تاریخ: ۱۳۹۵/۱۲/۴
دووەمین کۆنفرانسی لە دیرۆکەوە بۆ چیرۆک لە مەهاباد بەڕێوە چوو
بە پێی هەواڵی هاژه، ڕۆژی چوارشەممه 4ی ڕەشەممەی 95ی هەتاوی، دووەمین کۆنفڕانسی "لە دیرۆکەوە بۆ چیرۆک" بە تیشک خستن بۆ سەر بەیت و ئەفسانە لە ئامفی تیاتری ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی مەهاباد بەڕێوە چوو.
ئەم کۆڕە بە وتاربێژی ڕەحیم عەبدوڕڕەحیم زادە و لە لایەن ئەنجومەنی ئەدەبی مەهاباد پێک هاتبوو.
 ڕەحیم عەبدوڕڕەحیم زادە لە بەشێک لە وتەکانیدا ڕایگەیاند: زیاد کردنی هەر لایەنێک لە دەقە کۆنەکان دەتوانێ یارمەتیدەر بێ بۆ دەرباز کردنی دەقە نوێیەکان لە تەک ڕەهەندی بوون.
ڕاشیگەیاند: کەڵک وەرگرتن لە دەقە کۆنەکان دەلاقەیەک بەرەو تکنیک و شێوازی ڕەوایەتی نوێمان بۆ دەکاتەوە.
ئەم هونەرمەندە لە بەشێکی تر لە وتەکانیدا باسی لەوە کرد کە هۆکاری پەیوەندی نەگرتنی بەردەنگی ئەمڕۆ لەگەڵ بەرهەمی هونەرمەندان چییە و وتی: بەشێک دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە کە ئێمە خوێنەری پرۆفشناڵی ئەدەبیاتمان نییە، بەشێکیش لەم قەیرانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە که ڕەگ و ڕیشەیان لە دەقە ئەدەبییەکانی ئێمەدا کوتاوە و نەیانتوانیوە لە ناخوداگای جەمعی ئێمەدا شوێندانەر بن.
عەبدوڕڕەحیم زادە وتی: تەنیا ڕێگا بۆ دەرباز بوون لەم قەیرانە پەنا هێنان بۆ دەقە کۆنەکانە. کاتێک ئەدەبیاتی مۆدێرن ئاور لە ڕابردوو دەداتەوە پردێکی پەیوەندی ساز دەبێ و خوێنەر دەتوانێ دەقەکان هەست پێبکا و هەست بە ئاشنا بوونیان بکات.
ئەو پێی وابوو یەکێک لە گرینگترین هۆکارەکانی دوور بوونەوە لە دەقە کۆنەکان ئەو باوەڕە هەڵەیە کە گەڕانەوە بۆ ئەم دەقانە کۆنەپەرستییە.
لە درێژەدا وتاربێژ چەند نموونەی سەرکەوتووی لە ئەدەبیاتی جیهانی بە بەشداربووانی کۆنفرانسەکە ناساند کە لە ئەدەبی پێشڕەو و ئاوانگارددا گەورە نووسەران کەڵکیان لە دەقە کۆنەکانی نەتەوەی خۆیان وەرگرتووە.
وتیشی: لە ناو کورددا بەیت و ئەفسانەکان باشترین دەقن بۆ کەڵک وەرگرتن لە زمانی ئارکاییک.
لە کوتایی کوڕەکەدا بەشدار بووان پرسیارەکانی خۆیان ئاراستەی وتاربێژی کۆنفرانسەکە کرد و ئەویش بە دڵێکی فراوانەوە وڵامی بەشداربووانی دایەوە.