تاریخ: ۱۴۰۱/۱۱/۲۵
بەراورد و هەڵسەنگاندنی"فەرهەنگی ڕیشەی وشەی کوردیی"، نووسراوی عەلی نانەوازادە
دوکتۆر محەممەد فروهەندە

پێشەکی

   زانستی ڕیشەناسیی وشە(etymology) زانستێکە کە باسی سەرچاوە، مانا و مێژووی وشەکان دەکا. ئەو زانستە، لقێکی زمان‌ناسی (linguistics) ە کە زۆرتر دەپڕژێتە سەر بەشی مێژوویی و بەراوردیی زمان (historical and comparative linguistics) و لە کاتی پێویستیشدا ئاوڕێک دەداتەوە سەر بەشی بەر لە مێژوو (prehistorical linguistics).
    بە هۆی دژواری و گوماناوی بوونی گۆڕەپانی زانستی ڕیشە‌ناسی، کەم کەس خۆی لە قەرەی ئەو زانستە دەدا. جاروبار هەڵدەکەوێ یا هەڵکەوتووە کە کەسانێک بێ‌ئەوەیکە خوێندەواریی ئاکادێمیکی زانستی زمان‌ناسی و ڕیشە‌ناسیی وشەیان هەبێ، یا ئۆگری و خۆشەویستیی ئەو زانستە ئەوانی نوقمی زەریای بێ‌بنی ئەو زانستە کردبێ، ئەسپی نەزانیی خۆیان دەو گۆڕەپانەدا تاو داوە بەڵام هەڵەنگوتوون و سەرسمیان داوە و دە قوڕی ئەو گۆڕەپانە چەقیون و بە سەر پەڵەی هەڵەدا کەوتوون و وەکوو کوێر دە کوێرەڕێیەکانی بیابان و بێرونییەکانی ئەو دەشتە بێ‌بنەدا ون و تووشی کوێرەوەری و لاڕێیی بوونە. ئەوانە هەر ئەو کەسانەن کە بە دەمارگرژی و بە پێیەکانی هەست و سۆزەوە یا خولیای نێودەرکردن بە پەلە خزیونە نێو ئەو مەیدانە تەماوییە و بە سەر ریشەناسیی عەوامانە (false / popular etymology) دا کەوتوون. لە بەرامبەر ئەو تاقمەدا، تاقمێکیتر هەن کە بە چەکی زانست خۆیان تەییار کردووە و بە ئاگادارییەوە پێیان ناوەتە ئەو مەیدانە و سەرکەوتووانە کەوتوونەتە بەر دڵی شارەزایانی ئەو بەستێنە. ژمارەی ئەوانە دە هەر زمانێکدا زۆر کەمن و ناگاتە ڕادەی قامکەکانی دەست یان لەوان تێناپەڕێ. ئەوانە کەسانێکن کە بێجگە لە زمانی مەبەست، چەند زمانی پێوەندیدار بە زمانی مەبەست دەزانن یان لانی‌کەم دەگەڵ چەند زمانی هاوڕیشە و هاوڕەگەزی زمانی مەبەست ئاشنایەتییان هەیە یان بە جوانی دەیانزانن. هەڵبەت جودا لەوانەش، زانین یا ئاشنایەتی دەگەڵ سەرچاوەکانی کۆنی زمانی مەبەست، لە ڕادەبەدەر پێویستە و دەبێ زانیاری لە سەر مێژووی وشەی زمانی مەبەست هەبێت و بێ ئەوە، کارەکە کەم‌وکوڕی دەبێت و نێزەی مەبەست وە بەردی ناکامی دەوێ. ڕیشەناسی لێزان و لێهاتوو دەبێ دەگەڵ ڕەوتی گۆڕانی دەنگ و پیتەکانی (process of phonemic change) زمانی مەبەست و تەنانەت زمانە هاوڕیشەکانیش ئاشنایەتی هەبێت و بزانێ کە ئەگەر فڵان پیت یان دەنگ دە مێژووی زمانی خۆیدا گۆراوە؛ چۆن گۆڕاوە و چی بە سەر هاتووە و بۆتە چی و دە زمانە هاوڕیشەکانی خۆیدا چۆنە و ئەگەر گۆڕدراوە بۆتە چی. بۆ وێنە پیتی "هـ" دە فارسی ئەوڕۆکەدا، پێشتر دە زۆر وشەدا "س" بووە. وەک نمونە وشەی "آگاه" ی فارسی ئێستاکە، دە فارسی کۆندا کە مەبەستم پەهلەوی و فارسی باستانە، "آکاس" (ākās) بووە یا "آهَن" دە فارسی ئەوڕۆکەدا پێشتر جگە لە "آهَن"، پێشتر "āsan" و "āsēn" یشیان پێکوتووە. ئەو پیتە بە پێچەوانەی فارسی، دە کوردی و زۆر زمانی هاوڕیشەی کوردی و فارسیدا نەگۆڕاوە و هەر پیتی "س" یە و بەو دەنگە گۆ دەکرێ. بۆ یەقین و زانیاری زۆرتر بڕواننە وشەی "دە"(ژمارە ۱۰ ی فارسی) کە دەو زمانانەی خوارەوەدا هەر بەشێوەی "س" یا دەنگێکیتری نزیک لەو ماوەتەوە: فارسی باستان: daθa   سانسکریت: dáśa   لاتینی: decem (دێسامبر: مانگی ۱۰ی زایینی)    روسی:désyatĭ   لیتوانی: dešimtīs   ئەوێستایی: dasā   پارتی: das  سوغدی: ds/ θs   خارەزمی: θŷs   ئاسی: dæs   پەراچی: dös   ئورمەوی: das   یەدغە: los    وەخی:θas   شوغنی: θīs  سریلیکی:θīs   یەزغولامی:θůs   یەغنایی:das (فرهنگ ریشه شناختی زبان فارسی: ۱۳۸۰). وشەیەکیتری کوردی کە دەودا پیتی"س" وەکوو زەمانی ڕابردووی دوور ماوەتەوە و نەگۆڕاوە بەڵام دە فارسیدا گۆڕاوە، وشەی ماسییە کە دە فارسیدا دەبێتە"ماهی". ئەو وشە دە ئەوێستاییدا "masya" بووە. بەو چەشنە دەردەکەوێ کە دەنگ و پیتەکانی زمانە باستانییەکان دە لقەکانی داهاتویاندا جۆرێک دەگۆڕێن کە تەنانەت شوێنی گۆکردن و بەدیهاتن"point of articulation" ی هاوبەشیشیان نییە. ئاگادار بوونی ڕیشە‌ناس لەو ڕاستییە و زاڵ بوون بە سەر ئەو گۆڕانانەدا لە ڕادە بەدەر یارمەتی ئەو دەدا.
    دوای ئەو باسانە پێویستە بڵێم کە ڕیشە‌ناسەکان سەرەڕای ئەو زانیاری و زاڵ بوون بە سەر ئەو زانستانەدا، داوای ئەوەیان نییە کە ڕیشەی گشت وشەکان دەزانن. ئەوان ڕیشەی ژمارەیەکی کەم لە وشەکانیان لێکداوەتەوە و باسیان کردوون و دەو ژمارە کەمەشدا، هێندێکیان بە شک و گومانەوە باس کردووە یا باسی دەکەن. کەوایە دە تەواوی دونیادا کەسێکی وەها نییە و هەڵناکەوێ کە بە تەواوی و بێ‌گومانی ڕیشەی گشت وشەکانی زمانی خۆی یا زمانی مەبەست بزانێ چوونکە ڕیشەی گشت وشەکانی زمان بە تەواوی

ڕوون نییە و گومانیان تێدایە و جگە لەوەش هیچ زمانێک دە دونیادا نییە کە وشەی بیانی لە زمانە هاوڕیشە و ناهاوڕیشەکانەوە ڕەگەڵ نەکەوتبێ. بە کورتی بڵێم کە: کەسێک ڕیشەی گشت وشەکانی زمان دەزانێ کە تەواوی زمانەکانی دوونیا بە تازە و کۆن و زیندوو و مردوەوە بزانێ و بوونی ئەو کەسەش مەحاڵە.کەوایە هیچ ڕیشەناس و هیچ بەرهەمێکی ڕیشە‌ناسی بوونی نییە کە بێ‌کەم‌وکوڕی بێت. بۆ ڕیشە‌ناسی هەر زمانەش بە پێی بارودۆخ و شوێنی هەڵکەوتنی زمانەکە و زمانە هاوڕیشەکانی، ئاگاداری و زاڵ‌بوون لە سەر زمان و زانست‌گەلێکی تایبەت پێویستە. بۆ وێنە دە زمانی کوردیدا کە یەکێک لە لقەکانی زمانە هیندوئێرانییەکانە و دەگەڵ تەواوی زمانەکانی هیندی و ئێرانی و ئوروپایی خزمایەتی هەیە و دەگەڵ زمانەکانی تورکی و عەڕەبی جیرانە و بە تەواوی تێکبەزیون و تێکەڵاوییان هەیە و هەروەها بە هۆی نزیکی و تێکەڵاوی لە ڕادە بە دەری دەگەڵ فارسی، ڕیشەناسی باشی کوردی دەبێ فارسییەکی لە ڕادەبەدەر باش بزانێ و لانی‌کەم دەگەڵ عەڕەبی و تورکی و یەک یا چەند زمانی ئوروپاییش ئاشنایەتی زۆری هەبێ. ئەوەشمان لەبیر نەچێ کە کاری ڕیشە‌ناسیی کوردی بێ‌زانین یا ئاشنایەتی دەگەڵ زمانە کۆن و باستانییەکانی: پەهلەوی، فارسی باستان، ئەوێستایی، سانسکریت و... وەکوو بێچووی بەرهاویشتراو وایە و تەنیا ئابڕوی خاوەنەکەی دەبا.
   بە گشتی زانستی ڕیشە‌ناسی وشە بە شێوازی جیددی و زانستی وەکوو باسێکی سەربەخۆ کە کتێبی لە سەر نووسرابێ، دە دونیادا زانستێکی ساوایە و تازە دەستی پێکراوە. دە زمانی فارسیدا دە ماوەی چەند سەت ساڵ لەوە پێش بە شێوازی پرش‌وبڵاو - نەک بە ڕێک‌وپێکی و وەکوو کتێبی سەربەخۆ- جاروبار هۆنەران و کەسانیتر بێ‌بنەمای زانستی، بیروبۆچوونی خۆیان دەبارەی هێندێک وشەدا دەربڕیوە و جاریواش هەبووە کە هۆنەر بۆ کایە بە وشە و ئافراندنی جوانیی وێژەیی و وێنەی هونەری، بۆچوونی خۆی دەبارەی ڕیشە و مانای وشەکاندا دەربڕیوە. بۆ وێنە دە کتێبی "ترجمه و قصه‌های قرآن، ص۷٦٦" دەبارەی مانای "داوود"دا هاتووە: "دەزانی بۆ بە بابتیان دەگوت داوود؟ کوتی: بڵێ بۆم. کوتی: مانای داوود ئەوەیە کە:"داوِ دائَکَ"، واتا: دەردی خۆت دەرمان بکە.
 
