نەوەی ئەمڕۆ، بەدەگمەن كتێب دەخوێننەوە، ئەوەش لەبەر چەند هۆكارێك وەکوو: دەركەوتنی ئینتەرنێت، دەزگا جۆربەجۆرەكانی ڕاگەیاندن، سەرقاڵی ژیانی رۆژانە و بەرزبوونەوەی نرخی كتێب دەگەڕێتەوە.
بەڵام ئەو هۆكارانە نابنە كۆسپ لەبەردەم ئەو كەسەی خوێندنەوەی وەک كەشێكی هەمیشەیی ژیانی لێکردووە. لەوانەیە هۆكاری سەرەكی دووركەوتنەوە لە خوێندنەوەی كتێبە جدییەكان ئەوە بێت گەنجان هەست بە پێویستی خوێندنەوە ناكەن، ئەوەش جێی داخ و نیگەرانییە. لەبەر ئەوەی ئەوان بەهای كتێب لە ژیانی خەڵك و پێشكەوتنی كۆمەڵگەكاندا نازانن.
خوێندنەوە یەكێك لە ڕووخسارەكانی ڕووناكبیری و هۆشیاری گەلە شارستانی و پێشكەوتووەكان لە ئەژمار دێت. زانایانی ڕەوانناس و پەروەردەكاران، خوێندنەوە بۆ هەموو تەمەنەكان بە پێویست دەزانن، چونكە بە تەنها خوێندنەوە دەرگای زانست و فێربوون دەكاتەوە و كلیلی رۆشنبیری و شارستانی و پێشكەوتن مسۆگەر دەکات.
هەموو كتێبێكی باش، شارەزایی نوێ و بەستنی پەیوەندییە لەگەڵ فکرە زیرەكەكان، مێشکی ئەو مەزنانەی وا لە خوێنەر دەكات بیر لەهەندێ شت بكاتەوە، كە پێشتر هەرگیز بەبیریدا نەهاتووە، یاخود زانیاری ئەوتۆی لە بارەیەوە نەبووە و نەیتوانیوە لێکی بداتەوە. ئەوەش وا دەكات ئاشنای ئەو هەڵوێست و كێشە و وەڵامی ئەو پرسیارانەی ڕۆژانە بێت رووبەرووی دەبێتەوە.
كە باسی خوێندنەوەی كتێب دەكەین، مەبەستمان ئارەزووی كۆكردنەوەی كتێب و ڕازاندەوەی كتێبخانەی ماڵ نییە، کە رۆشنبیریی خاوەن ماڵ دەردەخات! رۆشنبیریی مرۆڤ، بە ژمارەی كتێبەكانی ناپێوەندرێت، بەڵكو بە خوێندنەوەی كتێبە كلاسیكییە نەمرەكان و كتێبە نوێیە بەهادارەكان بەراورد دەکرێت.
كاریگەری لەسەر بەجێنەهێشتووە
زۆر جار هەندێ كەس بانگەشەی زۆری كتێب و گەورەیی كتێبخانەكەی دەكات، بەڵام كاتێ گفتوگۆی لەگەڵ دەكەی، هەست ناكەی سوودی ئەوتۆی لەو كتێبانە وەرگرتبێ كە خوێندوونییەتەوە، وا دەردەكەوێ نەیخوێندوونەتەوە، یاخوود سەرسەرەکی چاوی پێدا خشاندوون و لە ماناكانیان قووڵ نەبۆتەوە و كاریگەری لەسەر بەجێنەهێشتووە.
