تاریخ: ۱۴۰۱/۶/۸
مامۆستا مەلا عەبدولکەریم مودەڕیس ئەو زانا ئایینیەی کە جێ پەنجەی لەسەر گەشەی زمانی کوردی دیارە
 مامۆستا مەلا عەبدولکەریم مودەڕیس زانای ئایینی، نووسەر، شاعیر و موفەسیری پایەبەرزی کورد ساڵی ١٩٠١ی زایینی لە گوندی گوێزەکوێرەی سەر بەشاری مەریوان لەدایک بووە بەڵام هێندێک لە سەرچاوەکان دەڵێن لە دێی تەکیەی ناوچەی خورماڵ لەدایکبووە، بەڵام مامۆستا عەبدولکەریم کە ناوی تەواویی عەبدولکەریم کوڕی محەممەد کوڕی فەتاح کوڕی سلێمان کوڕی مستەفا کوڕی محەممەد خەجێیە لە عەشیرەتی قازیی ناوچەی مەریوان لە ئەژمار دێت و لە گوندی گوێزەکوێرە هاتۆتە دنیاوە.
 
سەرەتا خوێندنی بە قورئان و پەرتووکە ئایینییەکان دەست پێکردووە و گوندەکانی بەیەڵە و بالک و کانی سانان و دەرەتفێ و دووڕۆ گەڕاوە. لەسەرەتای ھەڵگیرسانی جەنگی یەکەمی جیھانیدا لە مزگەوتی مەڵکەندی شاری سلێمانی نیشتەجێ بووە و دواتر چۆتە مزگەوتی مەلا محەممەدئەمین بالیکەدەری و لە ساڵی ١٩٢٤ی زایینیدا لە مەڕاسیمێکی گەورەدا لە شاری سلێمانی ئیزنی مەلایەتی لەسەر دەستی زانای ئایینی شێخ عومەری ئیبن قەرەداغی وەرگرتووە. دواتر بووە بە مەلای گوندی نێرگسەجار تا دواتر لەسەر داوای حەزرەتی شێخ عەلائەددین نەقشبەندی دێتە بیارە و لەوێ دەگیرسێتەوە. بە پێی هێندێک سەرچاوە نازناوی مودەڕڕیس بۆ وانەبێژی خانەقای بیارە دەگەڕێتەوە کە لەوێ بە ماوەی ٢٥ ساڵ خزمەتی زانست و فەرھەنگی کوردی کردووە.
 
مەلا عەبدولکەریمی مودەریس لە ساڵی ١٩٦٠ لە مزگەوتی شێخ عەبدولقادری گەیلانی لە بەغدا بەناونیشانی «مودەریس» دامەزراوە، زیاتر لە ٥٠ فەقێ لەسەردەستی ئیزنیان وەرگرتووە، ھەر لەو کاتەوە بەبێ پشوودان خەریکی وانەوتنەوە لە زانستە شەرعی و وێژەی و عەرەبییەکاندا بووە. مەلا عەبدولکەریمی مودەریس چەندین پەرتووک و بەرھەمی وەک نووسینەوەی ژیان و بەسەرھات و شێعری چەندین شاعیری وەک مەولانا خالید و شێخ عوسمان سەراجەدینی بڵاو کردووتەوە، ھەروەھا چەندین شێعریشی لەژێر نازناوی «نامی» دا گووتووە. ناوبراو ڕۆڵێکی گرینگی لە بەکوردی کردنی فیقھی ئیسلامی و تەفیسری قورئان و تەجویددا هەبووە.
مامۆستا لە بیارە بۆ ماوەی ٢٣ ساڵ دەمێنێتەوە و هەر لەم چەند ساڵەدا زۆر کەس بەهرەی بەرزی زانستیان لێ وەرگرتووە و لەسەر دەستی مامۆستا بڕوانامەی مەلایەتیان بەدەست هێناوە.
 
پاشان لە ساڵی ١٩٥١ ماڵئاوایی لە بیارە دەکات و بەرەو سلێمانی کۆچ دەکات و لە مزگەوتی «حاجی خان» مامۆستایی دەکات و لە هەڵەبجە و بیارە و سلێمانی و کەرکووک و بەغدا کاری مەلایەتی کردووە.
کاروانی ژیانی مامۆستا عەبدولکەریمی مودەڕیس لەساڵی ١٩٦٤ی زایینی لە مزگەوتی شێخ عەبدولقادری گەیلانی لە بەغدا بەناوونیشانی مودەریس دامەزراوە، زیاتر لە ٥٠ فەقێ لە سەردەستی ئیجازەیان وەرگرتووە.
نموونەی ژمارەیەک لە پەرتووکە بەنرخەکانی مامۆستا مەلا عەبدولکەریم مودەڕیس بەزمانی کوردی ئەمانەن: یادی مەردان لە دووبەرگدا، بنەماڵەی زانیاران، ژمارەیەک پەرتووک لە بارەی شەریعەت و ئیسلامەوە، کۆمەڵە شێعری فەقێ قادری هه‌مەوەند، تەفسیری نامی حەوت بەرگ، مەکتوباتی کاک ئەحمەدی شێخ چوار بەرگ، عەقیدەی مەرزیەی مەولەوی، دیوانی نالی، دیوانی مەولەوی، دیوانی مەحوی و چەندین پەرتووکی دیکەشی‌ بەزمانی کوردی و عەرەبی و فارسی نووسیوە و بڵاوی کردۆتەوە. مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس، لەبەر ئەوەی لەسەر ئاستی عێراقیشدا بە زانایەکی گەورە ناسرابوو خاوەنی‌ توانای‌ فتوای ئایینی بووە.
 
لەدوای ئەوەی ساڵی ١٩٧٣ خانەنشین کراوە لەلایەن بنەماڵەی شێخی گەیلانییەوە، ئیزنی مانەوەی لە مزگەوتی گەیلانی بۆ فەتوادان و پێشنوێژی کردنیان پێداوە. ناوبراو چەندین ساڵ‌ پۆستی سەرۆکی "ڕابیتەی زانایانی عێراق"ی بەدەستەوە گرتووە، ماوەیەک ئەندامی کارای کۆڕی زانیاری عێراق (د‌ەستەی کورد) بووە.
مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس دوای بەسەر بردنی زیاتر لە ١٠٤ ساڵ تەمەنی پڕ بەرهەم؛ لە ڕێکەوتی ٢٩ لەسەر ٣٠ی ئاگۆستی ساڵی ٢٠٠٥ کاتژمێر ١٢ی شەو لە شاری بەغدا کۆچی دوایی کرد و لە مزگەوتی شێخ عەبدولقادری گەیلانی لە شاری بەغداد بەخاک سپێردراوە.