    لە ئێران فەرهەنگ نووسەکانی ئەو سەردەمەش دە فەرهەنگە باش و ڕێک‌وپێکەکانیاندا لە زۆر شوێن ئاماژەیان بە ڕەگەزی وشەکان کردووە و کوتویانە کە لە چ زمانێکەوە هاتوونەتە نێو ئەو زمانە بەڵام کەمتر لە ڕیشەی وشەکان دواون. تا ئەو دواییانە دە زمانی فارسیدا کتێبێکی سەربەخۆ دەبارەی ڕیشە‌ناسیدا نەنووسرابوو. دوکتۆر محەممەد موعین دە پەراوێزێکیدا کە بۆ فەرهەنگی "برهان قاطع"ی نووسیوە، ئاماژەی بە ڕشەی هێندێک لە وشەکان کردووە. جاریواش هەبووە کە کەسانێک بە نیوەچڵی باسی وشە‌گەلێکیان کردووە کە پێوەندییان بە بەستێنێکی تایبەتەوە هەیە. جاریواشە وتارێک دەبارەی ڕیشەی وشەیەکدا نووسراوە. دوکتۆر "جەواد برومەند سەعید" وتارەکانی خۆی دەبارەی هێندێک ڕیشەدا کۆ کرۆتەوە و وەکوو کتێب لە چاپیداوە. دەو دواییانەدا فەرهەنگێکی قەبەی پێنج بەرگی بە شێوازی جیددی و زانستی وەکوو کارێکی سەربەخۆ  لە سەر ڕیشە‌ناسیی فارسی لە لایەن دوکتۆر محەممەد حەسەن‌دوست نووسراوە کە چوار بەرگی باسی ڕیشەی وشەکانە و بەرگێکیشی پێڕستە و شوێن و ئادرەسی وشە و ڕیشەکانی ئەو چوار بەرگەیە کە لە سەریەک ۲۹٥٥ لاپەڕە و ٥٥۱٤ وشەیە.
   دە زمانی کوردیشدا ئەوەندەی ئەمن ئاگاداریم هەیە، تا چەند ساڵ لەمەوبەر، جگە لە مامۆستا جەماڵ نەبەز، کەسیتر کتێبێکی گرنگ و بەرچاوی لە سەر ڕیشە‌ناسی کوردی نەنووسبوو. کتێبەکەی مامۆستا جەماڵ نەبەز کتێبێکی مامناوەندییە و ۳۷۱ لاپەڕەیە کە ٦۳ لاپەڕەی پێشەکییە. بەو پێ‌ودانە ئەو کتێبە هەڵگر و داگری بەشێکی کەم لە وشەکانی زمانی کوردییە و ئەو وشانەی هەڵبژاردووە کە تێبینی و بۆچوونی لە سەر ڕیشە و مانای ئەوان هەبووە.
    مامۆستا زەبیحی دە "قاموسی زبانی کوردی" دا و مامۆستا عەلی نانەوازادەش دە "فەرهەنگی هەرمان"دا کە بەڕاستی ئەویان قاموس و دەریایە و ئەمەش هەرمانە، بەڵام بەداخەوە هەردووکیان نیوەچڵن، بەشەکانی وشە ناسادەکانیان لێک جوێ کردۆتەوە بێ‌ئەوەیکە مانای ئەو بەشانە لە تەنیشت خۆیان بنووسن. کەوایە ئەو دوو فەرهەنگە نیوەچڵە ئەگەر تەواویش بوایەن، بایەخەکی ئەوتۆیان لە باری ڕیشە‌ناسییەوە نەدەبوو. دوای "فەرهەنگی ئێتیمۆلۆژیای زمانی کوردی" کە مامۆستا جەماڵ نەبەز نووسیویەتی و وەکوو فەرهەنگێکی تایبەت لە سەر ڕیشە‌ناسی زمانی کوردی نووسراوە، فەرهەنگە بە نرخ و قەبەکەی مامۆستا عەلی نانەوازادە پێی ناوەتە ئەو گۆڕەپانە. ئەو فەرهەنگە ٦ بەرگە کە بەرگی هەوەڵی لە ساڵی ۲۰۱۷ و بەرگی شەشەمیش لە ساڵی ۲۰۲۲ لە تاران لە بڵاوگەی "هم‌صدا" لە چاپ دراوە. ئەو شەش بەرگە لە سەریەک ٤۱۷٤ لاپەڕەیە. دوای ئەو پێشەکییە کە تا ڕادەیەک پێویست بوو، دێمە سەر باسی پێگەی ئەو فەرهەنگە دەنێو فەرهەنگە هاوچەشنە فارسی و کوردییەکاندا و بیروبۆچوونی خۆم لە مەڕ خاڵە بەهێز و لاوازەکانی ئەو فەرهەنگە دەردەبڕم.
 
    بەر لەوەیکە پێڕستێک لە خاڵە بەهێز و لاوازەکان پێک بێنم، پێویستە بڵێم کە: بەداخەوە هێشتا دەرفەتێکی وەهام نەبووە و هەلم بۆ نەڕەخساوە کە بتوانم وشەبەوشەی ئەو شەش بەرگە بخوێنمەوە و لە سەریان ورد بمەوە و بزانم کە خاڵە بەهێز و لاوازەکانی ئەو فەرهەنگە بە تەواوی کامانەن بەڵام دەماوەی ئەو چەند ساڵەدا کە ئەو فەرهەنگەم کەوتۆتە دەست، زۆرم کەڵک لێوەرگرتووە و لێمڕوانیوە و زۆر جار زۆربەی ساتەکانی شەو و ڕۆژ خەریکی هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی بوومە و لە سەر وشە و مانا و ڕیشەکان ورد بوومەتەوە تاکوو بزانم کە دەگەڵ سەرچاوە بڕواپێکراوەکانی بەردەست دە زمانی کوردی و زمانەکانیتردا دەیگرنەوە یان نا. زۆر جاریش بە هەڵکەوت یان بە دوای متاڵای دەقەکاندا  وشەم بە زەیندا هاتووە و چوومە سەیری ئەو فەرهەنگەم کردووە تاکوو بزانم ئەو وشە دەوێدا هەیە یان نا و ئەگەر هەیە، چی دەبارەیدا نووسراوە. پاشان لە سەری ورد بوومەتەوە و بەو وردە زانیارییەی خۆم هەڵمسەنگاندووە. ئەگەر بە هەڵەمزانیوە و یا تێبینیم لە سەری هەبووە، نووسیومەتەوە. ئاکامی ئەو وردبوونەوە و توێژینەوانە بەشێکی بۆتە ئەو وتارە کە ئێستا ئاراستەی خوێنەران و بەردەنگانی دەکەم. بەشێکیشی دەمێنێتەوە کە بۆی هەیە ئەگەر دەرفەت هەبێ و مڵەی مەرگ ڕیشە داری عومرم نەبڕێ یا چەتەی ئەجەل سەرڕێم لێ‌نەگرێ و ڕەشەبای ڕۆژگار تۆماری ئەو ژیانە تاڵەش نەپێچێتەوە و گوریسی تەمەن هەڵنەوێزنێ؛ وەکوو کارێکی سەربەخۆ پێشکەشی خوێنەرانی بکەم. هەر ئەوجۆرەی پێشتر باسم کرد، هێشتا بە تەکووزی و بە تەواوی لێکۆڵینەوە و وردبوونەوەم لە سەر ئەو فەرهەنگە کۆتایی نەهاتووە بەڵام بەو حاڵەشەوە بڕی دەوروبەری پێنسەت وشەم نووسیوەتەوە کە یا دەو فەرهەنگەدا نین یا هەڵەیان تێدایە یا تێبینی جیاوازم لە سەریان هەیە. بێ‌گومان ڕێژە و ڕادەی ئەو وشانە زۆر لەوەی زۆرترە کە ئەمن نووسیومن و ڕۆژبەڕۆژ پێیانەوە زیاد دەبێ.

خاڵە لاوازەکانی ئەو فەرهەنگە

۱- دە ڕیشە و ڕەچەڵەکی هێندێک وشەدا هەڵە هەیە و بۆچوونی مامۆستا نانەوازادە لەوبارەدا درووست نییە. ئەمن بۆ ڕوون‌کردنەوە تەنیا ئاماژە بە چەند دانەیەکیان دەکەم و بۆچوونی خۆم لە سەر ئەوان دەردەبڕم:

نەهار: مامۆستا نانەوازادە ئەو وشەی بە "نانی نیوەڕۆ و فراوین" مانا کردۆتەوە کە تا ئێرە کێشەی نییە بەڵام ڕەچەڵەک و ڕەگەزی ئەو وشەی بە عەڕەبی زانیوە و ئەوەش هەڵەیە؛ چوونکە ئەو وشە یا دەگەڵ وشەی "نەهار" بە مانای ڕۆژ دە عەڕەبیدا یەک نین یان ئەگەر یەکیش بن، لە زمانەکانی ئێرانییەوە ڕەگەڵ زمانی عەڕەبی کەوتووە. وشەی نەهار یا ناهار دە زمانە ئێرانییەکاندا لە دوو بەشی "نە /نا"(ئامرازی نەرێ و نەبوون) + ئاهار"(خۆراک، خۆرشت) سازبووە و مانای وشەکە لە سەریەک دەبێتە: "بێ‌خۆرشت، بئ‌ئاش یا شۆرباو" و ئەوڕۆکەش دە مانای ناڕاستەوخۆدا بە مانای نانی نیوەڕۆ بە کار دەهێندرێ. دە کوردی و فارسیدا دوو وشەی دیکەش بەو چەشنە هەن کە دژبەری یەکترن و بریتین لە: ئافەرین و نەفرین(نە+ئافەرین).

هەدا: مامۆستا ئەو وشەی بە "ئۆقرە" مانا کردۆتەوە کە درووستە بەڵام بە گومانەوە پێیوابووە کە "ادا"ی عەڕەبییە. تێبینی من ئەوەیە کە مانا و عەڕەبی‌بوونەکەی درووستە بەڵام ئەو وشە "ادا"ی عەڕەبی نییە بەڵکوو "هَداد"ە بە مانای ئارامی. لەو ڕیشەوە "هَدادَیکَ" هەیە بە مانای:"ئارام، بە ئارامی".

ئەزەل: مامۆستا ئەو وشەی بە "زەمانی هەمیشەیی بەرەو ڕابردوو" مانا کردۆتەوە کە درووستە و کێشەی نییە بەڵام ئەو وشەی بە عەڕەبی دانەوە کە وێناچێ درووست بێ چوونکە ئەو مانایە دەگەڵ مانای هیچ کام لەو وشانە کە ڕیشەکەیان سێ پیتی"ا،ز،ل" یا "ز،ل،ل"ێیە، نایگرێتەوە. ئەو وشەش ئەگەر عەڕەبی بێت، سێ پیتە سەرەکییەکانی لەو دوو حاڵەتەی گۆرین تێناپەڕێ کە ماناکەی دەگەڵ هیچکامیان نایگرێتەوە. وێدەچێ ئەو وشە لە زمانی پەهلەوییەوە چووبێتە نێو عەڕەبی و بەو چەشنە شکڵەکەی گۆڕدراوە. ئەو وشە پەهلەوییەی کە مەبەستمە، وشەی "ئەسەر"ە کە وشەیەکی ناسادەیە و لە دوو بەشی "ئە"(ئامێری نەرێ/نەبوون) + "سەر"(جەمسەر) ساز بووە کە ماناکەی دەبێتە:"بێ‌جەمسەر" واتا زەمانێکی کە دەسپێک و جەمسەری نییە. دوکتۆر بارام فرەوەشی دە هەردووک فەرهەنگە بەنرخەکانی خۆیدا واتا "فەرهەنگی فارسی -پەهلەوی" و "فەرهەنگی پەهلەوی -فارسی"، ڕێک ئەو مانایەی هێناوە.

