تاریخ: ۱۴۰۱/۵/۲۱
مەلاغەفوور دەبباغی ڕووناک‌دڵێکی هەڵکەوتە
مەلا غەفوور دەبباغی ناسراو بە "حافزی مەهابادی" ساڵی ١٣٠۶ی هەتاوی لە شاری سەقز لەدایک بووە. ناوبراو تەمەنی یەک ساڵ و نیو دەبێت کە دروێش عەبدوڵڵای بابی، بە هۆی پیشەی چەرمچی (دەبباغ)یەوە، شاری سەقز بەجێ دەهڵێت و لە شاری بانه دەگیرسێتەوە.
 
مەلا غەفوور لەتەمەنی ۳ ساڵیدا تووشی نەخۆشی خورێلکە (هاوڵە) دەبێت و سۆمای چاوەکانی لەدەست دەدات. لە تەمەنی ۷ ساڵیدا بابی دەینێرێتە لای میرزا محەممەدکەریمی مەخرونی و تا ساڵی ١٣٢٠ی هەتاوی نیوەی قورعان لەبەر دەکات.
مەلاغەفوور داوا لە دروێش عەبدوڵڵای بابی دەکات کە لەگەڵ حافیزانی تر ڕەوانەی شاری سلێمانی بکات تا خوێندنەکەی پەرە پێدات، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە بابی زۆری خۆش ویستووە، پێی خۆش نەبووە لەلای دوور کەوێتەوە، هەر بۆیە بۆخۆشی دەڵێت: "ئەو خوشەویستی‌یەی باوکم بە قازانجی من تەواو نەبوو."
 
دوای هەڵگیرسانی شەڕ لە ئێراندا و لاواز بوونی حکوومەت، محەممەدڕەشیدخان  بۆ سەر بانە هێرش دەکات، هەر بە هۆی ئاڵۆزی ناوچەکە دروێش عەبدوڵڵا و بنەماڵەکەی بەرەو شاری مەهاباد بار دەکەن.
ئەو کات کە لە مەهاباد نیشتەجێ دەبن لەلای مەلامحەممەد حاجی بایزید لە مزگەوتی حاجی ئەحمەد قورعان خوێندنی خۆی درێژە پێدەدات و تا ساڵی ١٣٢٨ی هەتاوی قورعانی پیرۆز بە تەواوی لەبەر دەکات.
لە ساڵی ١٣٣٠ی هەتاوی ڕا خۆی بە شێعر لەبەر کردن و ڕەوان کردنی شێعری شاعیرانی فارس و کورد سەرقاڵ دەکات. ماوەیەک لەلای مەلا حسێن مەجدی خوێندنی عەروز و قافیە، حاجی مەلاخالیدی وەحیدی دەربەندی شەرع و قازی محه‌ممەد خزری لە شنۆ شەرع و عەقاید دەخوێنێت.
 
هەر وەک بۆخۆی دەڵێت ساڵی ١٣٣۵ی هەتاوی شێعرەکانی لەشێوەی تاریف و زەمی خەڵک لادەدات و شێعری "کیژی سابڵاغی"، "خەیاڵی خاو" و "بەهار - بە زمانی فارسی" کە یەکەمین شێعری فارسی ساقی نامەی شێخ عەبدوڵڵای تاڵەبانی بوو کە تەخمیسی لەسەر کردووە، دەهۆنێتەوە.
لە ساڵی ١٣۵٠ی هەتاوی خەتی برەیل (خەت و نووسینی تایبەت بە ڕووناک‌دڵان) فێر دەبێت و لە تاقیکاری شەشەمی سه‌رەتایی بەشداری دەکات. ساڵی ١٣۴۴ی هەتاوی لە حەولی ئەوە دادەبێ کۆمەڵێ پەندی پێشینیان و مەتەڵۆک خڕ بکاتەوە و وەک هۆنراوە بیانهۆنێتەوە، بەڵام کاتێک ساواک پێی دەزانێت، لێی دەستێنێت و نایداتەوە.
بەرهەمەکانی مەلاغەفوور بریتین لە: دیاری مەهاباد، دیوانی مەلاغەفوور، ئاسۆی ڕوون (دوو کتێبەکەی پێشوو و شێعری تازەش لەودا خزێندراون) و پەندی پێشینیان.
 
شایانی ئاماژەیە مەلاغەفور دەبباغی ناسراو بە "حافیزی مەهابادی" لە ڕێکەوتی ٢١ی گەلاوێژی ١٣۶٩ی هەتاوی لە مەهاباد کۆچی دوایی دەکات و لە گۆڕستانی شاعیران و هونەرمەندانی ئەم شارە ئەسپاردەی خاک دەکرێت.