تاریخ: ۱۴۰۲/۱/۱۷
ئەفسانەی شاماران لە کوردستان
سۆران حەمە ڕەش
ئەفسانەی شاماران کە لە باکوری کوردستان  به باشی ناسراوە. لە ناو خەڵکدا وا باوە کە شاماران خواوەندی زانین و پارێزەری نهێنیەکانە.  بەسەرهاتی شاماران بە گشتی لە باکوری کوردستاندا بڵاوە و خەڵک زۆر پێی ئاشنایە. بەجۆرێک کە لە هەندێک ناوچەدا وێنەکەی لە ژووری نوستنی کچی لاو و ژناندا هەڵدەواسرێت. شاماران بە تایبەت لە ناوچەی ماردین زۆر ناسراوە و لە زۆر شوێنی شارەکە وێنەی شاماران دەبینرێت و خەریکە دەبێتە سیمبوڵی ئەو ناوچەیە.  مێژووی شاماران نازانرێت، بەڵام بە دڵنیایی ئەم خواوەندە پێ دەچێت کە پێش هاتنی ئاینەکانی کریستیان و جودایی و ئیسلام  لە ناو خەڵکدا ناسراوبووبێت و پاشماوەی سەردەمانێکە کە کورد بڕوای بە چەندین خواوەندی جیاواز و فریشتە هەبووە. لە ڕابردوودا کورد وەک زۆر لە فەرهەنگە دێریەنکانی تر، پێی وا بووە کە هەر یەک لەو خواوەندانە دەسەڵاتیان بەسەر شتێک یان چەند شتێکی پەیوەست بە ژیانی مرۆڤ و ژینگەکەیەوە هەبووە.  وەک لە وێنەکەدا دەبینرێت شاماران سەرەکەی سەری ئافرەتێکی جوانە و قاچەکانی و کلکی مارن.
 
 
 
ناوی شاماران:  پێکهاتەی ناوی شاماران کوردیە و لە هەمان کاتدا بنەچەیەکی دێرینی هەیە. ناوە لێکدراوەکە پێکهاتووە لە (شا+مار+ان). وشەی (شا) کە ئەمڕۆ بە هەڵە بە فارسی دادەنرێت، یەکەمجار وشەکە لای هیتیەکانی نیشتەجێی باکوری کوردستان بە شێوەی (هاشو) تۆمار کراوە و واتە وشەکە لە پێش بوونی فارس وەک خەڵکێک لە تۆماری مێژوودا، لەسەر خاکی کوردستاندا بەکارهاتووە. بەکارهێنانی وشەکەش لە کوردیدا بە شێوەیەکی سەرنج ڕاکێش بەدیدەکرێت. وەک شاگوڵ، شاباز، شاجوان، شاکار، شاژن، شاکێو، شادەمار، شاسوار... وشەی (مار) بنەچەکەی سۆمەریە و لەو زمانەدا بە شێوەی (مر) تۆمارکراوە. واتە بە بەڵگەوە نزیکی چوار هەزار ساڵ لەمەوبەر لە کوردستاندا (هاشومر) هەر مانای (شامار) ی داوە. 
بەسەرهاتەکەی  دەڵێت "ڕۆژێ لە ڕۆژان کوڕێک دەبێت کە ناوی تامەسپ دەبێت. ئەو کوڕە قۆز و باڵابەرز دەبێت و کوڕی خێزانێکی هەژار دەبێت و کاری داربڕینەوە دەکات. ڕۆژێکیان کاتێک بۆ داربڕینەوە دەڕواتە دارستان، لەوێ لەپڕ دەکەوێتە ناو بیرێکەوە و لەوێدا عاسی دەبێت وناتوانێت بێتە دەرەوە. کاتێک کە تامەسپ لە هاتنە دەرەوە بێ هیوا دەبێت، کونێک لە دیواری بیرەکەدا دەدۆزێتەوە و بە چەقۆکەی کونەکە گەورە دەکات و لەو کونەوە دەچێتە ئەشکەوتێکی گەورەوە. لەوێدا بە نائومێدی دەمێنێتەوە هەتاوەکو خەوێ لیدەکەوێت.
کاتێک کە بە ئاگا دێت، هەزاران مار لە دەوری دەبینێت. مارەکان چاوی تێدەبڕن و کاتێک کە دەبینن تامەسپ دەبزوێت، هەموویان دەکەونە جولە بەرەو ڕووی. تامەسپ دەزانێت کە ئەو هەموو مارە هەر دەیکوژن و ناتوانێت لێیان دەرباز ببێت، بۆیە چاوەکانی دادەخات و دەستدەکات بە پاڕانەوە لە خوا. ماوەیەک چاوەڕوانی دەکات، لە کۆتاییدا ورە دەداتە خۆی و چاوی دەکاتەوە. کە چاوی دەکاتەوە، دەبینێت ئافرەتێکی زۆر جوان کە نیوەی مارە و نیوەی مرۆڤە، بەرامبەری ڕاوەستاوە. زۆر لەوە سەری سووڕ دەمێنێت و هیچ قسەی بۆ ناکرێت. ئافرەتەکە بە تامەسپ دەڵێت "مەترسە، ئازارت نادەم، من شامارانم،  شاژنی مارەکان؛ ئێستاکە تۆ میوانی منیت و  کاتی ئەوە هاتووە تۆ بحەسێیتەوە؛ سبەی قسە دەکەین" و بەو جۆرە بەجێی دەهێڵێت. تامەسپ وا هەست دەکات کە خەو ببینێت، بۆیە چاوی دادەخات و دەنوێت.