تەپکە: مامۆستا ئەو وشەی ئاوا مانا کرۆتەوە:"داو و تەڵەیەکە کە داوەکانی لە مووی کلکی ئەسپ و بارگین ساز دەکەن و لە سەر تەختەیەکی قایم دەکەن...". هەروەها وشەکەی بە ناسادە زانیوە و پێیوابووە کە لە"تەپ+ک+ئە" ساز بووە. ماناکە کێشەی نییە بەڵام مانا و ڕیشەکە یەکتر ناگرنەوە.

بەشی یەکەم واتا "تەپ"، هەر تەوپ یا تۆپە کە لە تورکییەوە هاتووە و ئەویش بۆی هەیە لە "tube" ی ئینگلیسییەوە هاتبێ. ڕەگی "تەپ"، وشەگەلێکی لێ‌ساز دەبێ کە مانای "خڕ" و "گردیلە"یان هەیە؛ وەکوو: تۆپۆل، تەپک، تەپۆڵکە، تەپاڵەو... بەڵام تەختەی داو دەگەڵ ئەو مانایانە نایگرێتەوە و دەبێ لە ڕەگی "د،ب،ق"ی عەڕەبییەوە وەرگیرابێ چوونکە دە عەڕەبیدا وشەگەلێکی کە لە ڕەگی "د،ب،ق" ساز دەبن، مانای چەسپاندن و گرتنی باڵندە بە چەسپیان هەیە. کەوایە زۆر ئاساییە کە وشەی "تەپکە" لە "الدِبق"ی عەڕەبی وەرگیرابێ کە ماناکەی: جۆرە چەسپێکی کەسکە کە لە سەر داری ڕۆدەکەن و باڵندەی پێ‌دەگرن.

ڕەونەق: مامۆستا ئەو وشەی بە عەڕەبی زانیوە کە ماناکانی: ڕمێن، برەو و ڕەواجە. بۆچوونی مامۆستا دە دەستنیشان‌کردنی ڕەچەڵەک و ڕەگەزی ئەو وشەدا درووست نییە؛ چوونکە وشەی "ڕەونەق" بەعەڕبیکراوی "ڕەوەنگ"ە کە لە "ڕەو"(ڕەگی ئێستای چاوگی ڕۆیشتن) + "ەنگ(پاشگری ئاوەڵناوی کارا) ساز بووە کە ئەو پاشگرە ئەوڕۆکە ماناکانی:چاوگ، شوێن و ئامێر دەداتە بە وشە(فرهنگ پیشوندها و پسوندهای فارسی،ص:٤۲۲). کەوایە مانای سەرەکیی "ڕەونەق"، "ڕەوەندە"یە و مانای ئەوڕۆکەشی کە بەکار دەهێندرێ، "ڕۆیشتن" و "ڕەواج"ە. بۆچوونی دوکتۆر "محەممەد حەسەن دوست"یش دەبارەی ئەو وشەدا ئەوەیە کە: ئەو وشە وێدەچێ لە "rōšnag" وەرگیراوە و دەگەڵ وشەی "روشن"ی فارسی هاوڕیشەیە(فرهنگ ریشه‌شناختی زبان فارسی، ص:۱٤۹۷). هەرکام لەو دوو بۆچوونانە کە درووست بن، ئەوە دەسەلمێنێ کە: وشەی "ڕەونەق" عەڕەبی نییە. وشەیەکیتر لەو چەشنە کە خاوەنی پاشگری "ـەنگ"ە و بۆتە "نەق"، وشەی "خۆوەرنەگ"ە کە بۆتە "خۆوەڕنەق" و بە مانای شوێنی خواردنە و پاشگری "ـەنگ" دەو وشەدا مانای شوێن دەداتە بە وشەکە. پاشگری "ـەنگ" کە بە شکڵەکانی "نگ" و "ینگ" یش کەڵکی ڵئ‌وەردەگیرێ، وێدەچێ کە دەگەڵ پاشگری "ing" ی ئینگلیسی هەر یەک بن. ئەو پاشگرە کە یەکێک لە کارەکانی سازکردنی ئاوەڵناوی کارایە، وەکوو پاشگرێکی سڕ و مردوو نەک چالاک، دە هێندێک وشەی فارسی و کوردیشدا ماەتەوە و زۆر کەس پێیوایە ئەو پاشگرە نێوی ئامێر ساز دەکا بەڵام ئەگەر لێی ورد بینەوە، مانای وەکوو ئینگلیسی زۆرتر هەر مانای ئاوەڵناوی کارا دەدا بە وشە؛ وەکوو: برینگ(بڕ: ڕەگی ئێستای بڕین + ینگ: پاشگری ئاوەڵناوی کارا)، قوڵینگ(قوڵ: ڕەگی ئێستای قوڵ‌کردن + ینگ)، بێژینگ(بێژ:ڕەگی ئێستای بێژتن + ینگ). وشەکانی برینگ و قوڵینگ و بێژینگ، دە ڕاستیدا مانای: بڕندە، قوڵکەر و بێژەریان هەیە بەڵام ئێستاکە وەکوو نێوی ئامێر کەڵکیان لئ‌وەردەگرن. ئەو پاشگرە دەزمانی ئینگلیسیدا زۆر جار مانای ئاوەڵناوی کارا و چاوگ دەداتە بە وشە. بۆ وێنە وشەی "floating" هەم مانای ڕەسەرئاوکەوتووی هەیە و مانای ڕەسەرئاوکەوتن. یا وشەی "writing"، بە مانای نووسین و وشەی "going"، بە مانای زیندوو، ڕەوەندە و ڕۆیشتنە کە هەردووک مانای چاوگ و ئاوەڵناوی کارایان تێدا بەدی دەکرێ.

مەودا: مامۆستا ئەو وشەی بە"مابەینی دوو شت یا دوو شوێن" مانا کردۆتەوە و بە بەرامبەری "مَبدَأ"ی عەڕەبی داناوە. ماناکە و عەڕەبی‌بوونەکەی درووستن بەڵام بەرامبەری "مَبدَأ" نییە بەڵکوو بەرامبەری "مَدَی"ی عەڕەبییە چوونکە "مَبدَأ" خاڵی دەستپێکە و تەنیا خاڵێکە بەڵام  "مەودا" کە هەر "مَدَی"ی عەڕەبییە، فاسلە، ئەندازە یا هێڵی نێوانی دوو خاڵ یا دوو شتە کە لە ژمارەیەک خاڵی بێ‌بڕانەوە پێک دێت. جیاوازی نێوان دوو وشەی "مَبدَأ" و "مَدَی"ی عەڕەبی زۆرە کە کوردییەکەی "مەودا"یە.
    دە کۆتایی ئەو پاژەدا کە باسی هەبوونی هەڵەم دەو فەرهەنگەدا کرد، پێویستە بڵێم کە زۆرترین هەڵەکانی کە دەو فەرهەنگەدا وەبەر چاوم کەوتوون، پێوەندییان بە زمانی عەڕەبییەوە هەیە و دەکرێ بە کەڵک وەرگرتن لە فەرهەنگە باشەکانی عەڕەبی و سەرچاوە‌بڕواپێکراو و پێوەندیدارەکان، ئەو هەڵانە بچندرێنەوە و ڕاماڵدرێن.

۲- ئەو جۆرەی کە شیاوە، دەو فەرهەنگەدا لە ڕۆڵی پاشگر و پێشگر بۆ پشکنینی وشەکان و ڕیشەناسی ئەوان کەڵک وەرنەگیراوە. دێرەدا مەبەستی سەرەکی من ئەوەیە کە زۆر پێشگر و پاشگر -بەتایبەت پێشگر و پاشگرە کۆن و سڕەکان- کە دەکرێ ڕۆڵێکی سەرەکییان دە ڕوون‌کردنەوەی مانا و ڕیشەی وشەکاندا هەبێت، وەبەر چاو نایەن و کەڵکیان لێ‌وەرنەگیراوە یا مامۆستا مانای ڕوونی بۆ نەنووسیون. ژمارە و ڕێژەی ئەو پاشگرە و پێشگرانەش کەم نییە و ئەگەر بە درووستی و ڕێک‌وپێکی کەڵکیان لێ‌وەرگیرابایە و باسیان کرابایە، زۆر کێشەی ئەو فەرهەنگە حەل دەبوو و نرخی و بایەخی فەرهەنگەکە دە ئاستێکی بەرزتردا دەبوو. پێویستە بڵێم کە: مامۆستا زۆربەی پاشگر و پێشگرەکانی وەکوو سەروشە هێناوە و ماناشی کردوونەتەوە بەڵام کەم‌وکوڕییان هەیە بە تایبەت دە پێشگر و پاشگرە کۆن و سڕەکاندا کە شاراوەن و بە جوانی ناکەونە بەرچاو. هەر ئەو جۆرەی پێشتریش باسم کرد، مامۆستا دە هێندێک وشەشدا کە ڕەگەڵ عەڕەبی کەوتوونە و پاشان بە تەرح و تووزی عەڕەبییەوە گەڕاونەتەوە نێو زمانەکانی کوردی و فارسی، تووشی هەڵە بووە و ئەگەر مامۆستا دوای جلک‌گۆڕینی ئەو وشە و پاشگر و پێشگرانە ئەوانی ناسیبایەوە، هێندێک کێشەیتریش دەو فەرهەنگەدا حەل دەبوون. یەکێک لەو پێشگرانەی کە پێشتر باسم کرد و چۆتە نێو عەڕەبی و جلکی گۆڕیوە و پاشان گەڕاوەتەوە نێو زمانەکانی کوردی و فارسی، پاشگری "ەنگ" یا "نگ" ە کە بە شێوەی "نەق" بەرچاو دەکەوێ و مامۆستای بە سەر تەڵەی هەڵەدا خستووە.
    پاشگرێکیتر کە مامۆستا باسی نەکردووە، "اج"ە کە چاوگ ساز دەکا و دە وشەگەلێکی وەکوو "ڕەواج"، "تاراج و... دا دەبیندرێ. مامۆستا بۆ ڕەچەڵەکی وشەی "ڕەواج" نووسیویەتی کە: عەڕەبییە و لە "rawāg" ی پەهلەوی وەرگیراوە. کەوایە پێویست ناکا بڵێین عەڕەبییە و باشتر وایە کە بڵێین: ئەو وشە بەعەڕەبیکراوی "rawāg" ی پەهلەوییە و لە "ڕەو" کە ڕەگی ئێستای "ڕۆیشتن"ە + "āg" کە دە عەڕەبیدا بۆتە "اج"، ساز بووە.
    مامۆستا بۆ وشەی "تاراج" نیشانەی پرسیاری داناوە تاکوو بە خوێنەر بڵێ کە ڕەچەڵەک و بەشەکانی ئەو وشە لای من ڕوون نییە؛ دەحاڵێکدا ئەو وشە لە دوو بەشی: "تار" کە شکڵێکیتری "تاڵ"ە و دە وشەی "تاڵان"دا بەر چاو دەکەوێ، + "اج" ساز بووە. پاشگری "اج"، پاشگری چاوگ‌سازە و "تار" یا "تاڵ" بۆی هەیە کە لە وشەی "stara" ی ئێرانی کۆن بە مانای "هێرشی تاڵانکەرانە" وەرگیرابێ. دە زمانی ئاسیدا وشەی "æstær" بە مانای تاڵان و دە ئاڵمانیشدا "stehlen" بە مانای دزی (فرهنگ ریشه‌شناختی زبان فارسی، ص:۸۱۰) و دە ئینگلیسیشدا "steal" بە مانای دزین و دەست‌درێژی هەیە. ڕەگی "تار/تاڵ" جگە لە تاڵان دە وشەکانی: تەرە، تاراندن، تاراوگە، تارومار و... یشدا دەبیندرێ.
 
