تاریخ: ۱۴۰۱/۵/۱۲
کۆنکووڕ وتێبینییەک بۆ لاوەکان
د. سولەیمان ڕەسووڵی
وڵامی تاقیکاری قوتابیان بۆ دەرچوون و وەرگیران لە زانستگاکان دیاری کرا و ئەوە بۆتە مایەی دڵەڕاوکێ و ئێسترسی لاوانمان کە هەڵبەت ئاسایی یە.
وەبیر کاتی کۆنکووری خۆم کەوتم. ئەو دەم کتێب و جوزوە و... لە بەر دەستی قوتابیانی ناوچەکانی دوور لە ناوەند  نەبوو. قوتابی هیچ ئاشنایەتێکی لەگەڵ تێست و تاقیکاری چەند بژارە نەبوو و بە زەحمەت چەند کتێبی تێستی لە کتێبخانە گشتییەکان هەبوون کە سەفێکی دوور و درێژی هەبوو و چەتوون بوو بتوانی دوو، سێ حەفتە لە لات بمێنێ. بنەماڵەکانیش جگە لە کتێبی دەرسی چیتریان بۆ قوتابیەکان دابین نەدەکرد. رشتەی بیرکاری و فیزیک زۆر پرداخوازتر بوو لە علوومی تەجروبی واتا زانست. دەیانکوت زۆر دکتور مەتەبەکەی دادەخا و خەریکی سازکردنی بینا دەبێ، چونکە قازانج و خێری پتری تێدایە. جوابی کۆنکووڕ ڕۆژێک درەنگتر دەگەیشتە دەست شارستانەکان و ڕۆژنامەی تایبەت بە ئوتوبووس بۆ سبحەینێ بەیانێ دەگەیشتە دەککەی ئیتلاعات. کەسێک شانسی هەبا خزم و کەسێک لە تاران ڕا چاوی بۆ لە دەرەنجامی کۆنکووڕ دەکرد و رۆژێک زووتر ئاگادار دەبۆوە. 
بەڵام ئێستاکە بە هۆی تۆڕی جیهانی ئینتەرنێت زۆر سەرچاوەی زانستی، کتێب، جوزوە، فیلمی وانەوتنەوە و... بە سانایی لە بەردەست قوتابیانە و دیارە شوێندانەریش بووە و ڕووتبە چاکەکان لە ناوچە و پارێزگا جۆراوجۆرەکان بۆ باشترین زانستگاکان وەردەگیرێن. کرماشان، ورمێ، بۆیرئەحمەد و... ئێستا روتبە یەک و تاک رەقەمیان لێ هەڵکەوتووە و ئەوە نیشانەی چاکە بۆ ئەو لاوانەی زۆر شێلگیرانە دەخوێنن و دەتوانێ ببێتە هاندەریان بۆ خوێندنی چاکتر. هەڵبەت لە مەهاباد لەمپەر و مانیع کەم نین کە ڕەنگە دوایە لە سەری بنووسم. بەڵام قوتابیان نابێ وەدوای پەڵپ و بیانوو بن بۆ نەخوێندن! 
بێتوو ڕووتبەتان چاک بێ، کە دیارە لەبەر زەحمەت و تێکۆشانی خۆتان دەحەسێنەوە و  یەک تاقیکاری گرینگی ژیانتان سەرکەوتوانە تێپەڕ کردووە کە موبارەکتان بێ.
بەڵام ئەگەر هات و دەرەنجامەکەنتان بەدڵ نەبوو، نابێ دونیای لەخۆتان بکەن بە چەرمی چۆلەکە‌. رەنگە ئەو تاقیکارییە زۆر گرینگ بێ، بەڵام هەموو شتێک نییە. زۆر کەس کە چاکیان نەخوێندووە، دیسانیش هەر توانیویانە بەختەوەرانە بژین و هەست بە خۆشبەختی بکەن. کۆنکوور تەنیا یەک تاقیکارییە و تێیدا زۆر سەرکەوتووش نەبوون، ئێوە هەر بەنرخ و بەڕێز و کەسایەتێکی تایبەت و تاقانە و هەڵکەوتەن کە دەتوانن بۆ خۆتان و کۆمەڵگاتان خزمەتگوزار بن و گەلەکەتان شانازیتان پێوە بکەن‌. نموونەی زۆر هەن کە پاش سەرنەکەوتن لە کۆنکوور، ورەیان بەرنەداوە و بۆ خوێندنی باڵا حەولیان داوە و لە ئاکام دا زۆر سەرکەوتوو بوون. یا دانیشتوونەوە و داهاتوویان زۆر وەخێر گەڕاوە . هەڵبەت ئەوساڵ دەتوانن ۶ مانگی تر کۆنکووڕ بدەن. لە جیات ناهومێدی قۆڵی لێ هەڵماڵن و هەر لە سبحەینێ ڕا دانیشنەوە بۆ کۆنکووڕی داهاتوو و دەست بکەنەوە بە خوێندن. پارەکانێ باشترین ڕوتبەی شاری مەهاباد کە دووڕەقەمی بوو ساڵێک پشت کۆنکووڕ دانیشتەوە و سەرکەوت. باوەر بەخۆ بکەن کە توانایی یەک مرۆڤ زۆر زۆرترە لەو شتەی بیری لێ دەکەینەوە.