خوێندنەوە كاریگەری قووڵ لەسەر ڕۆشنبیری و ئاكار و شێوازی ئاخاڤتنی مرۆڤ دروست دەكات. خوێندنەوەی قووڵ شتێكە، كات كوشتن بە خوێندنەوەی ڕووكەشەوە شتێكی ترە. خوێندنەوەی قووڵ لە هەموو قۆناغەكانی تەمەن پێویست و بەسوودە، بەڵام گرینگ ئەوەیە چی بخوێنینەوە؟
ئەوە ڕوونە خوێندنەوەی ڕووكەش، هیچ ڕۆڵێكی لە دەوڵەمەندكردنی زانیارییەكانمان و گەشەپێدانی مێشكماندا نابێ. دەكرێ بۆ كات بەسەربردن و خۆشی و خولیای خوێندنەوە، بخوێنینەوە، بەڵام ئەگەر شتێكمان لە بابەتە جوانەكانی ئەدەبی كلاسیك و بەرهەمەكانی بیری مرۆڤایەتی خوێندەوە، هۆگری دەبین و ناتوانین بە ئاسانی دەستبەرداری بین.
بەپێی تێڕوانینی "تریسیان تزارا"، كتێبە نەمرەكانی مێژووی مرۆڤایەتی، گوشراوی بیر و بەرهەمی زانست و \ تێگەیشتن و ئەزموونەكان و بەری بیری بلیمەتەكانە. پێویستە هەموو ڕۆشنبیرێك ئەو بەرهەمانە بخوێنێتەوە كە بە ڕۆیشتنی كات و گۆڕینی نەوەكان و سیستمەكانی حوكم و پێشكەوتنی شارستانی بەهای گەورەییان لەدەست نادەن. خوێندنەوەی كتێبە زانستییەكانی سەبارەت بە دروستبوونی گەردوون و سیستمی كۆمەڵەی خۆر، دەبێتە هۆی فراوان بوونی زانین و هەست و خەیاڵدان و باش بوونی بۆچوونەكان و تێگەیشتن لەیاساكانی سروشت بە دوای خۆیدا دەهێنێت. لەوانەش دەرس و پەندی پێویست بۆ ئێستا و ئایندە وەردەگیرێت.
خوێندنەوەی یاداشت و ژیاننامەی كەسایەتییەكان، ئاشنامان دەكات بە ئەزموونەكانی ژیانی كەسایەتییە گرینگەكانی كە ڕۆڵیان لە دروستكردنی مێژوو هەبووە، یاخود بەسەرییەوە شاهید بوون. بە دڵنیاییەوە دەتوانرێ سوود لە شارەزایی و ئەزموونی ژیانیان وەربگیرێ و بۆ ژیانی ئایندەمان سوودی لێوەربگرین.
خوێندنەوەی كتێبە بەهادارەكانی پسپۆڕی تایبەت، یاخود رۆشنبیریی گشتی، بۆ مرۆڤ بەسوودە و بایەخی كەلەپووری مەزنی جیهانی لەزانستو فیكر و ڕۆشنبیری دەردەخات. ئەو مرۆڤەی ناخوێنێتەوە، تەنها یەك ژیان دەژی، ئەویش ژیانی تایبەتی خۆیەتی، بەڵام ئەو كەسەی دەڕوانێتە ئەزموونی كەسانی تر، چەند ژیانێك دەژی. جاران دەستەبژێژە ڕۆشنبیرەكانمان زۆریان دەخوێندەوە، چونكە سەرچاوەی زۆر بۆ زانیاری و خۆشی و كات بەسەربردن نەبووە. ئەوسا ئینتێرنێت و مۆبایل نەبوو، كەناڵەكانی ڕاگەیاندن كەم و ناوخۆیی بوون، بەرنامەی ئەوتۆیان نەبوو، وەك كەناڵە ئاسمانییەكانی ئەمڕۆ!
زیاتر سەرقاڵی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانن
پاشەكشە لەخوێندنەوە، دیاردەیەكی جیهانییە، تەنیا وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناگرێتەوە. ئەگەرچی وڵاتانی خۆرئاوا زیاتر دەخوێننەوە، بەڵام لەدوای دەركەوتنی ئینتێرنێت لەو وڵاتانەش گەنجان كەمتر دەخوێننەوە و زیاتر سەرقاڵی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانن. هیچ شتێك شوێنگرەوەی كتێبی باش نییە، تەنیا ئەو زانیاریی قووڵمان دەداتێ و كاریگەری لەسەر تێڕوانیمان بۆ سەر ژیان و جیهان بەجێدەهێڵێت.