    پاشگرێکیتر کە دەکرا بۆ پشکنینی وشە و ماناکردنەوە و ریشە‌ناسی و شی‌کرنەوە کەڵکی لئ‌وەرگیرێ، پاشگری "نە"یە کە دە وشەگەلێکی وەکوو: ڕەخنە، ڕۆچنە و... دا دەبیندرێ. مامۆستا بۆ سەروشەی "ڕەخنە" تەنیا کوتویەتی فارسییە و ئاماژەی بە ناسادە‌بوون و مانای بەشەکانی ئەو وشەیە نەکردووە. وشەی "ڕەخنە" لە "ڕەخ": درز، کون + "نە": پاشگری شوێن، پێکهاتووە. وشەی "ڕۆچنە"ش کە مامۆستا بە شکڵی "ڕۆچن" ی هێناوە، بەو چەشنەش، پیتی "ن" وەکوو "نە" پاشگری شوێنە. ئەو وشە لە "ڕۆچ" کە دە ڕابردووی دووردا "rauča" بووە و مانای "ڕۆژ"ی هەیە + "ن"(پاشگری شوێن) پێکهاتووە. بەو چەشنە وشەی "ڕۆچنە/ ڕۆچن" مانای شوێنی هاتنە‌ژووری ڕۆژ یا تیشکی ڕۆژ دەدا کە هاوماناکەی "کولانە"یە.
    پێشگرێکیتر کە مامۆستا باسی نەکردووە و دە هێندێک وشەی کوردیدا هەیە و بۆ ناسینی ساختار و مانا و ڕەگەز و ڕەچەڵەکی وشە یارمەتیدەرە، پێشگری "ئا"یە کە پێشتر زۆرتر بە شکڵی "ئە" هاتووە. ئەو پێشگرە دە زمانەکانی کوردی و فارسیدا سڕ و ناچالەکە و کەمتر کەڵکی لێ‌وەرگیراوە یا لێی‌وەردەگیرێ بەڵام دە زمانەکانی پەهلەوی، ئەوێستایی و سەنسکریتدا لە ڕادەبەدەر کەڵکی لێ‌وەرگیراوە و تا ئەو شوێنەی ئەمن ئاگاداریم هەیە، دە زۆریەک لە زمانە ئوروپایەکانیشدا - بە تایبەت یونانی و ئینگلیسی- بە کار هێندراوە و وشەی پێ‌سازکراوە. مانای پێشگری "ئا/ئە"، "نا/نە" یە. بۆ ڕوون کردنەوە، پێشگری "ئا" دە چەند وشەدا باس دەکەین. یەکێک لەو وشانە، وشەی "ئاسوودە"یە. مامۆستا بۆ ئەو وشە تەنیا کوتویەتی کە: فارسییە و ئاماژەی بە ناسادەبوونی ئەو نەکردووە و نەپڕژاوەتە سەر بیچمی کۆن و ڕەگ و ڕیشەی ئەو. ئەو وشە لە "ئا"(پێشگری نەرێ/ نەبوون) + "سوود"(سوت: دەست لێدان) +"ە"(پاشگری ئاوەڵناوی بەرکار) پێکهاتووە. ئەو پێشگرە هەروەها دە وشەی "ئاهۆ"شدا بەرچاو دەکەوێ کە مانای پەتا و نەخۆشی دەدا. وشەی "ئاهۆ" لە دوو بەشی: "ئا"(نا) + "هۆ" (باش) پێکهاتووە کە پێکەوە مانا سەرەکییەکەی دەبێتە:"شتی خراپ و ناخۆش". پێشتر دە وشەی "ئەزەل" یشدا باسی ئەو پێشگرەم کرد و کوتم کە: بەعەڕەبیکراوی "asar" ی پەهلەوییە و بە مانای بێ‌سەر یا بێ‌جەمسەرە. بۆ ڕوون کردنەوە و ئاگاداری زۆرتری خوێنەران و بەردەنگان چەند شایەتێکیتر لە زمانەکانیتر ئاراستە دەکەم:
ئەوێستایی: ئەشاتە: ئە(نا) +شاتە(شاد)= ناشاد، خەمۆک     پەهلەوی: ئەپوسرە: ئە(نا) + پوسرە (کوڕ) = بێ‌کوڕ    سەنسکریت: ئەکەرە: ئە(نا) + کەرە(کار) = سڕ و ناچالاک    ئینگلیسی amoral: کە لە a: (نا) + (moral): (ئەخلاقی) پێکهاتووە و پێکەوە دەبێتە: غەیری ئەخلاقی.
    پاشگرێکی‌تر کە دە هێندێک وەشەدا هاتووە بەڵام ئاماڵ‌تواوە و نادیارە و مامۆستا وەک سەروشە باسی نەکردووە و دە ماناکردنەوە و پشکنین و دەستنیشان‌کردنی ساختاری وشەکاندا کەمتر کەڵکی لێ‌وەرگرتووە، پاشگری "ێر/ یر"ە. ئەو پاشگرە دە وشەکانی: جووتێر، وەرزێر، دلێر، دەبیر و... دا بەر چاو دەکەوێ. چەشنێکی سواو و نادیارتری ئەو پاشگرە دە دوو وشەی چەتر و چادریشدا هەیە. ئەو دوو وشە مانا و ساختار و ڕیشەکەیان هەر یەکە بەڵام ئەوڕۆکە وەکوو دوو وشەی جیاواز و بە مانای جیاواز کەڵکیان لێ‌وەردەگیرێ. پێویستە ئاماژە بکەم کە وشەی"چادر" دە فارسیدا بە هەرسێک چەشنی: "چادِر"، "چادَر" و "چادُر" تۆمار کراوە. دەبارەی ڕیشە و ڕابردووی ئەو پاشگرەدا بۆچوونی جیاواز هەن. دوکتۆر محەممەد حەسەن‌دوست بە پێی سەرچاوەکانی بەردەست پێیوایە کە ئەو پاشگرە دە ڕابردووی کۆندا "vara / bara"  بووە کە ماناکەی "هەڵگر"ە(فرهنگ ریشە‌شناختی زبان فارسی، سەروشەی دەبیر). مامۆستا نانەوازادەش پێیوایە کە ئەو پاشگرە پێشتر "یار" بووە و ئەویش لە "دار" وەرگیراوە و ماناکەی "هەڵگر و خاوەن بوون"ە. بۆ ڕوون کردنەوە و زانیاری زۆرتر، مانا و ساختار و ڕیشەی چەند وشەیەک کە ئەو پاشگرەیان تێدایە، لێکدەدەمەوە:
 
یەکێک لەو وشانەی کە پاشگری "ێر"ی تێدایە و مامۆستا دە فەرهەنگەکەیدا نەیهێناوە، وشەی "دلێر"ە کە لە دوو بەشی "دل"(دڵ: جورعەت و بوێری) + "ێر"(پاشگری ئاوەڵناوی کارا) پێکهاتووە. وشەیەکیتر کە پاشگری "یر"ی تێدایە، وشەی دەبیر(نووسەر)ە کە لە دوو بەشی "دەب (دە پەهلەویدا "دیپ": نووسراوە، دەقی بەڵگە) + "یر"(پاشگری ئاوەڵناوی کارا) پێکهاتووە کە ماناکەی دەبێتە: نووسەر یا خاوەنی نووسراوە و بەڵگەنامە. هەر ئەو جۆرەی پێشتر ئاماژەم پێ‌کرد، ئەو پاشگرە دە دوو وشەی "چادر" و "چەتر"دا  سواوە و هەرکەس ڕیشە و مانا و ساختاری ئەو دوو وشە نەزانێ، وادەزانێ دوو وشەی جیاواز و سادەن نەک داڕێژراو بەڵام ئەو دوو وشە داڕێژراون نەک سادە. ڕیشەی ئەو دوو وشە "چاد" (chad) ی هیندییە کە بە مانای "داپۆشین"ە و دە زمانە جۆراوجۆرەکانی هیندی، ئێرانی و ئوروپاییدا پاشگری "er/or / är/ ur / ür / úr" ی گرتووە و ئەو دوو بەشە لە سەریەک مانای "داپۆشەر"ی هەیە. شێوازی نووسین و گۆ کردنی وشەی "چادر" دە هێندێک زمان و زاراوەکاندا بەو شێوەیە:
روسی: shator     فەریزەندی: cajür   یەرنی: câdär     نەتەنزی: câvur   ئیسمەنانی: câuär   سورخەیی: cadúr   لاسگەردی: câdór     شەهمیرزادی: câdor / cur     گیلەکی: câdär    سەنسکریت: chatar (حاشیه برهان قاطع، صص: ۹ - ٦۰۸)؛  پەهلەوی: čātur . ساختاری ئەو وشانە -بەتایبەت دوو وشەی چەتر و چادر کە هەر یەکن- دە زمان و زاراوە جۆراو جۆرەکاندا سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە ئەو وشانە ناسادەن بەڵام هیچ کام لە مامۆستایانی ڕیشەناسی کوردی و فارسی (مامۆستا نانەوازادە و مامۆستا محەممەد حەسەن‌دوست) دە فەرهەنگەکانیاندا ئاماژەیان بە ناسادەبوونی دوو وشەی چادر و چەتر نەکردووە و دەبارەی پاشگری ئەو دوو وشەدا نەدواون.
     بە بڕوای من تەواوی پاشگرەکانی: یر(دەلیر، دەبیر)، ێر(جووتێر، وەرزێر)، ـەر(نووسەر، بیسەر، بینەر)، ار(پەرستار)، er و or ی ئینگلیسی و هاوچەشنانی ئەوانە دە تەواوی زمانە هیندی، ئێرانی و ئوروپاییەکاندا کە پاشگری ئاوەڵناوی کاران و پیت و بڕگە و شێوەی گۆکردنەکانیشیان یا وەکوو یەکە یا لێک نزیکن، سەرچاوەکەیان یەکە و لق و پۆی یەک ڕیشەن. شایەتێکی باش و سەلمێنەر بۆ ئەو داوایە شکڵە جۆراوجۆرەکانی نووسین و گۆکردنی وشەی "چادر"ە دە زمان و زاراوە جۆراوجۆرەکاندا بە تایبەت دە زمانی فارسیدا کە پێشتر ئاماژەم پێکرد کە بە هەرسێک شێوەی:"چادِر"، "چادَر" و "چادُر" تۆمار کراوە.
     ئاکامی ئەو باسە ئەوەیە کە دەکرێ ڕیشەناسان وەک ئامێرێکی کارا و بەکەڵک بۆ پشکنین، ماناکرنەوە و ڕیشەناسی وشەکان لە پاشگر و پێشگرەکان کەڵک وەرگرن تاکوو خوێنەران و بەردەنگان بە تایبەت ئەوانەی کە ئاستی خوێندەوارییان نزمە یا پسپۆڕی ئەو بەستێنە نین، بەهرە و  کەڵکی زۆرتر لە بەرهەمەکانی ئەو ڕیشە‌ناسانە وەرگرن و شارەزایی زۆرتر پەیدا بکەن. هەر ئەوجۆرەی پێشتر باسم کرد و نمونە و شایەتم هێناوەتەوە، ئەو کەم و کوڕییە دە فەرهەنگی ڕیشە‌ناسی مامۆستا نانەوازادشدا بەر چاو دەکەوێ. بەو چەشنە زۆر پاشگر و پێشگری‌تر ماون کە مامۆستا باسی نەکردوون و دەو وتارەدا ئەو دەرفەتە نییە کە بتوانم بە تەواوی و هەراوی لێیان بدوێم و بە تێر و تەسەلی باسیان بکەم. ئەگەر خودا پشتیوان بێت و چەپ‌گەردی گەردون لێگەڕێ و دێوەزمەی ڕۆژگار لەوە زۆرتر بە سپای ئاستەنگییەکان لەمپەر چێ نەکا، دە داهاتوودا و دە بەرهەمێکی سەربەخۆ و تایبەتدا بە تێر و تەسەلی لەسەریان دەدوێم.