بەیانیەکەی، کاتێک کە تامەسپ لەخەو هەڵدەستێت دەبینێت کە شاماران دانیشتووە و لەبەردەمیدا نانی بەیانی ڕازێنراوەتەوە. ئەمجا شاماران بانگی دەکات بۆ سەر خوانەکە. تامەسپ زۆر لە دیمەنی شاماران سەری دەسوڕمێت و حەزی لێدەکات. بە درێژایی ماوەکە تامەسپ چاوی لەسەر شاماران ناجوڵێنێت. بەو جۆرە نانی بەیانی بەیەکەوە دەخۆن.  شاماران زۆر زانا و شارەزای نهێنیەکانی دنیادەبێت و بەسەرهاتی جیاوازی لادەبێت، بۆیە چیرۆکی دروستبوونی مرۆڤ بۆ تامەسپ باس دەکات و دوای ئەوە، هەر جارە و بەسەرهاتێکی بۆ دەگێڕێتەوە. تامەسپیش حەز لە چیرۆکەکان دەکات و بە تامەزرۆییەوە گوێیان بۆ ڕادێرێت. ڕۆژان دێ و دەڕوا و  ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر حەز لەیەکتری دەکەن.
دوای ماوەیەکی زۆر، تامەسپ تاقەتی دەچێت بۆ کەسوکاری و دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ناو خەڵکەکەی. شاماران حەز ناکات کە ڕێی بدات بڕوات. بەڵام لە هەمان کاتدا، شاماران پێی ناخۆش دەبێت کە ئەو بە دڵتەنگی ببینێت و بڕیار دەدات کە ڕێ بە تامەسپ بدات کە بڕوات. شاماران دەڵێت "من ڕێت پێدەدەم کە بڕۆیت بەڵام دەبێت گفتم پی بدەیت نهێنی ئەم شوێنەی من بە کەس نەڵێیت" ئەمجا ئامۆژگاری دەکات کە لەبەردەم خەڵکی تردا خۆی نەشوات، دەنا بە بەرکەوتنی ئاو پێستەکەی وەک کاژی ماری لیدێت و خەڵک بە نهێنیەکەی دەزانن. تامەسپ دەگەڕێتەوە بۆ ناو خەڵکەکەی خۆی و بۆ چەندین ساڵ ئەو نهێنیە لە خەڵک دەشارێتەوە. ڕۆژێک  پاتشای وڵات تووشی نەخۆشیەکی کوشندە دەبێت. وەزیر کە کەسێکی پیاوخراپە، دەڵێت تەنها چارەسەر خواردنی گۆشتی شامارانە. بۆیە  وەزیر فەرمان دەدات بە هەموان کە بچنە ناو حەوزێ ئاوەوە بۆ ئەوەی بزانرێت کێ شوێنی شاماران دەزانێت. وەزیر لەم هەوڵەی مەبەستی لەوە نیە خزمەتی پاتشا بکات، بەڵکو بەهۆی خواردنی شامارانەوە دەخوازێت هەموو نهێنی و زانینی جیهانی دەستبکەوێت. 
سەرەتا تامەسپ نایەوێت کە بچێتە ناو حەوزەکەوە بۆ ئەوەی کە بتوانێت نهێنیەکەی شاماران بپارێزێت. بەڵام چارەی نامێنێت و سەربازەکان هەڵیدەدەنە ناو ئاوەکە و پێستی تامەسپ دەبێت بە کاژی مار و دەستبەجێ نهێنیەکەی ئاشکرا دەبێت. دوای ئەوە، سەربازەکان گورج دەستگیری دەکەن و دەیخەنە ژێر ئەشکەنجەوە بۆ ئەوەی کە شوێنی شامارانیان بۆ ئاشکرا بکات. هەرچەندە تامەسپ دەیەوێت کە نهێنیەکانیان پێ نەڵێت، بەڵام لە کۆتاییدا ناچاردەکرێت کە شوێنەکە ئاشکرا بکات.
