تاریخ: ۱۴۰۲/۱۲/۱۷
درەختی هەژار پەلی پێشەکینووسین
ئامادەکردنی کەسەر پیرزادە
کۆمەڵە هەڵبەستی "هیوا"ی کاک سەدیق بۆرەکەییم خوێندەوە. ئەگەر لێم پرسن چۆنن؟ بێ هیچ ڕوودەرواسیی و خاترگرتن ئەڵێم:
١. ئەوی بێ سۆ و گومانە هەموو ئەو هەڵبەستانە کێش و پاشڵیان(وزن و قافیە) تەواوە و لەمبارەوە تەرازووی مرخی بوێژ سەرناکا و پارسەنگی ناوێ و لەنگولۆری وەبەرچاونایە.
٢. کێشەکانی زۆر کوردانە و کوردپەسەندە، زۆر چاکی کردووە کە چاکی بەلادا کردووە و دەستی لە کلکی عەرووزی عاڕەبی و ئەوزانی فارسی بەرداوە و کەڵکی لە شتێک وەرگرتووە کە دەگەڵ مرخی گۆرانیبێژانی کوردەواریدا زۆر باش دەگونجێ و زۆربەی هەواکانی کوردستانی وەخۆدەگرن و نامۆیی لە هیچ بەندوباوێکی باو لەناو زۆربەی گەل ناکەن.
٣. کاک سەدیق زمانی کوردی زۆر باش دەزانێ. لە زاراوە و شێوە جۆربەجۆرەکانی گۆرانی و موکریانی و بەشەکانی دیکەی سۆرانی و لۆڕی و کرمانجی شارەزایە و زۆریش دڵاوایە. نیازم وایە نەچووە وەک هێندێک کەس مەڵبەندپەرەستی بکا و بە کلکی تەنیا شێوەیەکەوە بنووسێ و تەنیا بەو بنووسێ و جگە لە شێوەی شارەکەی خۆی کوردییەکانی تر بە غەوارە بزانێ و خۆیان لێ نەبانکا. خۆشم هات کە زۆر وشەی جۆراوجۆری ناو شێوەزۆرەکانمانی جێ کردۆتەوە. ئارەزوومە نووسەرانی تریش ئەم بارە ڕەچاوکەن.
بۆرەگلەیی:
ئەم بۆرەگلەییەم هەر لە بۆرەکەیی نییە، بگرە لە گەلێک لە بوێژانی تریشم هەیە. زۆربەی بوێژان وەختێ قافیە - یا خۆمگوتەنی: پاشڵێکیان وەبەردەڵ دەکەوێ وەدەزانن دە پوورەهەنگیان لە کۆتەرەدارێکدا دۆزیوەتەوە. بە ئامان و زامان دەستی لێ بەرنادەن، ئیتر بە هەر بوزوچریشکێکیش بێ هاوسەنگێکی بۆ پەیدادەکەن جا با جێگە بە مەبەست و ماناش لێژکا.
بۆ نموونە: هەر ئەو بوێژە لاوەی خۆمان وشەی ئەندێشەی قۆزیوەتەوە، دەیەوێ بیکاتە پاشڵی بەیتێک. وشەی پێشەی کردۆتە هاوسەنگ و نیازیش پیشەیە کە بە مانا کارە. کە چی پێشە واتا ئێسک. خۆ ئەگەر بشڵێن ناڕەوا بۆ بوێژ ڕەوایە دیسان پێموایە پیشە بە پێشەکردن تۆزێک ئێسکی گرانە. چەند وێنەیەکی تری وەهاشم هاتە بەرچاو. بەڵام وەک کوتم ئەمە تەرزە نەخۆشێکە زۆربەی بوێژەکانی پێ تلاوەتەوە. خوا شفایان بدا.
بە بیروڕای من ئەگەر بوێژ نیازێکی لەدڵدایە و بەو پاشڵە بۆی ناخرێتە سەر قاقەز و بە تەواوی نایەتە درکاندن تەرکاندنی باشترە. هیچ ناقەومێ کە بارەکەی بگۆڕێ ئەم وشەیە بە یەکێکی تر بگۆڕێتەوە و خۆی لە تەنگانە ڕزگارکات.
دووهەمین گازندەم لە هێندێک درێژدادڕییەکانێتی. چوونکە ئەو هەڵبەستەی کە بۆ دەربڕینی هەستی خۆشەویستی بەرانبەر بە دڵبەرە و عاڕەب ناویان ناوە غەزەل، گەرەکە کەم و پوخت بێ. ئەگەر زۆر درێژکرایەوە لەلایەکەوە هەستیار دەخاتە ناو گێژی گێژاوێکەوە کە دەرەتانی کەمتر بۆ دڕەخسێ لەلایەکی تریشەوە خوێندەوارەکەی یار بێ یا ئەغیار وەڕەز و جاڕز دەکا.
ئەو هەڵبەستەی کە شایانی درێژەدانە، چیرۆک و داستانە نەک دواندنی چاومەستانە. حەز ئەکەم لەمەبەولاوە ئەم لاوە بوێژە لە هەڵبەستی وەک قەستەمنامەکەی کە مەبەستی سوێندی ئەمەگدارێ بۆ یارە هەڵقرچێنێ و درێژەبدا بە هەڵبەستەی ڕۆستەمنامە و چی و چی نامە و داستانی و باستانی.
دەڵێن ڕۆژی قیامەت گوناح و چاکەی هەرکەس ئەخەنە ناو تەرازووی خێر و شەڕانەوە. کام تای نەوی بوو ئەوی بۆ حیساو ئەکەن و چاو لەوی تری ئەقونجێنن. ئەگەر ئێمەیش لاسای تەرازوودارەکەی قیامەت بکەینەوە هونەر و هەڵەی ناو هەڵبەستەکانی کاکە بۆرەکەیی بخەینە دوو تاوە بە بڕوای من تای هونەرەکەی دەنیشێ و بە هاسانی هەڵەکانی دادەپۆشێ. بەهومێدم ئەم بوێژە لاوە لەمەبەولاوە زۆرتر تێبکۆشێ و بەزوویەکیزوو  گۆشەیەک لە ئەرکی بەربڵاوی سەرشانی بوێژانی کورد بۆخۆی تەرخان بکا.
هەژار
تاران- بانەمەڕی ١٣٥٨ی هەتاوی
سەرچاوە: هیوا(امید) گلچینی از اشعار: صدیق صفی زادە(بورەکەیی)، چاپ اول١٣٦٠، چاپ فروهر