۳- زۆر وشەی بەرچاو کە ڕۆژانە کەڵکیان لێ‌وەردەگیرێ، دەو فەرهەنگەدا نین. پێشتر ئاماژەم پێ‌کرد کە سەرەڕای ئەوەیکە تاکوو ئێستا نەمتوانیوە بە وردی ئەو فەرهەنگە بخوێنمەوە و لە سەر وشەکانی ورد ببمەوە و بە ڕێک‌وپێکی بەراوردیان بکەم و هەڵیانسەنگێنم بەڵام بەو حاڵەشەوە تاکوو ئێستا دەوروبەری پێنسەت وشەم تۆمار کردووە کە یان دەو فەرهەنگەدا نین یان هەڵەیان تێدایە یان تێبینی جیاوازم لە سەریان هەیە.

دێرەدا هێندێک لەو وشانە دێنم کە دەو فەرهەنگەدا نەهاتوون: بەلال، پیت(کەڕەت، جار)، پڕشەنگ /پڕشنگ، پووشاڵ، پەفەڵ، تۆزلیق، چاپلووس، چەوەڵ(تفاقی بەرپێی ماڵات یا بەرماوی ئەوان)، خەڵف /غەڵف (شوێنی حاوانەوەی مێشەهەنگوین)، خەلەبان، دلێر /دەلیر، دەراو، دۆمەڵان، ڕامان، ڕەگبار، سەرۆ(ئیلهام)، دانوستان، کڕۆک، شاهۆ، فڕ(مووی فڕ)، کاناڵ، گلوو، کشپەڵ، کەفەڵ(کەفەڵۆک)، گوندێن، گەردە، لق، مسۆگەر، مرزەم، مزاش، نەسیم، نکۆڵی، نمرە، ناوازە، هەدەر، هەڵۆڵ، هەڵوێنی، هەڵقوڵین، هەژیر و ... .

٤- مامۆستا ڕیشەی زۆر وشەی دەو فەرهەنگەدا نەنووسیوە و بە دانانی نیشانەی پرسیار، نەبوونی ئاگاداریی خۆی لە سەر ڕیشەی ئەو وشانە ڕاگەیاندووە. بە بڕوای من چوونکە زمانی کوردی یەکێک لە لقەکانی زمانە هیندو-ئێرانییەکانە و دەگەڵ زمانە هیندو-ئوروپاییەکان هاوڕیشەیە و خزمایەتی دەگەڵیان هەیە و هەروەها دەگەڵ زمانەکانی تورکی و عەڕەبی تێک بەزیون و تێکەڵاوی و پێوەندییەکی لە ڕادەبەدەر نزیکیان هەیە؛ مامۆستا دەیتوانی تا ئەو شوێنەی بۆی دەگونجا بە لانی کەم خوێندنەوەی دەورێک لە فەرهەنگەکانی ئەو زمانانە و وردبوونەوە لەسەر مانا و ساختار و ڕیشەی وشەکانیان و کۆکردنەوەی زانیاری پتر لە سەر وشەکانی ئەو زمانانە، ڕیشەی زۆر وشەی‌تر ڕوون کاتەوە یا زانیاری زۆرتریان لە سەر بدا بەڵام ئەو کارەش پێویستی بە کات و ورەی لە رادەبەدەر و ئاشنایەتی پێشتر دەگەڵ ئەو زمانانە هەیە. بۆ وێنە مامۆستا دەبارەی ڕیشە و ڕەچەڵەک و قۆناخی پێش ئێستای وشەی "گەورە" هیچی نەنووسیوە. ئەو وشە دە زمانی فارسیدا نییە کە زۆر لە زمانی کوردی نزیکە و دە زمانە کۆنەکانی ئێرانیدا شوێنەوارێکی لە خۆیەوە جێ نەهێشتووە. کەوایە ناچارین دە زمانەکانیتردا لێی بگەڕێین. ئەگەر بڕوانینە فەرهەنگی سەنسکریت، وشەی "گەروە"ی تێدایە کە ماناکەی "خۆپێ‌زلی"، "غللور بوون"، "لەخۆبایی‌بوون" و "خۆبەگەورەزانین"ی هەیە. جیاوازی ئەو وشە دەگەڵ وشەی "گەورە" تەنیا جێگۆڕکێی دوو پیتی "ر" و "و" یە کە ئەوەش شتێکی زۆر ئاساییە و دە زۆر وشە و زۆر زماناندا دەبیندرێ. هەروەها وشەی "گەروەتی" یش دە زمانی سەنسکریتدا هەیە کە چاوگە و مانای "خۆبەگەورەزانین" ی هەیە. کەوایە وشەکانی "گەورە" و "گەورەیەتی" وێدەچێ هەر "گەروە" و "گەروەتی" سەنسکریت بن. خاڵێکی شیاوی ئاماژە ئەوەیە کە پاشگری "ـەتی" دە کوردیدا ڕۆڵێکی بەرچاوی دە سازکردنی چاوگدا هەیە و بە هەراوی کەڵکی لێ‌وەردەگیرێ. ئەو پاشگرە بە جیاوازییەکی زۆر کەمەوە دە گۆکردندا دە زمانەکانی سەنسکریت، ئەوێستایی، ئینگلیسی و ... یشدا بەکار دەهێندرێ و چاوگی پێ‌ساز دەکردرێ. بۆ وێنە دە ئینگلیسیدا پاشگری "ity" کە زۆر چالاکە و بە فرەوانی بۆ سازکردنی چاوگ کەڵکی لێ‌وەردەگیرێت و دە زۆر وشەی وەکوو: "civility" (شارەستانییەت)، "jollity" (شادومانی)، "activity" (چالاکی) و ...دا دەبیندرێ. ئەو پاشگرە دە ئەوێستاییشدا هەیە و دەوێشدا وەکو کوردی و ئینگلیسی هەر چاوگ سازدەکا. بەپێی ڕۆڵ و ساختار و مانا و گۆکردنی ئەو پاشگرانە، وێدەچێ دە هەموو زمانەکاندا هەر یەک بن. شایەتێک دە ئەوێستاییدا: ئوتیۆئیتی (otioity): کە مانای "توانایی" هەیە.

٥- مامۆستا بۆ زۆر وشە کە لە زمانەکانیترەوە ڕەگەڵ زمانی کوردی کەوتوون، دوای دەستنیشان کردنی ڕەگەز و ڕەچەڵەک، لە سەر ڕیشە و مانای سەرەکی وشەکان نەدواوە. بە بڕوای من ڕیشە‌ناس دەتوانێ بە کەڵک‌وەرگرتن لە فەرهەنگە بەناوبانگەکانی ڕیشە‌ناسیی زمانەکانیتر ، ڕیشەی زۆریەک لە وشە ڕەگەڵ‌کەوتووەکان ڕوون کاتەوە و لە سەر مانا سەرەکییەکانیان بدوێ. بۆ وێنە وشەی "تراکتۆر" کە مامۆستا تەنیا ئاماژەی بە فەڕانسەوی‌بوونەکەی کردوو؛ دەحاڵێکدا دەکرا بە کەڵک وەرگرتن لە فەرهەنگە ڕیشە‌ناسییەکانی ئینگلیسی یا فەڕانسەوی بگوترێ کە: ئەو وشە لە دوو بەشی "تراکت" (لە ڕەگی "tractus") + "ۆر" ( "or": پاشگری ئاوەڵناوی کارا) پێک‌هاتووە کە بەشی هەوەڵی بە مانای "کێشان"ە و پێکەوە دەبێتە "کێشەر". عەڕەبەکانیش کت‌ومت ئەو مانایەیان وەرگرتووە و کردوویانەتە "جَرّار" بە مانای "کێشەر". ئەو وشە لە ڕەگی "جَرّ" بە مانای "کێشان" وەرگیراوە و پێکەوە دەبێتە "کێشەر". نمونەیەکیتر وشەی "غەدر"ە کە بە ڕەچەڵەک عەڕەبییە. مامۆستا لە مانای سەرەکیی ئەو وشەی نەکۆڵیوەتەوە. بە پێی ئەوەیکە زمانی عەڕەبی زمانێکی قالبی (streotypal language) یە و وشەکان دە قالبەکاندا مانای تایبەت دەگرن، هەرکەس بڕێک شارەزایی لە سەر زمانی عەڕەبی هەبێت، دەتوانێ لە ڕووی ئەو قالبەی کە وشەکەی کەوتۆتێ، مانای سەرەکی وشەکە بدۆزێتەوە. زمانی عەڕەبی پێشگر و پاشگرەکانی زۆر کەمن و لەچاو زمانەکانی ئێرانی، هیندی و ئوروپایی، وەکوو وەی وایە کە پاشگر و پێشگری نەبێ و دەکرێ بڵێین زمانی عەڕەبی بە گشتی زمانێکی "تەسریفی"(flectional language) نییە. دە فەرهەنگە باش و بەناوبانگەکانیشدا سێ پیتی سەرەکیی وشەکان واتا ڕیشەکانیان نووسراوە کەوایە دۆزینەوەی ڕیشە و مانای سەرەکیی ئەو وشانەی کە لە عەڕەبییەوە ڕەگەڵ زمانی ئێمە دەکەون، کارێکێ دژوار نییە. بەو پێیە وشەی "غەدر" کە مامۆستا مانای "زوڵم و ناهەقی‌کردن"ی بۆ هێناوەتەوە، مانا سەرەکییەکەی "جێ‌هێشتن و پشت تێکردن"ە و مانای ناڕاستەوخۆ و دوورەکەی دەبێتە "زوڵم و ناهەقی". وشەی "غەددار" کە لە "غەدر" وەرگیراوە،  مانا سەرەکییەکەی دەو قالبەدا دەبێتە: کەسێک کە زۆر جێهێڵ و پشت‌تێکەرە بەڵام ئێمە دەمانای دووهەمیدا بە مانای زاڵم و بێ‌وەفا بەکاری دێنین. نمونەیەکیتر لە وشە ڕەگەڵ‌کەوتووەکان، وشەی "بێهوودە"یە کە مامۆستا نووسیویەتی فارسییە. ئەو وشە لە دوو بەشی "بێ"(پێشگری نەبوون) + "هوودە" (فایدە و قازانج) پێکهاتووە کە مامۆستا دەیتوانی بە هاسانی ئەو مانایە وەدست بخا و بینووسێ و بە بۆچوونی من نووسینەکەی لە نەنووسینی زۆر باشترە. بە بڕوای من بە هۆی تێکەڵاوی و تێک‌بەزین و پێوەندی لە ڕادەبەدەری زمانی فارسی و کوردی دە ڕابردوو و ئێستاشدا، هەڵاواردن و جوێ کردنەوەی وشە فارسی و کوردییەکان بە تەواوی و بە تەکووزی، زۆر ئەستەم و چەتوونە و ڕەنگە بتوانم بڵێم کە: مەحاڵە و پێویست ناکا بڵێین کە فڵان وشە فارسییە چوونکە ڕەنگە پێشتر ئەو وشە لە زمانی مادییەوە کە بە قۆناخی پێشتری زمانی کوردی بەئەژمار دێت، یا دە قۆناخەکانیتردا، ڕەگەڵ زمانی فارسی کەوتبێ. کەوایە بۆ وشە هاوبەشەکانی کوردی و فارسی ئەوەندە بەسە کە ڕیشە و مانای ئەوان بە سەرچاوەکانی بەردەست دە زمانە جۆراوجۆرەکانی ئێرانی، هیندی و ئوروپاییدا ڕوون کەینەوە یا بڵێین کە فڵان وشە دە فڵان زمانیشدا بەو چەشنەیە و ئەو ئاڵ‌وگۆڕانەی بە سەردا هاتووە.

