به پێی ڕاگەینراوی مەڵبەندی هونەریی ماملێ، بڕیاره به بۆنەی بیستوپێنجەمین ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەندی ناوداری کورد مامۆستا محەممەد ماملێ، خەڵاتی تایبەتی ئهم مەڵبەنده ئهمساڵ پێشکەش بکرێ به هونەرمەند مامۆستا شڤان پەروەر. خەڵاتی ماملێ، وەک هێمایەکی ڕێزلێنان لە هونەرمەندانی کورد، ماوەی ١٥ ساڵه لەلایهن ناوەندی هونەری ماملێ له چالاكی دایه و گشت ساڵێ پێشکەش بەو هونەرمەندە ماندوو و تێکۆشەرانە دەکرێت کە لە خزمەتکردنی هونەری ڕەسەنی کوردیدا تێکۆشاون و گەشەیان پێ بەخشیوە.
ئەو ناوەندە وێڕای هەموو چالاکییەکانی وەک لە پێناسەکەیدا هاتووە، بێلایەن و سەربەخۆیە و لە بواری ماڵی و مادییەوە شانازیی بەخۆیەوە دەکات کە پشتی بە بەرکی خۆی بەستووە و هەروەها لە بواری مەعنەویشەوە قەرزداری هەموو دڵسۆزانی میللەتەکەیەتی. لە ماوەی ساڵانی پێشوودا، ئهو مامۆستایان و هونەروەرانهی خەڵاتی ماملێیان پێ بەخشراوە بریتین لە:
١- قالە مەڕە
٢- ئەندێریاس ئیسرائیل خەمۆ (باکووری)
٣- عەباس کەمەندی
٤- عەزیز شارووخ
٥- ناسر رەزازی
٦- زۆزان
٧- تیپی موسیقای سلێمانی
٨- مەزهەر خالەقی
٩- خەلیل خەمگین
١٠ حوسێن سەفامەنێش
١١- محەممەد ڕەزا دارابی
١٢- دڵشاد سەعید
١٣- کاوە فەقیەزادە
لە درێژەی چالاکیی ساڵانەی ناوەندی هونەری ماملێ بۆ دەستنیشانکردنی هونەرمەندی ساڵ، بڕیار درا کە خەڵاتی ساڵانەی ماملێ پێشکەش بەو هونەرمەند مامۆستا شڤان پەروەر بکرێت.
هونەرمەندی بەناوبانگ و دامەزرێنەری دامەزراوەیەک بە هەمان ناو، شڤان پەروەر، لە ٢٣ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٥٥ لە گوندی سووریی سەر بە وێرانشار لە پارێزگای ڕحا لە باکووری کوردستان لەدایک بووە.
بڕیار وایە مەراسیمێکی شایان بۆ یادی ٢٥ ساڵەی ماملێ و پێشکەشکردنی خەڵاتی ماملێ بە مامۆستا شڤان پەروەر لە هەولێر و لە ڕۆژی سێشەممۆ، ڕێکەوتی ٢٣ی مانگی یەک لە کاتژمێر4:00 پاش نیوەڕۆ لە هۆڵی ڕۆشنبیری پێک بێت.