میداڵی یادەوەریی "ڕەزەرفۆرد"ی کۆمەڵەی شاهانەی کەنەدا، بە پڕۆفیسۆر ئیبراهیم کەریمی بەخشرا.
پڕۆفیسۆر ئیبراهیم کەریمی، سەرکردەی پەیمانگەی کوانتەمی زانکۆی ئۆتاوا، میداڵی یادەوەریی "ڕەزەرفۆرد"ی کۆمەڵەی شاهانەی کەنەدای پێ بەخشرا.
ناوبراو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی خۆی، لەمبارەوە ڕایگەیاند: "شانازییەکی گەورەیە. کاری توێژینەوە هەوڵێکی تیمییە و سوپاسی هەموو خوێندکارەکانم، هاوکارەکانم، مامۆستاکانم و لایەنگرانم دەکەم. بۆ شارەکەم سەقز کە بە ڕۆژانی زۆر سەختدا تێدەپەڕێت، ڕۆژانی باش تر دێن".
پڕۆفیسۆر ئیبراهیم کەریمی، زانای بواری فیزیای کوانتەمە و ساڵی ١٩٧٨ لە شاری سەقز لەدایکبووە. تا وەرگرتنی بڕوانامەی ماستەر لە ئێران خوێندوویەتی و ساڵی ٢٠٠٥ بۆ خوێندنی بواری فیزیای کوانتەم چووەتە ئیتاڵیا و لە ماوەی دوو ساڵ و نیودا دکتۆرای لەو بوارەدا وەرگرتووە.
ناوبراو لە ساڵی ٢٠١٧وە لە زانکۆی ئۆتاوای کەنەدا وەکوو پڕۆفیسۆری زانستی فیزیا وەرگیراوە و ساڵی ٢٠٢٢ بوو بە سەرکردەی پەیمانگەی کوانتەمی زانکۆی ئۆتاوا.