تاریخ: ۱۴۰۲/۵/۲۳
وەرگێڕان، دیاردەیەکی ڕەوانناسانەی بەردەنگ‌ناسی
یاقووب خزری: ڕەوانناس و ڕەخنەگر

وەرگێڕان سەفەرێکە لە کانتێکستێکەوە بۆ کانتێکستێکی تر. وەرگێڕ دەقی نووسراوەی نووسەرێکی تر لە کانتێکستێکی تر هەڵدەگرێ و وەری دەگێڕێتەوە سەر کانتێکستی خۆی و هەوڵ دەدا لەو جیهانە نوێیەدا و لە نیزامێکی نوێ‌دا خوێنەری نوێ بدۆزێتەوە. ئەگەر نووسەری سەرەکی دەقەکە، یانی نووسەری زمانی وەرگێڕدراو، تەنیا کەڵکەڵەی تاقمێک یا توێژێکی تایبەتی لە خوێنەرانی‌ هەیە، وەرگێڕ جیا لەو توێژە، بەرپرسیارە لە بەرابەر توێژێکی نوێ لە خوێنەرانی، ئەوانیش خوێنەرانی زمانی وەرگێڕن. لە لایەکی دیکەوە لە بەرابەر نووسەری دەقەکەش دەروەستە، بە واتایەکی تر بەرپرسیارێتی‌یەکەی فرەلایەنەیە.

لەم یادداشتەدا کورتەباسێک سەبارەت بە وەرگێڕانی شێعرەکانی فەڕوخی یەزدی لە لایان مەلاغەفووری دەباغی‌یەوە دێنینە گۆڕ و هەوڵ دەدرێ سیمایەکی تر لەو مامۆستایە بخرێتە بەر دیدی خوێنەران. لەم خوێندنەوەیەدا لە سەر بنەما و زەمینەیەکی ڕەوانناسانەی "کۆمەڵایەتی – زمانی" تیشک دەخرێتە سەر ئەو وەرگێڕانە و لە چوارچێوەی ئیدیۆمی "ڕەوانناسیی بەردەنگ" و کۆمەڵێک گوزارە و دەستەواژەی پەیوەندیدار بابەتەکە شی دەکرێتەوە.

بە سرنج دان بەوەی کە گوتار(ئاخافتن)، نموودی زمانە و مەودای دیتنی هەیە، دەکرێ وەک ڕەفتار لە قەڵەم بدرێ. بەو پێ‌یە وەرگێڕان لە چوارچێوەی یەکێک لە نموودەکانی زمان‌دا دەتوانرێ وەکوو ڕەفتار تەحلیل بکرێ.  ئەم تەحلیلە لێرەدا لەسەر ئەساس و بنەمای  ڕەوانناسانە بیچم دەگرێ. کاتێک باس لە بنەمای ڕەوانناسانەی وەرگێڕان دەکرێ، یەکێک لە سووژە هەرە سەرەکی‌یەکانی پەیوەست بەو ڕەوتە، پڕۆسەی "بەردەنگ‌ناسی"‌یە، واتا ناسینی بەردەنگ و لە پەنای ویش‌دا هەڵبژاردنی دەقێک کە دابین‌کەرەوەی هەموو یا لانیکەم بەشێک لە نیازەکانی ئەم بەردەنگ یا بەردەنگانە بێ. "گوتە"ی ئاڵمانی لەسەر ئەو باوەڕەیە لە تیۆری وەرگێڕان‌دا پێویستە جۆری بەردەنگ دیاری بکرێ و بناسرێ، لەسەر ئەو بنەمایە و لەو پەیوەندی‌یەدا گوزارەیەک بە نێوی "ڕەوانناسیی بەردەنگ" دێتە ئاراوە. ئەم گوزارەیە باس لە چەند مەسئەلە یا چەلێنجی جیددی دەکا. یەکەم مەسئەلە ئەوەیە کە ڕەوانناسانی کۆمەڵایەتی وەکوو "نیزامی پەیوەندی‌یەکانی ئینسان" پێناسەیان کردووە. ئەم نیزامە خاوەنی هەموو زەروورەت، پێداویستی و خواستەکانی مرۆڤە بۆ بەرقەرار کردنی پەیوەندی لەگەڵ جیهانی دەرەوە. کاتێک چەمک، مانا و دەستەواژەکانی جیهانی دەرەوە لەگەڵ چەمک، مانا و دەستەواژەکانی جیهانی دەروونی مرۆڤ یەکتر دەگرنەوە، ئەو کات بەرقەرار کردنی پەیوەندی بۆ مرۆڤ هەم ئاسانە و هەم چێژبەخش. وەرگێڕی خاوەن تێفکرینی تیژ لێرەدا بە خوێندنەوەیەکی کە لەسەر نیزامی پەیوەندی‌یەکانی دوو فەرهەنگی جیاواز دەیکا، بەو ئاکامە دەگا کە چەمک، مانا و دەستەواژەکانی زمانی وەرگێڕدراو لەگەڵ زمانی وەرگێڕ لەو نیزامە پەیوەندی‌یە‌دا دەتوانن لەگەڵ یەکتر بکەونە دیالۆگ، یا باشتر بڵێین دیسکۆرسێکی کارا لە نێوان ئەو دوو جیهان و نیزامەدا بکەوێتە گەڕ. هەڵبژاردنی دەقێک کە خاوەنی ئەو چەمک، مانا و دەستەواژانەن، نیشانەی ئاگایی وەرگێڕە لە هەر دوو نیزام و بە گشتی هەر دوو جیهانەکەدا. 

