ڕۆژی پێنجشەممە ۳۰پووشپەڕی ۲۷۲۲ مەریوان بوو بە ژوانگەی پێنووسە ئەویندارەکانی کوردستان و لە دوانیوەڕۆوە تا نیوەشەو، هۆڵی مامۆستا قانعی ئەو شارە لە دەنگدانەوەی شێعردا خەنیبوو و چاوەکانی بە هاڵاوی ئەوینەوە لێکنا.
کاتژمێر چواری پاشنیوەڕۆ وردەوردە هەنگاوە شێعردۆستەکان، ڕێگەی مەکۆی ئەنجومەنی فەرهەنگی-ئەدەبیی مەریوانیان گرتەبەر و چاویان بڕییە دەنگی زاراوەکوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی هەناسەی خۆیان.
هەر لە یەکەم ڕوانیندا هۆڵەکە بە بچووکی خۆیدا دەچووەوە و خۆشەویستیی مەریوانییەکان بۆ شێعر تا دەهات تەکی بە دیوار و پەردە هەڵدەچنی.
وەکوو بڕیار بوو بە هەشت قۆناغدا، هەشت پەنێلی ڕەنگامە، دەنگیان دا لە زمان و وێنەیان کێشا بە ئاسمانی خۆزگەکانی گوێگراندا و لە کاتژمێری پێنجەوە، بۆکان و سنە و مەریوان و سەحنە، گوێیان نا بە خوڕەی فێنکی شێعرەوە و بە پلیکانەی پەنێلەکانی تردا هاواری وشە گەشتە پێنجەمینی خۆی و هۆڵ تەژی بوو لە ئەمەگی گوێگرانی جوانی.
کاتژمێر ۱۰شەو، دیسان ئەوینی شێعر باوەشی گرتەوە بۆ هەنگاوەکانی شەیدایی و بە دەنگی گەرمی دوو پێشکەشکاری خاوەن ئەزموونەوە، تریفەی شێعر فڕییە ئاواتەکانی چاوی بەردەنگەوە؛ سێ پەنێلی کۆتایی، ئاسمانی ئاهوورایی هەورامانی هەڵکێشا لە بارانی وشەی موکریانی و لوڕستانی و جوانڕۆیی و خۆراسانی.
کاتژمێر لایدابوو لە یەکی شەو و کورسییە خەواڵووەکانی هۆڵی قانع تاونەتاوێک بە زریقەی چەپڵەی لاو و پیری بەردەنگەکانەوە دادەچڵەکا و ڕێزگرتن لە ماندووبووان و کۆڕگێڕان، کوردانەترین میواندارییەکانی هەڵدەڕێژایە چاوی میوانانەوە.
شەو لە نیوە لایدا و دەنگی شێعر وەکوو تاریکایی، خزایە هێمنیی شەوی وردەشەپۆلەکانی زرێبار و تا دێڕێکی تر تێکەڵ بە کایەی وردەماسییەکان بوو.
سەرەتای بەرنامەکە هەردوو پێشکەشکاری بەتوانا بەڕێزان "ئەیووب حەقبین" و "عەتا وەلەدی" بەخێرهاتنی هەموو لایەکیان کرد و دواتر پەیامی ئەنجومەنی فەرهەنگی_ئەدەبیی مەریوان لەلایەن بەڕێز "سیروان موسەنیفی" ـەوە خوێندرایەوە. پاشان هونەرمەندی شانۆ و بەرپرسی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشاد بەڕێز ڕەحمان هوشیاری بەخێرهاتنی میوانانی کرد.
