تاریخ: ۱۴۰۱/۶/۲۰
مامۆستا خالق قوبادی؛ مامۆستای هەڵکەوتە، ڕاهێنەری ڕەوشت‌بەرز و فێرکاری کۆڵنەدەر
دوکتۆر ئەحمەد ئەحمەدیان؛ زمانناس و توێژەر
قوتابییەکانی قۆناغی دواناوەندیی شاری مەهاباد لە 60ـەکان و 70ـکان و 80ـکان بە گشتی و، هەروەها قوتابییانی قوتابخانەی دواناوەندیی شەهید شاریکەندی لە 60ـکان بەتایبەتی، مرۆڤێکی ڕەوشت‌بەرز و نەفس‌پاک و هەڵسووڕا و لێزان و چازان و پسپۆڕ و خاوەن‌ئەزموونییان له گۆڕەپانی ڕاهێنان و بارهێنان و فێرکاریی وەرزیشی لەبیرە کە تەواو جیاواز بوو لە هاوپیشەکانی تری خۆی. مامۆستا خالق قوبادی ئەو مامۆستا ئاکاربەرز و نەرم و نیان و لێبووردە و بەئەزموون و ناسراوە بوو کە قوتابییانی لەڕادەبەدەر متمانەیان پێی بوو و زۆریان خۆش دەویست. ئاستی بەرزی ویژدانی پیشەیی و چالاکیی فرەبواری لە گۆڕەپانە جیاجیاکانی وەرزیشی و هەلسووڕاوی و حەول و دەولی شوێن‌دانەر و ڕاژە و خزمەتە بێ‌وێنە و بێ‌بەرانبەرەکانی ئەو شارۆمەندە دڵپاک و لێزان و پسپۆڕە ببووە هۆی ئەوەی هاوکات لە قوتابخانە دواناوەندییەکان و هەروەها لە گۆڕەپانە وەرزیشییەکان وەک ڕاهێنەرێکی بە ئەزموون و فێرکارێکی دڵسۆز و بارهێنەرێکی هەڵکەوتە، ببێتە جێی شانازیی شار ومەڵبەند و تەنانەت پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا. مشوورخۆریی لەڕادەبەدەر و پەیجۆریی داهاتووبینانە و بەدواداچوونی بەرپرسیارانەی ئەم مامۆستا بلیمەتە لە سەرجەم بوارە وەرزیشییەکان‌دا بۆ بەرزکردنەوە و وەپێش‌خستن و گەشەپێدانی ئاستی وەرزیشی و تەندروستی شارۆمەندانی مەهابادی و تۆمارکردنی شانازیی وەرزیشی لە مێژووی وەرزیشی ناوچەی موکریان، لە تێکڕای ژیانی پسپۆڕانە و ڕاهێنەرانە و فێرکارانەی خۆی دا، شتێک نییە کە بشاردرێتەوە و نکۆڵی لێ بکری. بارهێنانی وەرزشوانی بژاردە و دۆزینەوەی وزە شاراوەکانی بواری وەرزیشی و وەدیارخستن و گەشاندنەوەی لێهاتوویی  لاوان و تازەلاوانی بەهرەمەندی مەهابادی لە سەرجەم لقە جۆراوجۆرەکانی وەرزیشی‌دا، هەڵقوڵای ڕووحی ڕاژە و خزمەتگوزاری و دڵسۆزیی بێ‌وینە و هەروەها زانست و توانستی وەرزیشی ئەو مامۆستا خاوەن‌ئەزموون و لەکڵ‌دەرهاتوو و هەڵکەوتەیە بوو.
