لیز تره‌س ئه‌و ژنه‌یه كه پێشبینیده‌كرێت ببێته جێگره‌وه‌ى بۆریس جۆنسۆن بۆ پۆستى سه‌رۆك وه‌زیرانى به‌ریتانیا، له‌به‌رامبه‌ریشدا ئه‌م هه‌واڵه خه‌وى له‌چاوى یه‌كێتى ئه‌وروپا زڕاندوه‌و نائارامى باڵى به‌سه‌ریاندا كێشاوه.
ئاژانسى ڕۆیته‌رز ڕاپۆرته هه‌واڵێكى بڵاوكردۆته‌وه‌و ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه، له‌ئێستادا ئەوروپا هەم توڕەیەو هەمیش نائارام، ئه‌ویش دواى ئه‌وه‌ى پێشبینیده‌كرێت لیز ترەس ببێتە سەرۆک وەزیرانی داهاتوی بەریتانیا.
له‌و ڕاپۆرته‌دا دیپلۆماتکاران باسیان لهوهكردوه، لەگەڵ شەڕی ئۆکرانیاو هەڵاوسانی بەربڵاوی ئابوری‌دا، دوا شت کە پێویستیان پێیەتی بیكه‌ن، شەڕێکی دیکەیە سەبارەت بەچونەدەرەوەی بەریتانیا لەیەکێتی ئەوروپا.
ئاژانسه‌كه باسى له‌وه‌شكردوه، له‌ئێستادا لیز ترەس ئه‌گه‌رچى پێشەنگی کێبڕکێی پارتی پارێزگارانی دەسەڵاتدارە بۆ جێگرتنەوەی بۆریس جۆنسۆن، به‌ڵام لەسەرتاسەری یەکێتی ئەوروپا کە 27 وڵاتی تێدایە، هێندە سەرسام نین بەرامبەر به‌م ژنه.
ئه‌وه‌شى به‌بیرهێناوه‌ته‌وه، "ئەو وەک وەزیری دەرەوە، پاڵپشتی یاسایەکی کرد کە بەشێوەیەکی تاکلایەنە بەشێک لەڕێککەوتنی جیابونەوەی بەریتانیا لەگەڵ یەکێتی ئەوروپای هەڵوەشاندەوەو وەک سەرۆک وەزیرانیش بەڵێنیداوە کە پەسەندی بکات، ئه‌وه‌ش هەنگاوێکه لەندەن دەخاتە سەر ڕێڕەوی بەریەککەوتن لەگەڵ برۆکسل".
وته‌كانى ئەو لەکاتی هەڵمەتی سەرکردایەتیدا جارێكى تر بڵاوكراوه‌ته‌وه، "لەکاتێکدا ئامانجی ئەندامانی پارتەکەیە کە چێژ لەهەندێک قسەی خراپ وەردەگرن بەرامبەر فەرەنساو یەکێتی ئەوروپا بەگشتی، بەڵام ئەمە یارمەتیدەر نابێت".
مانگی ڕابردوو پرسیارێك ئاراسته‌ى لیز كراوه كه پێى وتراوه، ئایا ئیمانوێڵ ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا دۆستە یان دوژمنی بەریتانیایە، لە وەڵامدا وتویهتى:"دەستەی سوێندخواردن کۆتاییهاتوە".
دواى ئه‌و وه‌ڵامه، سەرچاوەیەکی حکومەتی فەرەنسا وتویهتى:"ئەو لێدوانانە جەخت لەسەر نەبونی متمانەی نێوان پاریس‌و لەندەن دەکەنەوە کە بەهۆی ئەو تۆمەتانەوە وروژێنراوە کە ماکرۆن هێندە هەوڵینەداوە بۆ ڕێگری‌کردن لەو کۆچبەرانەی کە بەبەلەم دەپەڕنەوە بۆ کەناراوەکانی ئینگلتەرا".
یەکێک لەدیپلۆماتکاران کە بنکەکەی لەبرۆکسلە بۆ ڕۆیته‌رز ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه، "لەچوارچێوەی دۆخی ئێستادا، ئەوە سەرلێشێواوانە کە پێیوایە توانای ئەوەی هەیە لێدوانی لەم شێوەیە بدات، ئێمە 200% سەرنجمان لەسەر شەڕی ئۆکرانیایە، هەڵاوسانی ئابوری بەرفراوان به‌هه‌مانشێوه، به‌ڕاستى ئێمە کاتمان نییە بەفیڕۆی بدەین لەم بابەتانەدا".
بەرپرسانی هەڵمەتەکەی ترەس-یش له‌وه‌ڵامى ئه‌و ڕه‌خنانه‌دا ده‌ڵێن:"ئەو لێدوانانە "گاڵتە"ن‌و بەدوریدهزانین کاریگەریی بەردەوامیان لەسەر پەیوەندییەکانی فەرەنساو بەریتانیا هەبێت".
18ى مانگى ڕابردوو سكاى نیوز لهڕاپۆرتێكدا باسى له‌وه‌كردبوو، قۆناغی پێش كۆتایی هه‌ڵبژاردنی ڕابه‌ری پارتی پارێزگارانی بریتانیا (Conservative)و سه‌رۆك وه‌زیران، ته‌نها مانگێكی ماوه‌و به‌پێی ڕاپرسییه‌كی فه‌رمیش، زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی پارته‌كه ده‌نگیان بۆ لیز تره‌س وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیایه نه‌وه‌ك ڕیشی سهناك وه‌زیری پێشوی دارایی به‌ریتانیاو به‌پێی ڕاپرسییه‌كه، لیز تره‌س یه‌ك هه‌نگاو له‌بون به‌ڕابه‌ری پارتهكهییو سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا دوره.
قۆناغه‌كانی هه‌ڵبژاردی ڕابه‌ری پارت‌و سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا به‌مشێوه‌یه‌یه:
یه‌كه‌م قۆناغ بریتییه له‌بون بهكاندیدو پێویسته كاندیدی دیاریكراو له‌لایه‌ن 20 ده‌نگی ئه‌ندامانی پارته‌كه‌وه پاڵپشتیبكرێت، پاش ئه‌م گه‌ڕه‌ی ههڵهبژاردنهكانی به‌ریتانیا بۆ هەڵبژاردنی ڕابه‌ری پارتی پارێزگاران (Conservatives)و سەرۆک وەزیران، قۆناغی پێشكۆتایی هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی ڕابه‌ری پارتی پارێزگاران ده‌ستپێده‌كات.
بۆ ئه‌وه‌ی براوه‌ی ههڵبژانهكان دیاریبكرێت پێویسته هه‌ر كاندیدێك به 30 ده‌نگ پاڵپشتی بكرێت‌و ئه‌و كاندیده‌ی كه‌متر له30 ده‌نگ بهێنێت له‌هه‌ڵبژاردنه‌كان دورده‌خرێته‌وه، له‌قۆناغی كۆتاییشدا، كاندیدی خاوه‌ن زۆرترین ده‌نگ ده‌بێت سه‌رۆكی پارتی پارێزگاران (Conservatives)و له‌هه‌مانكاتیشدا ده‌بێته سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیاش.