تاریخ: ۱۴۰۲/۱/۲۸
یادی مامۆستا هێمن لە مەهاباد بەرز ڕاگیرا


ئەمڕۆ دووشەممە، ڕێکەوتی ٢٨ی خاکەلێوە، بە بەشداریی تاقمێک لە هونەرمەندان و خەڵکی ئەدیب‌دۆستی مەهاباد، ٣٧ـەمین ساڵڕۆژی کۆچی دوایی مامۆستا هێمن بەرز ڕاگیرا.
لەم ڕێوڕەسمەدا هەژێن کوردستانی، محەممەد فەهیمی و قارەمان ڕۆستەمی بە گوتنەوەی شێعر و پارچە هۆنراوە، یادی مامۆستا هێمنیان کردەوە.
سەید محەممەد ئەمین شێخەلئیسلامی موکری، ناسراو بە هێمن موکریانی ساڵی ١٣٠٠ لە ئاوایی لاچینی نیزیک مەهاباد لەدایک بوو و بەبۆنەی شێعرە نەتەوەیی و دڵدارییەکانی خاوەن‌ڕێچکە و پێگەیەکی تایبەتە لەنێو ئەدبیات و وێژەی کوردستان. ناوبراو دوای تەمەنێک خزمەت لە بواری شێعر و نووسەریی و وەرگێڕان و چالاکوانیی ڕۆژنامەوانی، ڕۆژی ٢٨ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣۶۵ی کۆچیی هەتاوی لە شاری ورمێ کۆچی دوایی کرد و تەرمەکەی لە گڵکۆی گەورەپیاوانی مەهاباد ئەسپاردەی خاک کرا.