تاریخ: ۱۴۰۱/۵/۱۸
ئاوڕدانەوەیەک لەژیانی شاعیر، چیرۆكنووس، وتارنووس و وەرگێڕی کورد قەدریجان

قەدریجان شاعیر، چیرۆكنووس، وتارنووس و وەرگێڕی کورد ساڵی ١٩١١ی زایینی له شارۆچكەی "دیرک" لە نزیک "ماردین" لەدایک بووە.

ساڵی ١٩٢٨ بۆ ١٩٣١ی زایینی لە خانەی مامۆستایان خوێندنی تەواو کردووە. بەهۆی هێندێک کێشەوە باکووری کوردستانی جێ هێشتووە و لە ڕۆژئاوای كوردستان گیرساوەتەوە و هەر لەوێ خوێندنی لەقی كشتوكاڵی تەواو كردووە و وەک مامۆستا دامەزراوە.

 

لە ساڵی ١٩٣٩ دا ژیانی هاوسەری پێک هێناوە. زۆربەی ئەو ڕووداوە مێژوویانەی، كە لە كوردستان ڕوویان داوە شاعیر لە زیندوو كردنەوەیان كەمتەرخەمیی نەكردووە.

له سووریا كه‌سایه‌تیی ناوداره‌كانی ماڵباتی به‌درخانییەکانی ناسیوه و هەر لەڕێی ئه‌وانه‌وه تێكه‌ڵ به‌دنیای نووسین بووه و به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌كانی له "گۆڤاری هاوار" بڵاو کردۆتەوە.

هەر وەها بەرهەمەکانی له گۆڤاره‌كانی "ڕوناهی و ڕۆژان و گەلاوێژ و هیوا" له سووریا، لوبنان و عیراق بڵاو کردۆتەوە.

ئەگەرچی قەدریجان بە شاعیر ناسراوە، بەڵام لە گەلێک شتی ئەدەبی تردا وەکوو چیرۆک‌نووسی، وەرگێڕان و ڕەخنەگرتندا شتی پڕبایەخی نووسیوە. ناوبراو  لەڕێی شێعرەکانییەوە زۆر ڕووداوی مێژوویی گەلەکەی بە شێعر هۆنیوەتەوە.

 

هۆنراوەکانی قەدریجان بە کوردی کرمانجی نووسراون، "دۆستێ من، دژمنێ پۆستێ من، بەگی ئاخرزەمان! ئەو زەنبیلا تو پێ هاتی، نەماداتێ ژ ئەزمان بەنێ وێ ڕزیایە، لناڤارێ قەتیایە، ئوکەت قەت ناکا دەریا سۆر، دەریاسۆر ژێرا بوو گۆڕ دەریاسۆر، ژتیر خاوەن و خودایێ بچووک ڕا" بەشێک لەشێعرەکانی ناوبراو ئەژمار دەکرێن.

شاعیر لە بڵاوکردنەوەی یەكەم شێعری لە ژمارە یەكی گۆڤاری "هاوار" دا لە ساڵی ١٩٣٢ی زایینی كێشی خۆماڵی بەكارهێناوە و بایەخی بە سامان و كەلەپووری نەتەوەیی داوە و کەڵکی لە ئەفسانە و پەند و كەرەسەی فۆلكۆری وەرگرتووە. ناوبراو وەك شاعیرێكی داهێنەر هاتۆتە گۆڕەپانی نووسین و بە داهێنانی ئەدەب و وشە قەڵەمی لێداوە.

 

شایانی ئاماژەیە قەدریجان لە ڕێکەوتی ٩ی ئاگۆستی ١٩٧٢ له تەمەنی ٦١ ساڵیدا لە شاری دیمەشق كۆچی دوایی دەكات و تەرمەكەی له گۆڕستانی مەولانا خالیدی نەقشبەندی بەخاك دەسپێردرێت.