کۆمپانیایەکی چینی کردنەوەی گەورەترین پڕۆژەی بەرهەمهێنانی کارەبا لەرێگەی وزەی باوە لە وڵاتەکەیدا رادەگەیەنێت.
کۆمپانیای هایژوانگـی چینی دەڵێت، پڕۆژەکە لەسەر ڕووبەری 53 هەزار مەتر دووجا بونیاد نراوە و زیاتر لە 14 ملیۆن دۆلاری تێدا خەرج کراوە، پڕۆژەکە دەتوانێت 74 هەزار مێگاوات کارەبا لە ساڵێکدا بەرهەم بهێنێت.
کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەش کردووە، لەرێگەی ئەو پڕۆژەیەوە ساڵانە 61 هەزار تۆن دوانە ئۆکسیدی کاربۆن کەمتر تێکەڵ بە ژینگە دەبێت، ئەوەش دەبێتە سەرەتایەکی گرنگ لە فراوانبوونی پیشەسازی بەرهەمهێنانی کارەبا لەرێگەی وزەی بای دەریاوە.
کۆمپانیای هایژوانگ ئەوەشی خستوەتەڕوو، پڕۆژەکە لە هەرێمی شاندۆنگ کراوەتەوە و بەشێکە لە هەوڵەکانی چین بۆ کەمکردنەوەی گۆڕانی ژینگە، کە وڵاتەکەیان تۆمەتبار دەکرێت بە یەکێک لە سەرەکیترین وڵاتانی بەرپرس لە پیس بوونی ژینگە بەهۆی چالاکییە پیشەسازییەکانییەوە.