تاریخ: ۱۴۰۲/۳/۱۲
لە بەندەری چاوەشینەکانت چاپ و بڵاو بۆوه
به پێی هه‌واڵی هاژه، پێنجەمین بەرهەمی کەماڵ کۆکەیی لە بەندەری چاوەشینەکانت چاپ و بڵاو بۆوە.

لە دەسپێکی وەرگێڕانی ئەم کتێبەدا هاتووە:
ژن و ئەوین بابەتی سەرەکی شیعری "قەبانی"یان لەخۆ گرتووە. وشەکان هەردەم لە نووکی خامەیدا لانەولان دەبن. تل دەخۆن و گلۆر دەبنەوە؛ هێندێکیان لە بازنەی ئەشقدا خۆدەگرنەوە و بەشێک گۆڕغەریبی شاران دەبن. نزار کانیاوی شیعرەکانی هەرجار تێکەڵ بە گەزیزە، مێلاق و داودی و گوڵەباخ کردووە. لە شەفەق تا دەمووکەی چراهەڵکران و گیانەڵای ئێواران وانەی ئەشقی هۆندۆتەوە و ببرای ببڕ دانەمرکاوە. بە شۆرابەی برژانگی ماشقەدا شۆڕ بۆتەوە و دەگەڵ جووتێ گوارەی تاسەمەند بەرەو شانە ڕووتەکانی ژنێکی شۆخ تەمای ماچ و ڕامووسانی گرتووە. جانتای سەفەری بەستووە، جغارەیەکیشی بەبا کردووە، سووتووەکەی تەکاندۆتە ناو شیعرەکانی و بزر بووە لە بەینی غومار و تۆز. ترپەی هەنگاوەکانی هەمووکات شەڵاڵی شیعر بوون و ئەو خوێنەی لەناو شیعرەکانی ڕژاون، خوێنی یەکسانی و دەنگی مرۆڤایەتی بووە.