لە وەرگێڕانی شێعرەکانی فەروخی یەزدی‌دا لە لایان مەلاغەفووری دەباغی‌یەوە بە شێوەیەک لە شێوەکان ئەم بەردەنگ‌ناسی‌یە شکڵی گرتووە، بە پێی وەی کە فەڕوخی یەزدی کەسێک بووە کە لەگەڵ دەسەڵاتی ئەوکات کێشەی هەبووە و بنەمای ئەو کێشەیەش دەگەڕێتەوە بۆ قەڕائەتێکی کە فەڕوخی ئەو کات لە دۆخی ئێران هەیبوو. پرس‌گەلێگ وەکوو، فەقر، زوڵم، بێ‌دەرەتانی خەڵک و هەروەها چەندین مەسئەلەی کۆمەڵایەتی تر لە شێعرەکانی‌دا ڕەنگی داوەتەوە. بێ‌شک وەرگێڕێک کە ئەم دەقانە وەردەگێڕێتە سەر زمانی خۆی، پێویستە بەو ئاکامە بگا کە چەمک، مانا و دەستەواژەکانی بەکارهاتوو لە شێعرەکانی فەڕوخی‌دا لە چوارچێوەی نیزامی پەیوەندی خوێنەرانی زمانی وەرگێڕدا جێ دەگرن و هاودەنگن لەگەڵ جیهانی دەرەکی و دەروونی خوێنەرانی نوێ. بە پێی وەی کە مەلاغەفوور وەکوو ئینسانێکی کورد خاوەنی هێندێک مەسئەلەی کۆمەڵایەتی بووە کە ئەم مەسئەلە کۆمەڵایەتی‌یانە مەسئەلەی ئینسانی کوردیش بوون، بۆیە ئەو خوێندنەوەیە تا ڕادەیەکی زۆر بووەتە هۆی وەرگێڕانی دەقە شێعری‌یەکانی فەڕوخی لە لایان مەلاغەفوورەوە. بۆ نموونە کاتێک مەسئەلە کۆمەڵایەتی‌یەکان بەو شێوەیە لە شێعری فەڕوخی یەزدی‌دا ڕەنگ دەداتەوە:

در دهر کسی چو ما بدین ذلت نیست

وین ذلت بی‌کرانە بی‌علت نیست

 

دولت ز کە نفع جلب سرمایە کند

وقتی کە ز فقر نامی از ملت نیست

مامۆستا مەلاغەفوور دەبباغی لە وەرگێڕانەکەدا بە پێی ئەو قەڕائەتەی باس کرا چەمک‌گەلی "زیللەت" و "فەقر" وەکوو دوو چەمک، دیاردە کە لەگەڵ نیزامی پەیوەندی‌یەکان، جیهانی دەرەوە و جیهانی دەروونی ئینسانی کورد تا ڕادەیەکی زۆر هاودەنگن و لەگەڵ ناخودئاگای گشتی ئینسانی کورد هاومانا و هاوتەفسیرن، دەست دەداتە وەرگێڕانی ئەو شێعرە و بە زمانێکی بەردەنگ‌ناسانەوە ئەم چەمک و دیاردانە دەخاتە بەر دیدی خوێنەرانی کورد و لە جیهان و نیزامی پەیوەندی‌یەکانی فەڕوخی‌یەوە دەیان‌گوازێتەوە بۆ کانتێکست و مەیدانی زەینی تاکی کورد: 

هیچ‌کەس وەکوو ئێمە ڕووت و بێکارە نی‌یە

بەدبەخت و کەنەفت و دیل و بێچارە نی‌یە

ئەو دەوڵەتە سەرمایە لە چی پێکەوە نێ؟

خۆ کەس بە قەد ئەم میللەتە بێ‌پارە نی‌یە.

لە درێژەی ئەو باسەدا پێویستە باس لە دوو مەنتق و ئیستدلالی تر بکرێ بۆ وەی سووژەی تەحلیلی ئەم یادداشتە بگاتە ئامانج و نیزامی پەیوەندی‌یەکانی دوو فەرهەنگ و دوو زمانی مەبەست بگەن بە ئاکامێکی دیاری کراو و گوتارێکی کارامە و کاریگەری بۆ خوێنەرانی نوێ لێ بکەوێتەوە. پێویستە دوو یاسای بنەڕەتی تایبەت بە ڕوویکەردی "گێشتاڵت" لە ڕەوانناسی‌دا  بخەینە بەر باس و لێدوان. حزووری ئەو دوو یاسایە و دەوری سەرەکی‌یان هۆکارێکی گرینگە بۆ ساز بوونی زەمینەی چێ کردنی کارکردەکانی ڕەوانناسانەی ئەم وەرگێڕانە.

لە ڕوویکەردی گێشتاڵت‌دا یاساگەلی "دراوسێتی" و "وێچوویی"، هۆکاری پەیوەست بوونی چەمک و مانا جیاوازەکانن. فەرهەنگ وەکوو دیارەدەیەکی کەریگەر کار دەکاتە سەر ئەم چەمک و مانایانە و جۆرێک فرەچەشنی تێ‌یان‌دا وەدەی دێنێ. بەو واتایە کە کەلتوورە جیاوازەکان مانا و چەمکی جیاواز دەخوڵقێنن؛ بە شێوەیەک کە لە زمانە جیاوازەکان‌دا تەنانەت جۆری پەیوەست بوونی ئیدیۆم، واژە و دەستەواژەکانیش جیاوازن. ڕێک لێرە دایە کە مەسئەلەی زمان لەگەڵ چەمکی فەرهەنگ دەکەوێتە دیالۆگ و گفت‌وگۆ. ئەم دیالۆگە سەرەڕای وەی کە هەر دوو لا دەخاتە چەلێنجێکی دوو ڕەهەندی هەم لە زمان‌دا و هەمیش لە فەرهەنگ‌دا، لە عەینی حاڵ‌دا زەمینەی سەرهەڵدانی دیسکۆرسێکی نوێ و کارایە بۆ هەر دوو فەرهەنگ یا هەر دوو زمان. لە پەیوەندی لەگەڵ یاسای دراوسێتی‌دا پێویستە ئاماژە بە خاڵێکی گرینک بکرێ. ئەویش ئەوەیە کە ئەم یاسایە بە نیسبەت دوو زەین لە دوو فەرهەنگی جیاوازدا خۆی دەردەخا، بەڵام ئەگەر ئەم دوو زمانە یا ئەم دوو فەرهەنگە بە پێی زەروورەتەکانی مێژووی و جوغڕافیایی هەڵس‌وکەوت و دیالۆگیان هەبێ، بێ‌شک ڕادەی وێچوویی‌یەکەیان یەگجار زیاترە. بۆ وێنە ئەگەر لە زەینی ئینسانی ئێرانی‌دا وشەی گوڵ، وەبیر هێنەرەوەی بولبولە، ڕەنگە لە زەینی ئینسانی ئوستڕالیایی‌دا وشەی گوڵ، بەهار بیر بێنێتەوە. ئەوەش بە هۆی دوور بوونی ئەم دوو زمانەیە بە پێی ئەم دوو زەروورەتە مێژوویی و جوغڕافیایی‌یە. بەڵام بە هۆی وەی کە زمانی کوردی و فارسی دیالۆگ دەکەن و جاری واشە تووشی چەلێنجێکی کۆمەڵایەتی نەخوازراو یا خوازراو دەبن؛ بەردەوام لەگەڵ یەکتر لە پەیوەندی‌دا بوون و هەن، ڕەنگە ئەم دراوسێتی‌ و وێچوویی‌یە لە وشە، چەمک و ماناکان‌دا زیاتر خۆیان دەر بخەن. بۆ نموونە لەوانەیە وشەی گوڵ لە زەینی ئینسانی کورددا زیاتر بولبول بیر بهێنێتەوە تا بەهار. 

هر مملکتی در این جهان آزاد است

آزادیش از پرتو عدل و داد است

کمتر شود از هر حادثە ویران و خراب

هر مملکتی کە بیشتر ازاد است.

لەم چوارینەیەدا چەمکەکانی وەک: "جهان آزاد" و "عدل و داد" بە هۆی دوو یاسای دراوسێتی و هەروەها وێچوویی بیرهێنەرەوەی چەندین مانا و دەستەواژەی تایبەتن بۆ وەرگێڕ. لێرە دایە وەرگێڕ بە هەست کردن بەو وێچوویی و دراوسێتی‌یە، نیاز و خواستەکانی خوێنەرانی زمانی خۆی ناس دەکا و پێی وایە ئەوان لەگەڵ ئەم چەمک و مانایانە زیاتر هەمزادپێنداری دەکەن و بۆیەش هەڵبژاردنی دەقی فەڕوخی بۆ وەرگێڕان نیشانەی ئاگایی و ناسینی ئەو زەمینانە لە لەلایان مامۆستا دەبباغی‌یەوە دەتوانین لە قەڵەم بدەین.

وەرگێڕانەکەی مامۆستا لەسەر ئەم چوارینەیە:

هەر مەملەکەتێ لە خەڵکەکەی دڵشادە

ئەو شادی‌یە هۆی ڕووناکی عەدڵ و دادە

کەم هەڵدەکەوێ لە ناو بچی و کاول بێ

هەر مەملەکەتێ کە میللەتی ئازادە