ئەمجا سەربازەکان دەچن بۆ ناو بیرەکە و شاماران لەوێ دەگرن. کاتێک کە تامەسپ شاماران دەبینێت، هەست بە شەرمەزاریەکی زۆر دەکات، بەڵام شاماران پێی دەڵێت کە لۆمەی خۆی نەکات و هەڵەی ئەو نەبووە. شاماران پیلانێک دادەنێت بۆ ئەوەی کە نهێنی  وزاناییەکەی بدات بە تامەسپی خۆشەویستی. بۆیە شاماران لە کۆشکی پاشادا ڕایدەگەیەنێت "هەرکەس کلکم بخوات ئەوا هەموو نهێنی و زاناییەک وەردەگرێت و ئەوەی کە لەشم بخوات چاکدەبێتەوە و ئەوەی سەرم بخوات دەستبەجێ دەمرێت"
ئەمجا دوای ئەوەی کە وەزیر ئەوەی گوێ لیدەبێت، شاماران دەکاتە سێ بەشەوە و فەرمان دەدات کە ئەو سێ بەشە بکوڵێنرێت. کاتێک کە گۆشتەکە دەکوڵێت، وەزیرە پیاوخراپەکە لە کلکی دەخوات، تامەسپیش کە خۆی بە تاوانبار دەزانێت بەرامبەر بەشاماران و دەیەوێت بمرێت، لە سەرەکەی دەخوات و پاتشاش بۆ چاکبوونەوە لە لەشەکەی دەخوات. پیلانەکەی شاماران کار دەکات و دەستبەجێ وەزیرە پیاوخراپەکە دەمرێت، پاتشا چاکدەبێتەوە و تامەسپ هەموو زانایی و نهێنیەکانی شاماران وەردەگرێت و دەبێتە لوقمانی حەکیم؛ ئەو حەکیمەی کە گیا و درەختەکان گۆرانی بۆ دەڵێن و نهێنیە پزیشکیەکانی خۆیانی بۆ دەخەنە ڕوو. لە هەمان کاتدا دوای مردنی شاماران، ڕۆحەکەی دەگوێزرێتەوە بۆ کچەکەی".
چیرۆکەکە لێرەدا تەواو دەبێت؛ بەڵام بە دڵنیایی ئەم خواوەندە لە ڕابردووی دێریندا زۆر زیاتری سەبارەت گوتراوە، بەداخەوە ئەمڕۆ هەر هێندەی لە ناو خەڵکدا لە یاد ماوە و بە تۆزێک جیاوازی کەمەوە دەگێردرێتەوە.  بە دڵنیایی مار شوێنێکی گرنگی لە ناو میسۆلۆجی کوردیدا هەبووە و لە هەندێک شوێنی تردا ئەو گرنگیە دەردەکەوێت. ئەگەر سەرنج بدرێت ئەمڕۆ لەسەر دیواری دەروازەی لالشی پیرۆزی ئێزدیەکان، مارێک بە ڕوونی دەردەکەوێت. 
هەتاوەکو ئەمڕۆ لێکۆڵینەوەیەکی زانستی باش لەسەر شاماران نیە، ئەوەی کە هەیە زیاتر ئەو چیرۆکەیە کە دەماودەم لە ناو خەڵکدا ماوە. سەرەڕای ئەوە، وەک زۆر بەشی تری فۆلکلۆری کوردی دەوڵەمەند، تورکەکان زۆرجار خۆیان دەکەنە خاوەنی شاماران و هەندێک لە فارسەکانیش بە هەمان شێوە، بەڵام خۆشبەختانە ناوەکەی هێندە بە ڕوونی کوردیە و لە ناوجەرگەی کوردستاندا ناسراوە، بۆیە نە فارس و نە تورک ناتوانن لەوەدا سەرکەوتوو بن.  
تێبینی:
- ناوی کوڕەکە، تامەسپ لە هەندێک شوێندا بە شێوەی Tahmasp نووسراوە. بە پێی ئاشناییم بە ناوە دێرینەکان وا دەردەکەوێت کە ناوەکە لە دوو بەشی (تام+ئەسپ) دروست بووبێت. وشەی (ئەسپ) ڕوونە و لە سەردەمی میدەکانەوە بەهۆی گرنگی گیانداری ئەسپ، زۆر ناوی لەو جۆرە بەدی دەکرێت کە بەشێک لە پێکهاتەکەیان ئەسپ بووە.  بەڵام وشەی (تام) لە زمانە خزمە جێرمانیکەکاندا دەردەکەوێت، بۆ نموونە لە ئینگلزیدا بە شێوەی tame دەردەکەوێت کە وەک کردار مانای (ماڵیکردن، دەستەمۆکرد) دەدات و لە کوردی نوێدا بە شێوەی (تەمێ/کردن) دەردەکەوێت. بۆیە پێدەچێت کە ناوی (تامەسپ)، لە ڕابردوودا مانای (ئەسپی ڕاهێنراو/دەستەمۆکراو) ی دابێت.  
- وەک باسکرا هەتاوەکو ئەمڕۆ لێکۆڵینەوەی زانستی بە زمانی کوردی یان ئینگلیزی (ئاگاداری تورکی نیم) سەبارە بە شاماران لە ئارادا نیە، بۆیە خوێنەری بەڕێز ئەگەر لە ناوچەکەتدا چیرۆکی شاماران بە شێوەیەکی جیاواز دەگێردرێتەوە یان زانیاریەکی نوێت سەبارەت شاماران لەلا هەیە، تکایە بە سوپاسەوە لە بەشی کۆمێنتدا بینووسە با کەس لێی بێبەش نەبێت
جاران وێنەی شاماران لەسەر دۆڵاب و کەوەنتەرو سینی و چەندین شتی تر وێنا دەکرا ...