تاریخ: ۱۴۰۱/۶/۸
ساڵح قەفتان، لە کاری ڕۆژنامەگەرییەوە هەتا مێژوونووسی کوردی
خالند عجمی

ساڵح قەفتان نووسەر و مێژوونووسی کورد ساڵی ١٨٨٥ی زایینی لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. ناوبراو سەرەتای خوێندنی لە قوتابخانەی ڕووشدییەی عەسکەری خوێندووە و دواتر قۆناغی سەرەتایی سەربازیی لە بەغدا و لە کۆلێژی سەربازی سوڵتانی لە ئەستەنبوڵ تەواو کردووە.

 

لە سپایی عوسمانی وەک ئەفسەر دامەزراوە. لە سەردەمی شێخ مەحموددا لە قوتابخانەی مەحمودییەی سلێمانی مامۆستای جوغرافیا و مێژوو بووە، دواتر بە بەڕێوەبەری قوتابخانەی فەیسەڵییە و پاشتریش بەڕێوەبەری ناوەندی سلێمانی هەتا ساڵی ١٩٣٥ی زایینی خانەنشین کراوە.

ساڵح قەفتان یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی رۆژنامەی بانگی کوردستان لە ئەژمار دێت، لە ساڵی ١٩٣٧ی زایینی رۆژنامەی زبان‌ی لە سلێمانی دەرکردووە.

لە ساڵی ١٩٣٨ی زایینی گۆڤاری زانستی لە سلێمانی بڵاو کردەوە و لە گۆڤاری گەلاوێژ و ڕۆژنامەی ژیان و ڕووناکی و بڵاوکراوەکانی ئەو سەردەمەدا گەلێک نووسین و وتاری نووسیوە و بڵاوی کردۆتەوە.

 

ساڵح قەفتان بایەخێکی تایبەتی داوە بەنووسین و لێکۆڵینەوەی مێژووییەکان هەر بۆیە بە یەکێک لە مێژوونووسە گەورەکانی کورد دادەندرێت.

 

لەپاش خۆی چوار کتێبی بەنرخی بۆ بەجێ هێشتووین کە بریتین لە:

١. پەندی تەئریخی

٢. بەراوردێکی تەئریخی و ئەهەمیەتی زمان

٣. نەتەوەی کورد تورکمان نیە

٤. مێژووی گەلی کورد لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ

 

شایانی ئاماژەیە ڕێکەوتی ٣٠ی ئاگۆستی ساڵی ١٩٦٨ی زایینی مێژوونووس و ڕووناکبیری ناسراوی کورد مامۆستا ساڵح قەفتان، لە تەمەنی ٨٣ ساڵی دا کۆچی دوایی کردووە.