تاریخ: ۱۳۹۵/۳/۶
وتووێژی هاژە لەگەڵ شۆڕش ئەحمەدپووری شانۆکاری بۆکانی

وتووێژکار: محه‌ممه‌د ئاته‌ش زای

هاژە: تکایه خۆتان بۆ خوێنەرانی هاژە بناسێنن؟
 من شۆڕش ئەحمەدپووری لەدایکبووی ساڵی ١٣٦٢ی شاری بۆکانم و مەدڕەکی کارناسی ڕیازیم هەیە و ماوەی پازدە ساڵە کاری شانۆ و نووسینی چیرۆک و فیلمنامە و نمایشنامە دەکەم.
هاژە: چۆن بوو لە دنیای ڕیازی‌ڕا هاتنە جیهانی شانۆ؟ هۆکارێکی تایبەتی هەبوو؟
من لە منداڵیەوە کاری نووسینی چیرۆکم دەکرد و لە قوتابخانەش کاری شانۆم دەکرد و چوون حه‌زم له فیلم و فیلمنامەنووسی هەمبوو، دەستم کرد بە فیلمنامەنووسی و وردە وردە هۆگری شانۆ بووم و ماوه‌ی حه‌وت ساڵه هاتوومه دنیای شانۆ.
هاژە: بەڕێزتان له بواری شانۆ مەدڕەکی تایبه‌تان هه‌یه؟
 مەدرەکی تایبەتم نییە بەڵام کارگا و کلاسی شانۆ لای مامۆستای گەورە چووم، وەکوو "ڕەحیم عەبدولڕەحیم‌زادە" ، " شەهرام کەرەمی" و " قوتبەددین سادقی".
هاژە: یەکەم فیلمنامە کە نووسیتان نێوی چ بوو و سەبارەت بە چی بوو؟
 یەکەم فیلمنامەم بە نێوی " ئاوی سارد" بوو کە سەبارەت بە کچێک بوو کە کاری فەرشچنینی دەکرد و لە خانەی سینماش تۆمار کرا.
هاژە: له به‌شی شانۆ؟
یەکەم کارم " شب بخیر جناب کنت" بوو کە شەش ساڵ لەمەوبەر لە بۆکان پێشکەشم کرد. "ئەکبەر ڕاد" شانۆنامه‌نووسی بەنێوبانگی ئێرانی نوسیویه‌تی.
هاژە: به چ زمانێک بوو؟
 بە فارسی پێشکەشمان کرد، بەڵام کارەکانی دوای ئەوم هەموو بە کوردی پێشکەش کردوون.
هاژە: پێشوازی خەڵکی بۆکان لە شانۆکانتان چۆن بوو؟ بە تایبەت شانۆی "شوێنی خوێن لەسەر بەفر" کە ماوەیەک لەمەوپێش لە بۆکان پێشکەشتان کرد؟
 پێشوازیەکی باشیان کرد،بەڵام ئەوجۆرەی کە ئیمە چاوەڕوانمان دەکرد خەڵک نەهاتن.
هاژە: ئێستا شانۆی "شوێنی خوێن لەسەر بەفر" لە سەقز بەڕێوە دەبەن،لەوێ پێشوازی خەڵک چۆن بوو؟
بەداخەوە لەو دوو شەوەی یەکەم باش نەبوو،خەڵک فێری شانۆی کۆمێدی و تەنز بوونە و بۆ کاری ئوسوڵی و جدی نایەن.
هاژە: هۆکاری چییە کە هێشتا شانۆ لە کوردستانی ئێران جێ نەکەوتووە؟دەبێت چ بکرێت کە خەڵک ڕوو بکنە شانۆی ئوسوڵی؟
 کەم کاری ئێمەی شانۆکار و نەبوونی پشتیوانی دەوڵەتی و بەشی خسوسی، بۆ بەشداری خەڵکیش دەبێ کاری زیاتر بکرێت، چونکە هەرکەس یەکجار کە دێت بۆ دیتنی کاری ئوسوڵی، بە دڵنیایی دوایە دێتەوە، بۆیە یەکەم جار زۆر گرینگە.
هاژە: بە گشتی پێشوازی خەڵکی کوردستانی ئێران لە شانۆ چۆن دەبینن؟

بەداخەوە باش نییە، هیوادارین کارێک بکەین کە خەڵک فێری شانۆ و دیتنی شانۆ بکەین.
هاژە: بەڕێز ئەحمەدپووری ئێوە دەتانهەوێت کە شانۆکانتان هەر لە بۆکان پێشکەش بکرێت یا پەرەی پێ‌دەدەن بۆ شارەکانی دیکەی کوردستانی ئێرانیش؟
بە هیواین کە لە زۆربەی شارە کوردیەکان پێشکەشی بکەین و مەهاباد یا سنە شوینی داهاتووی شانۆکەمانە و شانۆی "شوێنی خوێن لەسەر بەفر" کە زۆرمان تەمرین لەسەر کردووە جارێ پێمان حەیفە کە وا زوو تەواوی کەین.
هاژە: لە هه‌رێمی کوردستان و بە تایبەت شارێکی ڕووناکبیری وەکوو سلێمانی ڕاتان هەیە کە لەوێش شانۆ پێشکەش بکەن؟
 ئەگەر بتوانین زۆرمان پێ‌خۆشە.
هاژە: له دوای شانۆی " شوێنی خوێن لەسەر بەفر" کارێکی دیکه‌تان به ده‌سته‌وه‌یه؟
 بەلێ بە هیواین کارێکی "پێرفۆڕمەنس" پێشکەش بکەین سەبارەت بە کۆچبەری، کارێکی سەرشەقامیش لەبارەی ژینگەپارێزی.
‌هاژە: بەرێز ئەحمەدپووری زۆر سپاس کە ئەو دەرفەتەت بۆ هاژە ڕەخساند.
سپاس بۆ ئێوەش، بۆ من جێگای شانازییە.