تاریخ: ۱۳۹۵/۱۱/۱۰
دیداری هاژه له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی بواری فۆلکلۆر مامۆستا ڕه‌سووڵ نادری
هاژه ـ ڕۆژی یه‌ک شه‌ممه 10ی ڕێبه‌ندانی 95ی هه‌تاوی هێندێک له هه‌واڵنێرانی پێگه‌ی هه‌واڵی هاژه سه‌ردانی هونه‌رمه‌ند "ڕه‌سووڵ نادری‌"یان له ماڵی خۆی کرد که ماوه‌یه‌که  تووشی نه‌خۆشی بووه و لە جێ دایە.
له‌م دیداره‌دا ئاماده‌بووان هیوای له‌ش ساغی و ته‌ندروستییان بۆ ئه‌م که‌سایه‌تییه تێکۆشه‌ره‌ی بواری به‌یت، حه‌یران و فۆلکلۆری کورده‌واری خواست.
هونه‌رمه‌ند ڕه‌سووڵ نادریش خۆشحاڵی خۆی سه‌باره‌ت به‌م سه‌ردانه ده‌ربڕی و به گێڕانه‌وه‌ی بیره‌وه‌ری و قسه‌ی خۆش بزه‌ی خسته سه‌ر لێوی هه‌مووان.
هونه‌رمەندی کورد ڕەسووڵ نادری ساڵی 1312ی هەتاوی له ئاوایی ئوزونتاشی مەهاباد له دایکبووه و له ئاوایی کانی سێو ماوەیه‌ک ژیانی بردۆته سەر. له ساڵی 1351ی هه‌تاوییه‌وە له شاری مەهاباد نیشتەجێ بووە.
ئه‌م هونه‌رمه‌نده له بوارەکانی به‌یت و حه‌یراندا دەستێکی باڵای هه‌یه و نه‌قڵه خۆشەکانی به‌ناوبانگن.
 هەواڵدەری هاژە ئاواتی لەش ساغی و تەمەن‌درێژی بۆ هونه‌رمه‌ندی بلیمه‌تە‌ی کورد، مامۆستا ڕەسووڵ نادری دەخوازێ.