 
من خۆم وەک قوتابییەکی مامۆستا خالق قوبادی کە ساڵی خوێندنی 70_69 و لە پۆلی چواری تەجروبی‌ لە قوتابخانەی دواناوەندیی شەهید شاریکەندی ئەو فەخر و شانازییەم پێ‌بەخشرا کە لە وانە بەپێز و جیاوازەکان و فێرکاری و بارهێنانی وەرزیشی و تەندروستی و هەروەها ئەزموونی بێ‌هاوتای ئەو مامۆستا هەڵکەوتەیە کەڵک وەرگرم، دەمدیت کە هاوپۆلەکانم و گشت قوتابییانی ئەم قوتابخانە ناوبەدەرەوەیە، ئەمەگناسانە و پێزانانە گوێڕایەڵی پەند و ئەزموون و ئامۆژگاری و وانەی فێرکاری و ڕاهێنانی ئەم کەسایەتییە خاکەڕا و ڕەوشت‌بەرز و دڵسۆزە بوون. ئەوەی بۆ ئێمەی قوتابی سەرنجڕاکێش بوو، جیا لە ئەزموونی بێ‌وێنە و لێهاتوویی و شارەزایی و پسپۆڕی و لێزانی لەڕادەبەدەری ئەم مامۆستا هەڵکەوتەیە لە سەرجەم لقە وەرزێشییەکان، خوو و خدەی خاکەڕایانە و نەفس‌بەرزی و ئاکارتەرزی و بەتایبەتی کەسایەتیی هێمن و هێدی و لەسەرەخۆی ئەم مامۆستا خۆشەویستەمان بوو کە ئەو خوو و خدە کەم‌وێنەیەی بەڕاستی هێورکەرەوەی باری ڕووح و بیر و جەستە و زەینمان بوو لەو قۆناغە هەستیار و سۆزناکەی ژیانمان‌دا.
 
مامۆستا خالق قوبادی لە ساڵەکانی ناوەڕاستی دەیەی 60 وەک ڕاهێنەری یانەی فووتباڵی هیلال ئەحمەری مەهاباد چەندین شانازیی هەرە مەزنی بۆ ئەو یانە خۆشەویستە و بۆ مێژووی وەرزیشی مەهاباد و موکریان تۆمار کرد. هەر لەو ساڵانەدا و بە ڕاهێنەریی حەکیمانە و لێزانانەی ئەو مامۆستا هەڵکەوتەیە، یانەی فووتباڵی هیلال ئەحمەری مەهاباد، دوابەدوای یەک‌دا و لە دووساڵ‌دا پلەی هەوەڵ و دووهەمی لە نێو تێکڕای یانەکانی هیلال ئەحمەری ئێران دا وەدەست هێنا. مامۆستا خالق قوبادی، کەسایەتییەکی کتێب‌خوێن و کتێب‌خۆشەویست بوو و ئەو خوو و خدە تەرز و بەرزەی لە ئاکارە و ڕەوتاری ڕۆژانە و هەڵس و کەوتی لەگەل شارۆمەندان و ئۆگران و قوتابییانی دا زۆر جوان ڕەنگدانەوەی هەبوو و کتێب‌خوێندنەوە و موتاڵا و ڕادەی زانیاری و تێگەیشتوویی بردبووە ئاستێکی زۆر بەرزتر لە هاوڕێیانی و لە چالاکان و ڕاهێنەرانی تری بواری وەرزیشی و هەروەها دەراوی بیر و زەینی ڕوون و قووڵ کردبۆوە. مامۆستا خالق قوبادی لە دواساڵەکانی تەمەنی پڕپیت و بەرەکەتی سەرقاڵی نووسینی کتێبێک بوو لە بابەت مێژووی وەرزیشی مەهاباد کە بەداخەوە ئەجەل مۆڵەتی نەدا و بە نیوەچڵی جێی هێشت، هەروەها کتێبخانە خۆشەویستەکەی، کە بەرهەمی تەمەنێک پەیجۆری و بەدواداچوون و مشوورخۆری ئەو بوو، خۆویستانە و خۆبەخشانە بە کۆڕ و کۆمەڵە و ڕێکخراوە خێرخوازی و خۆبەخشەکانی شارە خۆشەویستەکەی  بەخشی و ناو و یادی خۆی هەرمان کرد. خوای تاک و پاک و بێ‌میناک، ڕووحی بەرزی ئەو مامۆستا هەڵکەوتە و دڵسۆز و خاکەڕایە شاد کات و لە بەهەشتی وادەپێدراوی خۆی‌دا بیحەسێنێتەوە.