تاریخ: ۱۴۰۲/۴/۱۶
کۆڕی پرسە و سەرەخۆشی نووسەر و ڕۆژنامەوانی کورد "کەریم قەیوومی" لە مەهاباد


بەپێی هەواڵیی هاژە، کەریم قەیوومی نوسەر، شاعیر و ڕۆژنامەنووسی کورد کە چەند ڕۆژێک دوای کۆچی دوایی هاوسەرەکەی گیانی لەدەستدا، لە مەهاباد کوڕی پرسە و سەرەخۆشییەکی ڕۆژی شەممە ۱۷ی پووشپەڕ لە مزگەوتی دارولئیحسان بەڕێوە دەچێت.

ئەو نوسەرە کوردە پێنج ڕۆژ پێش کۆچی دوایی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک لە پەژارەی کۆچی دوایی هاوسەری باوەفای ڕەوانشاد دولبەر ڕەحیمی نوسیبووی:


"هاوسەفەری ڕێگەی ژیانم!

بەینەتت شکاند، بەجێت هێشتم. کوا وا دەبێ؟! تەنیا جارێک بەبێ من کۆچت کرد، کۆچیکی بێ بڕانەوە و گەڕانەوە. خۆ تۆ لە هەموو ماوەی ٤٥ ساڵ هاوڕێیەتی (ماندا) بەجێت نەهێشتم و هەموو ژیانت فیدای ئاواتەکانی من کرد بەڵام من هەر بە ئاوات نەگەیشتم. کەچی ماندوویەتیت بەچاودا نەدامەوە. بەڵام دڵنیا بە بەمزووانە یەکتر دەگرینەوە. خەفەت مەخۆ، تەنگانە بەریان کورتە و پێک شادوشکور دەبینەوە. دەتبینمەوە و دەگەمە لات. یادت بەخێر بێ تاقانە هاوسه‌فەری ژیانم. چاوەڕێم بە!"


کەریم قەیوومی یەک لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەی گۆڤاری سروە بووە کە لەلایەن مامۆستا هێمن و چەند ڕوناکبیرێکی دیکەوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەردەچوو.