تاریخ: ۱۴۰۲/۲/۱۰
کەس بەبێ کورد ناتوانێت هەنگاو بنێت
بە پێی هەواڵیی هاژە، لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی سێزدەهەمین سەرۆککۆمار و بیست‌وهەشتەمین خولی پەرلەمانی تورکیا، ئەحمەد تورک سیاسەتڤانی کورد لە مێردینی باکووری کوردستان ڕایگەیاند: "هیچ ئیرادەیەکی سیاسیی و هیچ کەس بێ کورد، ناتوانێت هەنگاوێک بنێت". 
 
ئەحمەد تورک، لە شارۆچکەی ئارتوکڵوی مێردین لە ڕێوڕەسمی ناساندنی بەربژێرانی پارتی چەپی سەوز "یەسەپە" گوتارێکی پێشکێش کرد و دڵنیایی بە لایەنگرانی یەسەپە دا بەوەی ڕێکەوتی ١۴ی مەی "سەرکەوتنێکی گەورە" بەدەستدەهێنن و ڕۆژی دواتر جێژنێکی گەورە ڕێک دەخەن. نوێنەرانیان دەنێرنە پەرلەمان و لە هەموو جارێک زیاتر ئەمجارە فراکسیۆنێکی بەهێز پێک دەهێنن. 
 
ئەحمەد تورک، ئاماژەی بە پێگەی کورد لە هەڵبژاردن دا و گوتی: "لەم وڵاتەدا، هیچ ئیرادەیەکی سیاسی و هیچ کەسێک بێ کورد ناتوانێت تەنانەت هەنگاوێک بنێت. هەر لایەنێکی سیاسی، ئیرادەی گەلی کورد پشتگوێ بخات، دەدۆڕێت. لە چەندین هەڵبژاردندا ئەمە سەلمێندراوە، کە بەبێ کورد مەحاڵە سەرکەوتن تۆمار بکرێت".
 
تورک، گوتیشی ئەمڕۆ زیاتر لە ۲ هەزار سیاسەتڤانی کورد لە زیندان دان. "لەپێناو ئازادکردنی سیاسەتڤان و سەرجەم هاونیشتمانەکانمان لە زیندان، پێویستە لەژێر چەتری یەسەپە و هاوپەیمانی ڕەنج و ئازادیی کۆببنەوە و دەنگەکانیان یەک بخەن". 
 
شایانی ئاماژەیە پارتە کوردییەکان لەو هەڵبژاردنە دابەش بوون، هەدەپە کە لەژێر ناوی یەپەسە بەشداری لە هەڵبژاردندا دەکات و بەربژێری بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار نییە و پشتگیری لە کەماڵ کڵچدارئۆغلو، بەربژێری هاوپەیمانی میللەت دەکات، هەرچی هوداپارە، کە پێگەیەکی لاوازی بەراورد بە هەدەپە هەیە، پشتگیری لە ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی کۆمار دەکات.
 
بە گوێرەی ڕۆژمێری هەڵبژاردن، ١۴ی مەی ٢٠٢٣ی زایینی / ٢۴ی بانەمەڕ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرلەمانی تورکیا دەکرێت. ٣۶ پارتی سیاسی مافی بەشداری کردنیان لەم هەڵبژاردنانەدا هەیە. ٢۴ پارتی سیاسیی لیستی بەربژێریان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان هەیە و ١٢ پارتەکەی دیکەش بەناوی هاوپەیمانییەوە دەچنە نێو هەڵبژاردنەکانەوە.
 
هەر لەم هەڵبژاردنەدا ۶۴ میلیۆن و ١١٣ هەزار و ٩٤١ کەس مافی دەنگدانیان هەیە. ۶٠ میلیۆن و ۶٩٧ هەزار و ٨۴٣ دەنگدەر لەناوخۆ و ٣ میلیۆن و ۴١۶ هەزار و ٩٨ دەنگدەریش لە دەرەوەی وڵاتی تورکیا خۆیان بۆ دەنگدان ئامادە دەکەن.