٦- کێشەیەکیتری ئەو فەرهەنگه لە ڕوانگەی منەوە ئەوەیە کە: مامۆستا دەبوایە دە تەواوی وشە ناسادەکاندا بەشە جۆراوجۆرەکانی لێک جوێ کردبایەوە و مانا سەرەکییەکانی لە تەنیشت بەشەکان نووسیبایە. پێویستە بڵێم کە مامۆستا تا ئەو شوێنەی کە توانیویەتی و بۆی لواوە، بەشەکانی وشە ناسادەکانی لێک جوێ کردۆتەوە بەڵام ماناکانی لە تەنیشت بەشەکان نەنووسیوە. بۆ وێنە دە وشەی "گوڵینگە"دا کوتویەتی کە: لە "گوڵ+ ئینگ + ئە" پێکهاتووە بەڵام مانای ئەو بەشانەی لە تەنیشت ئەوان نەنووسیوە. یا وشەکانی وەکوو: "گڕنی" یا "چەپەڵ" کە دیارە ناسادەن و دەکرێ بڵێین مانای بەشەکانیشیان ڕوون و ئاشکرایە، مامۆستا بە دانانی نیشانەی پرسیار(؟)، نەبوونی زانیاری خۆی لە سەر ساختار و مانای بەشەکانی ئەو وشانە نیشان داوە. هەرکەس شارەزایی لە سەر وشەی فارسی و کوردی و تا ڕادەیەکیش زمانەکانی‌تری هاوڕیشەی ئەو دوو زمانە و زمانە کۆنە سەرچاوەکان هەبێت و وشەکانی پشکنیبێتەوە و لە سەر ساختار  و پێشگر و پاشگر و ماناکانیان ورد بووبێتەوە، بە هێندێک تێفکرین بۆی دەردەکەوێ کە وشەی "چەپەڵ" لە "چەپ" (ناڕاست، خوار) +"ـەڵ" (پاشگری نیسبەت) پێکهاتووە. پاشگری "ـەڵ" وەکوو "اڵ"، پاشگری نیسبەتە و دە فارسیشدا هەیە و وێدەچێ دەگەڵ "al" ی ئینگلیسی هەر یەک بن بەڵام دە ئینگلیسیدا کەڵکی زۆر لێ‌وەردەگیرێ و ماناکەشی لە نیسبەت تێناپەڕێ ئەمما دە فارسی و کوردیدا سڕ و ناچالاکن و  هەرچەند ئاوەڵناوی نیسبی ساز دەکەن، بەڵام ئەوڕۆکە جاریوایە بێجگە لە سازکردنی ئاوەڵناوی نیسبی بۆ چێ‌کردنی نێوی ئامێر یا بۆ شوپهاندنیش کەڵکی لێوەردەگیرێ. بۆ نمونە وشەی "چەنگاڵ" کە لە "چەنگ"(پەنجە) + "اڵ"(پاشگری نیسبەت)، پێکهاتووە، مانا سەرکییەکەی "چەنگی، وەکوو چەنگ"ە بەڵام ئاخێڤەران بە نێوی ئامێرێکی بە کار دێنن کە بۆ خواردن کەڵکی لێ‌وەردەگیرێ. نمونەیەکیتر لەو بارەوە وشەی "زەنگاڵ"ە کە لە "زەنگ"(دە پەهلەویدا بە لاق دەکوترێ بە تایبەت لە ئەژنۆ بەرەو خوار) + "اڵ"(پاشگری نیسبەت) پێکهاتووە.
    وشەی "گڕنی" لە سێ بەشی "گڕ"(نالووس) + "ن" (پاشگری ئاوەڵناوساز وەکوو: ورگن، چڵمن، کوڵکن) + "ی"(پاشگری نیسبەت) پێکهاتووە. جگە لەو نمونانەی کە باسم کرد، زۆر وشەی‌تریش هەیە کە ناسادەن و بەشە جۆراوجۆرەکانیان لێک جوێ نەکراوەتەوە و ماناکانیان نەنووسراوە. بە بڕوای من دەستنیشان کردنی وشە ناسادەکان و نووسینی مانای بەشەکان لە تەنیشتیان نە تەنیا دە فەرهەنگێکی ڕیشە‌ناسیدا بەڵکوو دە فەرهەنگێکی باش و بەنێوبانگیشدا پێویستە و بۆ گشت خوێنەرێک بە تایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە پلەی زانستی زمانیان زۆر بەرز نییە، کەڵکێکی لە ڕادەبەدەری هەیە.
 
خاڵە بەهێزەکانی ئەو فەرهەنگە
 
دوای کۆتایی باسی خاڵە لاوازەکانی ئەو فەرهەنگە، پێش ئەوەیکە خاڵە بەهێزەکان باس بکەم، پێویستە بڵێم کە ئەو فەرهەنگە دەبێ دەگەڵ هاوچەشنی ڕابردووی خۆی هەڵسەنگێندرێ و پێوەر و تەوەرێک هەبێ کە بەو، باسەکە ڕوون‌تر بێتەوە و باشتر دە ئاوێنەی زەینی خوێنەراندا وێنا بکرێت. هەر ئەوجۆرەیکە دەزانن، باش و خراپەکان نیسبین و بە بەراورد کردن و هەڵسەنگاندن دەگەڵ هاوچەشنانیان باشتر یا خراپتر بوونیان دەردەکەوێ. کەوایە بۆوەیکە بزانین ئەو فەرهەنگە لە چاو هاوچەشن یا هاوچەشنانی ڕابردووی خۆی باشترە یا خراپتر، دە هێندێک خاڵدا ئەو فەرهەنگە دەگەڵ "فەرهەنگی ئێتیمۆلۆژیای زمانی کوردی" مامۆستا جەماڵ نەبەز هەڵدەسەنگێنم کە دەو بەستێنەدایە و لەو بارەوە تا پێش فەرهنگی "ڕیشەی وشەی کوردی" ی مامۆستا نانەوازادە بێ‌ڕکابەر و تاقانە بووە. هێندێک لە گرینگترین خاڵە بەهێزەکانی ئەو فەرهەنگە لە ڕوانگەی منەوە ئەوانەن:

۱- بۆچوونی من ئەوەیە کە "فەرهەنگی ڕیشەی وشەی کوردی"، لە چاو هاوچەشنی خۆی واتا "فەرهەنگی ئێتیمۆلۆژیای زمانی کوردی"ی مامۆستا جەماڵ نەبەز کە ئەویش تا کاتی نووسرانی "فەرهەنگی ڕیشەی وشەی کوردی" بێ‌ڕکابەر و تاقانە بووە، چەندین هەنگاو بەرەو پێش چووە. لە بارەی حەجمەوە فەرهەنگەکەی مامۆستا جەماڵ نەبەز یەک بەرگی مامناوەندییە کە جگە لە پێشەکییەکەی دەوروبەری ۳۰٥ لاپەڕەیە بەڵام فەرهەنگەکەی مامۆستا نانەوازادە، شەش بەرگە و لە سەریەک ٤۱۷٤ لاپەڕەیە. کەوایە لە بواری ژمارەی وشە و و گشتگیری و داگری، فەرهەنگەکەی مامۆستا نانەوازادە، زۆر لە فەرهەنگەکەی مامۆستا جەماڵ نەبەز لە پێشترە. مامۆستا جەماڵ نەبەز تەنیا ئەو وشانەی هێناوە کە بە بڕوای خۆی ڕیشەکانیانی زانیوە و تێبینی لە سەریان هەبووە بەڵام مامۆستا نانەوازادە جگە لەو وشانەی لەبیری چووە و وەبەر چاوی نەهاتووە، تەواوی وشەکانیتری هێناوە کە دە زمانی کوردیدا بە کار دەهێندرێن و کاری بەوە نەبووە کە ئەو وشانە وشەی هاوردەن و ڕەگەڵ زمانی کوردی کەوتوون. مامۆستا لە تەنیشت ئەو وشە هاوردانە، ئاماژەی بە ڕەچەڵەکیان کردووە.

۲- دەو فەرهەنگەدا، وەکوو فەرهەنگێکی گشتگیر و داگر، مانا جۆراوجۆرەکانی وشەکان نووسراوە و نمونە و شایەتیش هێندراوەتەوە و ئاماژە بە مانای زاراوەکانی پێوەندیدار بەو وشە، کراوە. جاریوایە بۆ مانا جۆراوجۆر و زاراوە پەیوەندیدارەکان و نمونە و شایەت و شی‌کردنەوەی وشەیەک، نزیک بە ٤ یان ٥ لاپەڕە و تەنانەت زۆرتریش تەرخان کراوە؛ دە حاڵێکدا مامۆستا جەماڵ نەبەز تەنیا لە ڕیشەی وشەکان دواوە.

۳- باشیەکیتری ئەو فەرهەنگە لە چاو فەرهەنگەکەی مامۆستا جەماڵ نەبەز ئەوەیە کە مامۆستا نانەوازادە تا ئەو جێیەی توانیویەتی و بۆی لواوە، پاشگر و پێشگرەکانیشی وەکوو سەروشە هێناوە و مانای کردوونەتەوە بەڵام هەر ئەوجۆرەی پێشتر ئاماژەم پێ‌کرد و تا ڕادەیەکیش بە تێروتەسەلی لێیدواوم، کەم‌وکوڕییان هەیە. بە گشتی دەتوانم بڵێم کە "فەرهەنگی ڕیشەی وشەی کوردی"، جگە لەوەیکە فەرهەنگێکی تایبەتی ڕیشە‌ناسییە، فەرهەنگێکی گشتیشە کە بۆ هەر خوێندەوارێکی ئەوینداری زمانی کوردی، پێویستە.

٤- دەو فەرهەنگەدا تا ئەو شوێنەی کە بۆ مامۆستا گونجاوە، بۆ زۆریەک لە وشەکان ڕەوتی گۆڕانی وشە و پیتەکانی باس کردووە و بۆ خوێنەری ڕوون کردۆتەوە کە دە قۆناخەکانی پێشتردا ئەو وشە چۆن بووە و چی بە سەر هاتووە و تا گەیشتۆتە ئێستا، چ گۆڕانکارییەکی بە خۆوە بینیوە بەڵام مامۆستا جەماڵ نەبەز بەو ڕێژە ئەو کارەی نەکردووە و گۆڕانی پیتەکانی بەو چەشنە و بەو ڕوونییە باس نەکردووە.

٥- مامۆستا دە نووسینی ئەو فەرهەنگەدا بە پێیەکانی هەست و سۆزی زمانی و نەتەوەویستی، ڕێگای دەمارگرژیی نەپێواوە و بە دەستی ئەنقەست، بەرگی کوردی دەبەر وشەکان نەکردووە و تا ئەو ئاستەی دەستی زانستی پێیڕاگەیشتووە، ڕەچەڵەک و ڕەگەزی وشەکانی ڕوون کردۆتەوە و قەید و بەندەکانی ڕق و قین یا خۆشەویستی و ئەوین، کاریگەری تێنەکردووە و بە زۆری، مۆری زمان و نەتەوەی خۆی لە وشەکان نەداوە.

٦- کەسایەتی بەرزی مامۆستا کە وەکوو کێوی سەهۆڵ، بەشی هەرە زۆری دەنێو دەریای خاکەڕاییدا شاردراوەتەوە و بەشی کەمی بەرچاو دەکەوێ، بۆتە هۆی ئەوە کە لە هەر شوێنێک ڕیشە و ڕەگەز و ڕەچەڵەکی وشەکانی نەزانیوە، بە نیشانەی پرسیار دەریبڕیوە کە دەستی زانست و زانیاریم وێیڕانەگەیشتووە و نەمتوانیوە پەردەی تەم لە سەر ڕەچەڵەکی ئەو وشە لابدەم. جگە لەوەیکە دەنگی ئینساف و خاکەڕایی دە کتێبەکەدا بە گوێی هەر خوێنەرێکی هەق‌بیس و بەئینساف دەگا، مامۆستا بۆخۆشی دە کۆتایی بەرگی شەشەمدا هاواری خاکەڕایی و ئینسافی بەرز کردۆتەوە و بە ڕوونی ڕایگەیاندووە کە ئەو فەرهەنگە، بێ‌هەڵە و پەڵە نییە و بەهەق کوتوویەتی کە: زمان‌زان و زمانەوانێکی شیاوم چەنگ نەکەوتووە کە هەڵەچنی بکا و پێیدا بێتەوە و بە دەست و پەنجەی ئەو، فەرهەنگە ڕازاوەتر بکا.


۷- مامۆستا دە نووسینی ئەو فەرهەنگەدا نەکەوتۆتە گۆڕەپانی ڕیشە‌ناسیی عەوامانە و جگە لە هێندێک هەڵە کە لەچاو حەجمی کتێبەکە ڕێژەیان زۆر کەمە، هەنگاوی زانستییانەی هەڵێناوەتەوە و لێزانانە کارەکەی بەرەو پێش بردووە و زانیارییەکانی دەگەڵ سەرچاوە بڕواپێکراوەکانی ڕیشە‌ناسی دە زمانی کوردی و زمانەکانی هاوڕیشەدا و هەروەها دەگەڵ سەرچاوەکانی زمانە کۆن و باستانییەکان ناکۆکی نییە. لەو شوێنانەش کە کەوتۆتە لێژ و ئەستەمەکان و ئەگەری هەڵخلیسکانی هەبووە، خاکەڕایانە بە شک و گومانەوە بۆچوونی خۆی دەربڕیوە کە نیشانەی کاردرووستی و ئەمانەتداریی لێکۆڵەری ڕیشەناسە. من ئەوەندەی لە سەر ئەو فەرهەنگە توێژینەوەم کردووە و لە سەر وشەکانی ورد بوومەتەوە، لە هیچ شوێنێک چاوم بە زانیارییەک نەکەوتووە کە سەرچاوەکەی سست و لەرزۆک بێت یا لە کانگای هەست و سۆزەوە هەڵقوڵیبێت بەڵکوو بەشی هەرەزۆر و نزیک بە تەواوی زانیاری و بۆچوونەکان دەگەڵ یاسا و ڕێسای زمانەوانی دەیگرنەوە و دەکرێ مۆری زانستی ئەو بەستێنەیان لێبدرێت.
 
   دە کۆتاییدا پێویستە بڵێم کە هەر ئەوجۆرەی پێشتر ئاماژەم پێکرد، بە هۆی دژواری و لێڵی و گۆماناوی بوونی ئەو زانستە، کەمتر کەس خۆ لە قەرەی ئەو زانستە دەدا و تەنانەت لێشی نزیک نابێتەوە و توخونی نابێ؛ بۆیە دوای تەواو بوونی ئەو فەرهەنگە گەورە و بەنرخە -کە خوڵقاندنەکەی بەڕاستی تاقەت‌پڕووکێنە و کاری هەرکەس نییە- من تەنانەت دێڕێکیشم نەدیوە کە دەبارەی ئەو فەرهەنگەدا نووسرابێ؛ جا نازانم نەنووسراوە یا ئەمن بێ‌خەبەرم و ئاگادار نیم. ئەگەر نەنووسراوە، شتێکی زۆر ئاساییە و نیشانەی لاوازی و بێ‌باخی ئەو فەرهەنگە نییە بەڵکوو پێچەوانەی ئەوە درووستە. بە دڵنیاییەوە دەڵێم کەم کەس هەیە بتوانێ بڵێ کە ئەو فەرهەنگە چ پێگە و جێگەیەکی هەیە یا بتوانێ بڵێ کە ئەو فەرهەنگە باشە یا خراپ. تەنانەت فەرهەنگ‌نووس و فەرهەنگ‌ناسەکانیش ئەو گرفتەیان هەیە. مامۆستا بۆخۆشی دە کۆتایی بەرگی شەشەمدا درکاندوویەتی کە کەسی شارەزا و شیاوی چەنگ نەکەوتووە کە هەڵەچنی بۆ بکا. منیش دەگەڵ مامۆستا هاوڕام و بۆچوونم ئەوەیە کە هەرکەس لە سەر زانستی ڕیشە‌ناسی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی نەکردبێ و شارەزایی و ئاشنایەتی لە سەر زمانە کۆن و باستانییەکانی: پەهلەوی، زمانی ئێرانی باستانی پێش پەهلەوی، ئەوێستایی، سەنسکریت و زمانە زاڵەکانی هاوسێ و تاڕادەیەکیش زمانە هاوڕیشەکانیتر نەبێت، ناتوانێ ئەو فەرهەنگە هەڵسەنگێنێ و بەراوردی بکا. هەڵکەوتنی ئەو کەسانەش زۆر چەتوون و ئەستەمە و بە قەولی عەڕەبان وەکوو "النادر کالمعدوم ( وەکوو نەبێ وایە)"وایە. ئەو کەسە ئەگەر زمان‌زان و زمانەوانێکی لێهاتوو و لێزان و چازانیش بێت یا فەرهەنگ‌ناس و فەرهەنگ‌نووسێکی سەرکەوتوو و نێوبەدەرەوەش بێت، بەڵام ئەگەر لە سەر ئەو بابەتانە کە باسم کرد، توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی نەکردبێ و خەزینەی تەمەنی دە ڕێگای ئەو بابەتانەدا خەرج نەکردبێ، تەنیا دەتوانێ لە سەر شێواز و ساختاری ڕواڵەتی ئەو چەشنە فەرهەنگانە ( فەرهەنگەکانی ڕیشەناسی)، بیروبۆچوونی خۆی دەرببڕێ نەک لە سەر ناوەرۆک و ڕەهەندە زانستی و خاڵە بەهێز و لاوازەکانی ئەو چەشنە فەرهەنگانە. کەوایە هۆی نەنووسرانی ڕەخنە و بابەت لە سەر "فەرهەنگی ڕیشەی وشەی کوردی" مامۆستا نانەوازادە دە پانتایی ئەو کوردوستانە هەراو و بڵاوەدا، لاوازی و کەم بایەخی ئەو فەرهەنگە نییە بەڵکوو بایەخی زۆر و پێگە و جێگەی بەرزی ئەو فەرهەنگەیە کە دەستی زانستی هەرکەسێکی وێڕاناگا. ئێستاش کە من قۆڵی جەسارەتم هەڵماڵیوە و ڕەخنە و بابەتم لە سەر ئەو فەرهەنگە نووسیوە و هەڵمسەنگاندووە و بەراوردم کردووە، بە هۆی نەبوونی کەسانی شارەزا و لێهاتووی ئەو بەستێنە و قاتی و قاقڕی ئەو گۆڕەپانە واتا مەیدانی بەرین و پانی ڕیشە‌ناسی وشەیە و بەو مانایە نییە کە من ئەو کەسەم کە مامۆستا نانەوازادە بەدوایدا دەگەڕێ؛ یا بەو مانایە نییە کە من داوای پسپۆڕی و شارەزایی تەواوم دەو زانستەدا هەبێت بەڵکوو بە پێی ئەوەیکە چەندین ساڵە  پێوەندی و ئۆگریم بە دەریای بێ‌بنی ئەو زانستەوە هەیە و بە دەست و باهۆی ئەوین و خۆشەویستی دەو دەریایەدا پەلەقاژەم کردووە بەڵام مەلەوانی نەخنکی ئەو دەریایە نیم و دەستم وە گەوهەری مەبەست ڕانەگەیشتووە؛ بە واتایەکیتر، بە پێی ئەوەیکە چەندین ساڵە دە گوڵستانی ئەو زانستەدا، لە سەر لق و پۆی زمانەکان چڵاوچڵم کردووە و ئێستاش هەر دە هەڕەت و قۆناخی دارەدارەی زانستی ڕیشە‌ناسیدا ماومەوە؛ بەڵام بەوحاڵەش بە ئەرکی خۆم زانی کە هەرچەند کەم‌وکوڕیشی هەبێت، دەبانی زبان لە کالانی کپی دەربێنم و پەردەی بێدەنگی لە سەر ئەو فەرهەنگە باشە دادڕم بەشکم بتوانم ئەوجۆرەی کە شیاوە -سەرەڕای هەبوونی هێندێک کێشە کە لە چاو حەجم و قورسایی کارەکە زۆر کەمن- ئەو فەرهەنگە بەنرخە بە خوێنەران و بەردەنگان بناسێنم و لەچاو قۆناخی پێشتری ڕیشە‌ناسیی زمانی کوردی

پلە و پایە و پێگە و جێگەی ئەو فەرهەنگە دیاری بکەم و بە بەردەنگان بڵێم کە مامۆستا چۆن باری گران و ئەرکی قورسی نووسینی ئەو فەرهەنگەی بەتەنێ و بە تاکەکەسی و بێ‌یارمەتیدەر و پشتیوان بە پشت و شان و پیلی لەخۆبردوویی و بە کۆڵی تێکۆشان و کۆڵنەدەری و نەبەزی هەڵگرتووە و لەچاو قۆناخی پێشتری ڕیشە‌ناسیی کوردی -بە بەراورد دەگەڵ فەرهەنگە بەنرخەکەی مامۆستا جەماڵ نەبەز-، مەودایەکی زۆری بەرەو پێش بردووە و بە شان و پیلی زانست و بە باهۆ و مەچەکی لێزانی و لێهاتوویی بۆ پلەی شیاوی خۆی بەرز کردۆتەوە. هێندێک پێیانوابوو کە دۆڵپای تەوەززەلی و هیوابڕاوی و پێبەندی وازوازی بوون، بوو بە هۆی ئەوەیکە مامۆستا دە ڕابردوودا پشت دە فەرهەنگە هەرمانەکەی "هەرمان"بکا و وازی لێ‌بێنێ بەڵام بە هاتنی هەوەڵ بەرگی "فەرهەنگی ڕیشەی وشەی کوردی"، ئەمن ئەرخەیان بووم کە مامۆستا لە "فەرهەنگی هەرمان" نەبان نەبووە و پشتی تێنەکردووە بەڵکوو ویستوویەتی بەو کارە "فەرهەنگی ڕیشەی وشەی کوردی" کە هەڵگر و داگری "فەرهەنگی هەرمان" یشە، بەرهەمێکی چاکتر و باشتر بخوڵقێنێ و زانیویەتی کە ئەگەر بۆخۆی قۆڵ هەڵنەماڵێ و ئەو کارە ڕانەپەڕێنێ، ئەگەری ئەوە زۆرە کە دایکی ڕۆژگار ڕۆڵەیەکی وەکوو خۆی بەدی نەهێنێ کە کۆرپەیەکی ئاوا لەبەر دڵان و خنجیلانە واتا "فەرهەنگی ڕیشەی وشەی کوردی" بخوڵقێنێ و چارەنووس ئەو زەبرەش لە کورد و زمانی کوردی بوەشێنێ و تووشی خەساری نەبوونی وەها فەرهەنگێکیشی بکا. بێ‌گومان مامۆستا بۆ نووسینی ئەو فەرهەنگە و خوڵقاندنی ئەو بەرهەمە بێ‌ڕکابەرە، دەیان ساڵ کەلێن و قوژبنی زمانە جۆراوجۆر و وشەکانی سەنگ و سوژن داوە و شەونخوونی و چەرمەسەری و تاڵی و سوێرییەکی زۆری بینیوە تاکوو خوێنەران، بەردەنگان و ئاخێڤەرانی زمانی کوردی شیرنایی ئەو بەرهەمە بچێژن. بە قەولی عەڕەبان دونیا هەروا بووە و هەرواش دەبێ کە: زووخاوی دڵی هێندێکان، زاخاوی مێشکی هێندێکیترە(بذا قَضَتِ الایامُ مابَینَ اهلِها / مَصائبُ قومِِ عندَ قومِِ فَوائدُٗ).
    دە کۆتاییدا لە خودای میری مەزن دەپاڕێمەوە کە تەمەنی مامۆستا درێژ بکا و داری تەمەمەنی بەپیت و بەرەکەتی بەرهەمی زۆرتر و بەکەڵکتر پێ‌بگەیێنێ و ڕۆژ بەڕۆژ پلەکانی زانست - بە تایبەت زانستی ڕیشەی وشە- بە پەیژەکانی لێهاتوویی و لێزانیدا تێپەڕ بکا و بەرەو لوتکە پێهەڵچێ تاکوو بتوانێ دیسان ئەو ئەرک و بارە قورسە هەڵگرێ و بەرەو پێشتری بەرێ. لە ئاخێڤەرانی زمانی کوردیش داواکارم کە ئەمەگناسانە و پێزانانە بایەخی ئەو فەرهەنگە بزانن و بێ‌خەبەر نەبن کە ئەو فەرهەنگە تا ئێستا بێ‌ڕکابەر و تاقانەیە و هۆی شانازی هەر کوردێکی ئەوینداری زمانەکەیەتی.


سەرچاوەکان

ـ فرهنگ آکسفورد
ـ فرهنگ دهخدا
-آذرتاش، آذرنوش (۱۳۹۲)، فرهنگ معاصر عربی-فارسی، تهران، انتشارات فرهنگ معاصر، چاپ پانزدهم.
- آریان‌پور کاشانی، منوچهر (۱۳۸۸)، بزرگ فرهنگ انگلیسی-فارسی، تهران، نشر الترونیکی و اطلاع‌رسانی جهان رایانه امین، چاپ اول.
- آقاگل‌زاده، فردوس / داوری حسین (۱۳۹۳)، فرهنگ ریشه‌شناسی واژه‌های فارسی در زبان انگلیسی، تهران، انتشارات علمی، چاپ اول.
- آیتو، جان(۱۳۸٦)، فرهنگ ریشه‌شناسی انگلیسی، ترجمه حمید کاشانیان، تهران، فرهنگ نشر نو، چاپ اول.
- ابوالقاسمی، دکتر محسن(۱۳۷٤)، ریشه شناسی، تهران، انتشارات ققنوس.
-اشه، رهام(۱٤۰۰)، زبان پارسیک، پارسی از: مریم تاج‌بخش و لقمان برزگر، تهران، کتاب سده، چاپ سوم.
-اشمیت، رودیگر(۱۳۸۲)، راهنمای زبان‌های ایرانی، مترجمان: آرمان بختیاری، عسکر بهرامی و ...، تهران، انتشارات ققنوس، چاپ دوم.
- برومند سعید، دکتر جواد(۱۳۸۳)، ریشه‌شناسی و اشتقاق در زبان فارسی، کرمان، دانشگاه شهید باهنر.
-بهرامی، احسان(۱۳٦۹)، فرهنگ واژه‌های اوستا، تهران، نشر بلخ، چاپ اول.
- جلالی نائینی، دکتر سید محمدرضا (۱۳۷٥)، فرهنگ سنسکریت-فارسی، تهران، پژوهشگاه علوم انسانی و مطالعات فرهنگی، چاپ اول.
-حاجی مارف، ئەوڕەحمان(۱۳۹٦)، ڕێزمانی کوردی، کەرەج، بڵاوگەی مانگ، چاپی یەکەم.
-حاجی مارف، پ.د. ئەوڕەحمان، فەرهەنگی زاراوەی زمان‌ناسی، هەولێر، ڕۆژهەڵات، چاپی دووهەم.

- حق‌شناس، علی‌محمد۱۳۹۳)، فرهنگ هزاره، تهران، انتشارات فرهنگ معاصر، چاپ هشتم.
-حسن دوست، محمد(۱۳۹۹)، فارسی باستان(کتیبه‌ها، واژه‌نامه‌ها)، تهران، نشر آثار.
ـ حسن‌دوست، محمد، (۱۳۹۳)، فرهنگ ریشه‌شناختی زبان فارسی، تهران، نشر آثار، چاپ اول.
ـ دالوند، دکتر یاسر(۱۳۹۹)، مینوی خِرد، تهران، کتاب سده، چاپ اول.
ـ رضایی باغ‌بیدی، حسن(۱۳۹۸)، مقدمات زبان سنسکریت، تهران، انتشارات سمت، چاپ اول.
ـ رضایی باغ‌بیدی، حسن(۱۳۹۱)، واژه‌نامه موضوعی زبان‌های باستانی ایران، تهران، فرهنگستان زبان و ادبیات فارسی، چاپ اول.
ـ زەبیحی، عەبدوڕەحمان(۱۳٦۷)، قاموسی زبانی کوردی، ڕەزایە، ناوەندی بڵاوکردنەوەی فەرهەنگ و ئەدەبیاتی کوردی.

- شریف زاده، ناهید((۱۳۷٤)، واژه‌نامه زبان فارسی(فارسی به انگلیسی و انگلیسی به فارسی)، تهران انتشارات نگاه، چاپ اول.
ـ صالحی، محمدقلی(۱۳۹۸)، تبارشناسی واژگان زبان ایرانی، قزوین، انتشارات مهرگان دانش، چاپ اول.
ـ صفارمقدم، احمد (۱۳۸۸)، وندهای رایج در زبان انگلیسی، تهران، پژوهشگاه علوم انسانی و مطالعات فرهنگی، چاپ دوم.
ـ عریان، سعید(۱۳۹۲)، راهنمای کتیبه‌های ایرانی میانه، تهران، نشر علمی، چاپ اول.
ـ عریان، سعید(۱۳۹۹)، متن‌های پهلوی، تهران، نشر علمی، چاپ چهارم.
ـ فرشیدورد، دکتر خسرو(۱۳۹۲)، فرهنگ پیشوندها و پسوندهای فارسی، تهران، انتشارات زوار، چاپ دوم.
ـ فره‌وشی، دکتر بهرام(۱۳۸۸) فرهنگ فارسی به پهلوی، تهران، انتشارات دانشگاه تهران، چاپ چهارم.
ـ فره‌وشی، دکتر بهرام(۱۳۸۱)، فرهنگ زبان پهلوی، تهران، انتشارات دانشگاه تهران، چاپ چهارم.
ـ قیِّم، عبدالنبی(۱۳۹۷)، فرهنگ معاصر عربی ـ فارسی، تهران، انتشارات فرهنگ معاصر، چاپ سیزدهم.
ـ کۆڕی نانیاری کورد(۱۳۹۷)، ڕێزمانی ئاخاوتنی کوردی، سنە، بڵاوکەرەوەی کوردستان، چاپی یەکەم.
ـ گ. کنت، رولاند(۱۳۹٥)، فارسی باستان (دستور زبان، متون، واژەنامە)، ترجمە سعید عریان، تهران، نشر علمی، چاپ نخست.
ـ محمدبن خلف تبریزی(۱۳۷٦)، برهان قاطع، به اهتمام محمد معین، تهران، انتشارات امیرکبیر.
ـ محەممەد، مەسعود(۱۳۹٦)، زاراوەسازیی پێوانە، کەرەج، مانگ، چاپی یەکەم.
ـ معلوف، لویس(۱۳۸٦)، المنجد، ترجمە محمد بندرریگی، تهران، انتشارات ایران، چاپ ششم.
ـ مردوخ، روحانی(۱۳۸٦)، فرهنگ فارسی ـ کردی، سنندج، دانشگاە کردستان، چاپ اول.
ـ معین، محمد(۱۳۷٥)، فرهنگ فارسی، تهران، انتشارات امیرکبیر، چاپ دهم.
ـ موکریانی، گیو(۲۰۱۷)، فەرهەنگی کوردستان، هەولێر، ڕۆژهەڵات، چاپی دووەم.
ـ مولایی، دکتر چنگیز(۱۳۹۸)، راهنمای زبان فارسی باستان(دستور زبان، گزیده متون، واژه‌نامه)، تهران، آوای خاور، چاپ نخست.
ـ مولایی، دکتر چنگیز(فرهنگ زبان فارسی باستان)، تهران، ایران شناسی و خاورشناسی، چاپ نخست.
ـ مەردوخ ڕوحانی، ماجد(۱۳۹۷)، فەرهەنگی زانستگای کوردستان، سنە، زانستگای کوردستان، چاپی یەکەم.
ـ مەلا ساڵح، حەکیم(۲۰۰۸)، سانسکریتی سەرچاوەیێکی دێرینی زمانی کوردی، سلێمانی، سەردەم، چاپی یەکەم.
ـ میرزایی، نجف علی(۱۳۸۸)، فرهنگ اصطلاحات معاصر(عربی ـ فارسی)، تهران، انتشارات فرهنگ معاصر، چاپ اول.
ـ ناتل خانلری، دکتر پرویز(۱۳۸۲)، تاریخ زبان فارسی، تهران، فرهنگ نشر نو، چاپ هفتم.
ـ نانەوازادە، عەلی(۱۳۸۰)، فەرهەنگی پەهلەوی، تاران، تەوەککولی، چاپی یەکەم.
ـ نانەوازادە، عەلی(۱۳۹٦)، فەرهەنگی ڕیشەی وشەی کوردیی، تاران، پەخشانگای "هم‌صدا"، چاپی یەکەم.
ـ نانەوازادە، عەلی(۱۳۸۰)، فەرهەنگی هەرمان، تاران، تەوەککولی، چاپی یەکەم.
ـ نەبەز، جەماڵ(۲۰۰۸)، ئێتیمۆلۆژیای زمانی کوردی، ماڵپەڕی کوردبوون : www.kurbun.de