تاریخ: ۱۳۹۵/۱۱/۱۵
جێژنی کۆنی کورده‌واری "بێڵندانا" له مه‌هاباد به‌ڕێوه‌ چوو+ وێنه‌

هاژه ـ جێژنی "بیڵندانا"، ڕێ‌وڕەسمێکی تایبەتی گەلی کورده کە مێژووەکەی بۆ 3000 ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە.ئەو جێژنە ئێوارەی 15ی ڕێبەندان واتە ئاخری (چلەی گەورە) بەڕێوەدەچێت.

ڕەوتی ڕێ‌وڕەسمەکە بۆ پەیوەندی مرۆڤ لەگەڵ خودای گەورە دەگەڕێتەوە کە لەوێدا ئەو داوای ئەوین، شادمانی، خێر و بەرەکەت لە میری مەزن دەکات.

وشەی "بێڵن دانا" بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کاتێک لە نیوەی زستاندا سەرما و سەخڵەت دەشکێ و زەوی بەرەو گه‌رم بوون دەڕوا و تازە بەفر بە عەرزەوە گیر نابێ، بۆیە (بێڵ) و (وەروەرە)ی بەفر ماڵین هەڵدەگیرێنەوە و تا ساڵێکی دیکە تاقەت دەکرێن.

هەروەها ئەو جێژنە لە شوێنەکانی دیکەی کوردستان بە نێوەکانی وەکوو "وەهاری کورد"، "سۆرانەی سەتەی مەڕی"، "سەتانە سەتانە/ سوورە سەتەی کورد" بەڕێوەدەچێ.

شەوی 14ی ڕێبەندان خەڵکی ئاوایی لە مزگەوت یا لە ماڵی پیری ژیر "کاکانکۆ" بۆ چونیەتی بەڕێوەبردنی جێژنەکە کۆدەبنەوە کە لەوێدا دابین کردنی کەرسە بۆ ماڵە دەست کورتەکان، سەردانی ئەو بنەماڵانەی کە نەخۆشیان هەیە و خێزانانەی کە نێوانیان نیە بۆ ئاش کردنەوەیان لە سونەتی ئەو جێژنە دێنە ئەژمار و هەروەها قسه‌ی خۆش و کردنی کایەکانی کۆنی کوردەواری لەو شەوەدا جێگایەکی تایبەتی بۆ خۆی تەرخان کردووە.

ئه‌م ڕێ‌وڕه‌سمه چه‌ند ساڵێکه به هیمه‌تی به‌ڕیز "موحسین ئه‌ڵڵاوه‌یسی" چالاکوانی بواری فۆلکلۆر له شاری مه‌هاباد به‌ڕێوه‌ ده‌چێت. 

وێنه‌گرانی هاژه: حسێن خاڵه‌ندی/ پۆڵا ئاغاز