ئاستی ڕۆشنبیریی كۆمەڵگا، تەنیا بە بڵاوبوونەوەی كولتووری خوێندنەوە و تێكڕای ساڵانەی كتێبە خوێنراوەكان دیاری ناكرێت، بەڵكو پێویستیشی بە ڕەخساندنی زەمینەی ئازادی ڕا دەربڕین هەیە.
لەكۆمەڵگەی پێشکەوتووی كراوەدا، كتێب ڕێز لە عەقڵی مرۆڤ دەگرێ، دەرفەتی ئاشنابوونی بە ڕۆشنبیریی گەلان بۆ دەڕەخسێنێت، گەشە بە كەسایەتیی مرۆڤ دەدات.
بەپێچەوانەی كتێبەوە، تەلەفزیۆن ئامانجی بەدەستهێنانی سوودە، ئەو لەسەر ریكلام دەژی و زۆرجار داوامان لێدەكات ئەم كەلوپەل یاخود هی دیكە بكڕین، هەندێ جاریش دیدێكی سیاسی و ئیدیۆلۆژیکی هەیە.
بەڵام نووسەری كتێب، پێویستی بەدانانی ڕیكلام لەناو دێڕەكانیدا بۆ بەدەستهێنانی پارەی زیاتر نییە.
توانای زمانەوانی مرۆڤ باشتر دەكات
شارەزایان پێیان باشە ڕۆژانە دوو کاتژمێر بۆ خوێندنەوەی كتێبە باشەكان دیاری بكرێت. ئەوان بڕوای تەواویان بەوە هەیە خوێندنەوەی كتێب باشترە لە سەیركردنی فیلم كە لەهەمان كتێبیشەوە وەرگیرابێت.
فیلمێكی وەرگیراو لە ڕۆمانێكەوە ئەو خواست و پێشبینیەی خەڵك كە لەمێشكیدا وێنەی كێشاوە، مسۆگەر ناكات، واتە وێنەیەكی پێچەوانەی ناوەرۆكی كتێبەكە نیشان دەدات. خوێندنەوەی كتێبی ئەو نووسەرانەی بەزمانێكی جوان و پاراو دەنووسن، توانای زمانەوانی مرۆڤ باشتر دەكات و هاوكاری دەكات باشتر لەخۆی تێبگات و جوانتر و كاریگەرتر قسە بكات.
جاحز، ئەدیبی ناسراوی سەردەمی عەبباسی، پێش هەمووان باسی كاریگەری خوێندنەوە و ڕەوانبێژی زمانی لەسەر كەسایەتیی خوێنەر كردووە: "كتێب بەردەوامی بە خۆشییەكانی ژیان دەدات، هەر كتێبێك سرووشتیی كەسێتی و زمان پاراوی و بوونی ڕاستەقینەت نەخشان دەكات و وتەكانت پڕ شكۆ و پڕ بایەختر بە گوێی بەردەنگت دەڵێیت.
خەڵك باشتر قسە دەكەن لەوەی لەبەری دەكەن، باشتر لەبەری دەكەن لەوەی دەینووسن، باشتر دەنووسن لەوەی گوێ دەگرن. سەیر نییە زاناكان دەڵێن: دوو جۆر مرۆڤ هەیە، ئەوانەی كتێب دەخوێننەوە، ئەوانەی گوێ لەوانە دەگرن كە كتێب دەخوێننەوە.
بەهەرحاڵ ڕۆشنبیریی مرۆڤ لەسەر بڕی ئەوەی دەخوێنرێتەوە ناوەستێت، بەڵكو لەسەر ئەو كتێبە باشانەی تێیان گەیشتووە و لە ژیانیدا سوودی لێوەرگرتوون، دەوەستێتەوە. هەر كاتێ مرۆڤ زیاتری خوێندنەوە، جیاوازتر لەكەسانی دیكە دەردەكەوێت.