بەڕێوەچوو، دکتور سەلاحەددین حیکمەت‌ئارا وەک میوانداری ئەم ڕێ‌وڕەسمە، ڕێزی لە تەمەنێک خزمەتی بێ‌وچان و بێ‌بڕانەوەی سەلاح پایانیانی لە حاند خەمخۆری لە زمان و فەرهەنگی گەلەکەی گرت.

دواتر مامۆستا عەزیز ئالی، نووسەر و ڕەخنەگر که پێداچوونەوەی زانستی کارەکەی له ئه‌ستۆ بووە گوتی: فەرهەنگی زارەکیی موکریان بەپێی بەرۆژترین مێتۆدەکانی فەرهەنگ‌نووسی جیهان نووسراوەتەوە و لەبابەت گشتگیری مانا و ڕیشەناسی وشەکانەوە لەگەڵ فەرهەنگەکانی پێش خۆی تەواو جیاوازە.

پاشان مامۆستا محەممەد ڕەمەزانی، چیرۆکنووس و وەرگێڕ گوتی: سەلاح پایانیانی و فەرهەنگی زارەکیی موکریان ڕەوتی فەرهەنگ‌نووسی له کوردستان بردووه‌ته قوناغێکی گەورە و پێشکەوتوو و ڕچەیەکی مەزنی شکاندووە.

دکتور ئەحمەد ئەحمەدیان، زمانەوان و مامۆستای زانکۆ لەم ڕێ‌ورەسمەدا گوتی: فەرهەنگی زارەکیی موکریان بەهۆی ئەوەیکە هەڵقووڵای لێکۆڵینەوەی مەیدانییە و بەشێوەیەکی زانستی و ئاکادێمیک داڕشتراوە یەک لە دەگمەن فەرهەنگەکانی ڕەسەن و زانستی کوردە.

خاتوو لەیلا ساڵحی، مێژووزان و ڕەخنەگری ئەدەبی یەکێکی‌تر لە وتاربێژانی ئەم کۆڕە بوو. ساڵحی گوتی: نووسینی فەرهەنگ یەکێک لە کارە هەرە دژوارەکانە و کەم کەس دەتوانێ خۆ نووسینی فەرهەنگێک بدا کە تایبەتمەندی ئانسیکلۆپێدیای هەبێ کە نەتەنیا مانای وشەکان دەگرێتەوە بەڵکوو، مێژوو، خشڵ و خاڵ، خۆراک، پەندی پێشینیان، نەزیلە و مەتەڵەکان و چیرۆکەکان دەگرێتەوە و ئەوەش زانستێکی زمانی و عەشقێکی بێ‌پایانی دەوێ.

پاشان دکتور ڕەهبەر مەحموودزادە زمانناس و ڕەخنەگری ئەدەبی باسێکی تێر و تەسەلی لەسەر هۆکاری گرینگ‌بوونی فەرهەنگی زارەکیی موکریاندا کرد و گوتی: فەرهەنگی زارەکی موکریان بە پێی ئەو نەقڵ و نەزیلە و پەند و... کە لەخۆی گرتووە سرووشتێکی لێکدەرانە (ترکیبی)ی هەیە. هاوکات مێتۆدیک‌بوونی ئەم فەرهەنگە وای کردووە کە سرووشتێکی شیکارانە (تحلیلی)شی هەبێ و ئەوە یەکێک لەهۆکارەکانی گرینگ‌بوونی ئەم فەرهەنگەیە.

مامۆستا یوونس ڕەزایی شاعیر و ڕەخنەگری ئەدەبی گوتی: یەکێک لە هۆکارەکانی گرینگ‌بوون و پێویست‌بوونی فەرهەنگی زارەکیی موکریان بۆ نەتەوەی کورد و زمانی کوردی ئەوەیە کە لەمەوبەدوا کۆمەڵناسان، زمانناسان، توێژەران، شاعیران و چیرۆکنووسان سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی زمانی، هزری و ئەندێشەییان وەدەست کەوتووە کە کۆی کولتووری کورد تێدا بەردەست کراوە.

دواتر مامۆستا سەلاح پایانیانی، دانەری فەرهەنگی زارەکیی موکریان گووتی: فەرهەنگی زارەکیی موکریان تەنیا فەرهەنگی زمان بە مانایەکی کلاسیک نییە بەڵکوو زانستنامەی فەرهەنگی جەماوەریشە و لە ڕاستیدا هەوڵێک بووە بۆ ئیعتباربەخشینەوە بە بەشێکی گرینگی فەرهەنگی کۆمەڵگای کوردستان.

لە بەشێکی بەرنامەکەدا هونەرمەند مەسعوود یارە بە گووتنەوەی گۆرانییەک کۆڕەکەی ڕازاندەوە.

لەکۆتایی‌دا بەئامادەبوونی تاقمێک لە میوانان، پەردە لەسەر کۆی بەرگەکانی «فەرهەنگی زارەکیی موکریان» لادرا.

سه‌لاح پایانیانی لەدایک‌بووی ۲۰ی خاکەلێوەی ساڵی ۱۳۵۷ی هەتاوی لە شاری مەهابادە و پتر  لە ۲۵ ساڵ لە تەمەنی خۆی لەسەر تەواو کردنی فەرهەنگی زارەکی موکریان داناوە.

سەلاح پایانیانی ساڵی ۱۴۰۰ لە لایەن پێگەی هەواڵی هاژە وەک شارۆمەندی شیاوی مەهابادی ناسێندرا.
 
ئاڵبۆمی وێنەکانی ئەم ڕێ‌وڕەسە لە خوارەوە ببینن: