تاریخ: ۱۴۰۱/۱۱/۲۱
سەرەدار بڕینەوە
عەلی نادری

لە ڕابردوودا لە شار و زۆر لە گوندەکانی مەهاباد کاتی داڕەڕا کردنی بانەکان ، بە داری بڕێک درێژتر سەربانەکانێان دادەپۆشی و زیادەکەی لە حەوشەی یا لە کووچەی دەهاتە دەرێی و هەروا دەیان هێشتەوە.

برای بەڕێز و زانا و قسەخۆش ، کاک حەسەن شەریفی (خاوەن کتێب فرۆشی خانی) لەو بارەی بیرەوەرێکی خۆشی بۆناردووم و ئاوا دەگێرێتەوە: کاروانسەرایەکمان هەبوو، سەرەدارەکانی هەندێ رێک و پێک و نیزیک میترێک لە سەربانی سەریان هێنابووە دەرێ.

ئەمنیش بزۆز و بەهێز و پڕئێنێڕژی وەکو بەندبازان خۆم پێهەڵداوەسین و ئەوسەرەوسەرم دەکرد، ئاگام لە دڵی دایکم نەبوو ، چۆن دەسووتێ.

بابم نەمابوو و جوابی کەسم نەدەداوە، خۆم بە قارەمان و تاق دەزانێ. ڕۆژ تا ئێواریە خەرێکی هەڵاجوقە و هەڵپەڕین وداپەڕین وکایە بەو دارانە بووم ئەوەی گوێم لێنەبوو ، وامەکە و دەکەوی و ڕۆڵە زگ سوتاوم مەکەی دایکم بوو، ڕۆژێکی دۆست وخزمێکمان که گەورەی بنەماڵە و خۆشەویست و قسەڕەوا و دەست ڕۆیشتوو و جێ ڕێزی من وهەمووان بوو، زۆر کز و کەساس لەماڵەمە ، لەبەرهەیوانێ چای دەخواردەوە و هەر لەبەرخۆیەوە دەیکوت: وەگیرناکەوێ، پیس دەگیر کەوتووم، دوسێ جاری کوت وکوتێەوە، ئاخری لێم پرسی: چت وەگیر ناکەوێ؟

بڕێ دەفکر ڕاما کوتی:

هەندێ قوڵە داری نیو گەزی، شتێک قوڵەتر و درێژترم دەوێ، دەبێ ویشک بن، ئەو بازارەم سەر لەبەر کردووە ، وەگیرم ناکەوێ، تێ ماوم نازانم چ پکەم و پەنا بۆکوێ بەرم؟

سەرێکم هەڵێنا، سەرەدارەکانی لە گوێ سوانەی درێژتر لە سەربانی کە ئامرازی بەندبازی خۆم بوون ، نیشانی ماماغا دا، کوتم: بڵێی ئەوانە ببڕم کاری تۆ ڕاست نەهێنن؟

سەرێکی هەڵبڕی، چاوێکی لە دارەکانی دارەڕا و ئاڵودارە درێژەکانی لە سوانەی سەربان و بەرهەیوانێ هاتبوونە دەر و زیادی بوون کردو و بەسەر سوڕمانەوە کوتی:دەک ماڵتە، دەستخۆش ، ئەی بۆ هەتا ئەوڕۆ نەمدیتون؟! کوڕە ئەگەر بۆمان  ببڕدرێن قسەی تێدا نیە، بەڵام کوا دەبڕدرێن وکێ دەخۆی ڕادەبینێ بیانبڕێ؟

ئەوانە زۆر بڵیندن ونێردیوانی درێژ و پیاوی ئازایان دەوێ، کوتم: ئەتۆ مشارێکی لەدەستان خۆشم بۆ پەیدا کە، کارت بەوانە نەبێ، بە سیغار کێشانێک هەموویان دەبڕمەوە و لەلێژنەیان دەدەم، کوتی: نا کاری تۆنییە.

کوتم: هەر کاری منە و کەس پێی ناکرێ.

زەردەیەکی هاتێ و کوتی: دەی لەوگێژاوە ڕزگارم کە، مشاری چاکم پێ شک دێ ئەوە دەچم بۆت دێنم، چایەکەی تەواو نەخواردەوە، نیوەچڵ بەجێی هێشت، هێندەی پێ نەچوو، بە قوڵە مشارێکی لەدەستان خۆش، بەزیتە زیتی چاوان و ڕووی خۆش و بزە و پێکەنینەوە هاتەوە، دایکم زۆری پێخۆش بوو کە کوڕە چکۆڵەکەی  کاری گەورەی لەدەس کەس نەهاتووی بۆ گەورەی بنەماڵە و خۆشەویستی گەڕەک ئەنجام دەداو دەبێتە جێ شانازی وباسی هەمو دۆست و ئاشناو خزم و کەسان، هەر مشارەم لێ وەرگرت، وەکوو بچمە خەزایە و فەتح و سەرکەوتنێکی گەورەم  بەدەستەوەبێ، بەورە و تین و تاقەت وغورورەوە ، چوومە سەرەدار بڕینەوە، دارەکان بەقەرا باسکم ئەستوربوون، سی چل ساڵ بوو بارانیان پێدا باریبوو، تاو لێدا بوون، ئاوێژە ببوون، ویشک ببوونەوە، زۆر هاسان و زوو بڕدرانەوە. کوتم: ماماغا باشە؟

قومێکی لە چایەکەی خواردەوە، مژێکی لەسیغارە دەسپێچەکەی دا، چڕەدوکەڵی سیغارەکەی ئەو بەرهەیوانەی هەڵگرتبوو، چاوێکی لێکردن وکوتی، زۆرباشن، بەڵام کەمەو بەش ناکا.

کوتم :دەی ئەوە ئی نهۆمێکە، ئەوانەی نهۆمی دوهەمیش دەبڕم، بڵێی بەش بکا؟

 کوتی: کوڕە ، پیاوی پیاو، لەخۆڕا نیە له هەموو جێگایک پێت دەنازم دەچایەکی بخۆوە و پشوویەکی بدە و ئەوانیشم بۆ ببڕەوە، هێندە شایی بەخۆ بووم ، وای هاندابووم، وازم لەچا و پشوو هێنا و تەقڵەکوت، کوتامە سەر سەرەدارەکانی دیکەش، ها ببڕەوە، ماماغا پێت دەنازێ، بەوجۆرە هەموو دارەکانی زیادی گوێسوانەی هەردووک نهۆمم بڕێوە، چوومەوە لای ماماغا کوتم : باشە؟ بەش دەکەن؟

کوتی :ئەرێ وەڵڵە، دەستت خۆش بێ، چیدی خۆیان پێ هەڵماوەسە، با ئەودایکە هەناسە ساردە سەغیربارە لێقەوماوەت دڵی دانەخورپێ، بەوسەرەدارانە وبە کترێ ڕەشە جاروبار چایەک بۆخۆت و مامی خۆت لێبنێ. باوەڕم نەدەکرد، دایکم دەردەدڵی بۆ کردبێ و ماماغا بەوفێڵە دارەکانی بەندبازی وکایەم  بەدەستی خۆم پێ ببڕێتەوە.

خودا لێی رازی بێ، پیرێکی بەئەزمون بوو.