پێکهاتەی پەنێلەکانی بەشی دوانیوەڕۆ بەم شێوەیە بوو:
پەنێلی یەکەم؛
محەمەدسەعید نەجاڕی "ئاسۆ" / بۆکان
سوهەیلا مەیهەمی/ سنە
سەعدی غەریبی/ مەریوان
شەریف مورادی/ مەریوان
سەی قاسم ئەرژەنگی/ سەهنە
پەنێلی دووهەم؛
جەبار شافێعیزادە /کامێران
شێوە عەبدوڵاهی / بانە
زانا قاسمیفەڕ / بیجار
مەیسەم خوڕانی/ ئەیوان، ئیلام
زانا قەزڤینە / کەنگەوەر
پەنێلی سێهەم؛
عەبدوڵا گوڵابی / مەهاباد
موژگان کاووسی / کەلاردەشت - مازەندەران
عەزیز ناسری / مەریوان
جەمال قادرپوور / پاوە
د. ئیسماعیل حسەینپوور / شیروان - باکووری خوراسان
پەنێلی چوارەم؛
محەمەد موەفەقی / کامێران
هەڵاڵە سوهرابی / بۆکان
سەعید عبادەتیان " بانان" / گیەڵان - کرماشان
مورتزا ئەوڵاقوباد / لوڕستان
محەمەد مورادی نساری / ئیلام
پەنیلی پێنجەم:
فەرهاد نەسیری "ژاکاو" / ورمێ
قاسم تاباک / مەهاباد
کەمال شەنگالی/ سنە
ئێلهام پالیز/ شاباد
بیژەن همەتی/ هەرسین - کرماشان
سەردار حەسەنی/ سەقز
پێکهاتەی پەنێلەکانی بەشی شەو:
پەنیلی یەکەم؛
حسەین وەفایی / پاوە
سوهەیلا محەمەدی / کامێران
سماییل عەزەمی / سنە
شێردڵ ئێڵپوور / کرماشان
محەمەد ڕەحیمی ڕزوان/ بیجاڕ گەڕووس
پەنێلی دووهەم؛
سەمیرا زەمانی مونفەرد/ کوێیەشت، لوڕستان
ڕەسووڵ ئامادەپوور/ مەهاباد
ئاکام کەوسەری/ جوانڕۆ
قادر نیازی/ مەهاباد
موجتەبا کارخاهی/ کرماشان
پەنێلی سێهەم:
لەیلا گورگانی / سنە
نادر زەنگیشەیی/ کرماشان
مەجید کەریمی/ قووچان - خوراسانی ڕەزەوی
کەریم خزری / شنۆ
خالید ئەحمەدی/ مەریوان
پەنێلی چوارەم؛
ڕێزگرتن لە میوانانی بەڕێز و تایبەتی کۆڕەشێعری ساڵانەی کـــوردی «تا زرێبار و دێڕێک»
بەڕێزان؛
- عەتا نەهایی؛ ڕۆماننووس و چیرۆکنووس / بانـە
- ئاکۆ جەلیلیان؛ فەرهەنگنووس و توێژەر/ کرماشان
- د. محەمەد ڕەحیمیان؛ ڕەخنەگر و نووسەر/ تیکاب - هەوشار
- د. ڕەهبەر مەحموودزادە؛ ڕەخنەگر و نووسەر/ شنۆ
کە بەداخەوە هاوڕێیانی ئێمە و شێعر بەڕێزان: جەبارشافێعیزادە، د.ئیسماعیل حوسەینپوور، محەمەد مورادی نساری، کەمال شەنگالی، ئاکام کەوسەری و میوانانی تایبەتی کۆڕ، بەڕێزان : عەتا نەهایی و ڕەهبەر مەحموودزادە نەگەیشتن بە میوانداریی تا زرێبار و دێڕێک شێعر لەتەنیشت هەناسەکانی بێسارانی و قانعدا.
لە کۆتایی کۆڕەکەدا ئەنجومەن، بە بەخشینی سپاسنامە ڕێزی لە ماندوویینەناسی و هەوڵی کوردانەی ئەندامانی لیژنەی هەڵسەنگاندنی بەرهەمەکانی« تا زرێبار و دێڕێک» بەڕێزان:
ئەیووب مەحموودزادە
عەزیز ناسری
محەمەد سدیق کەریمی
ئەیووب حەقبین
عەتا وەلەدی
شەریف مورادی
نەرگس حسەینی
گرت و پاشان سپاسنامەی بەخشی بە هاوڕێیانی ئەنجومەن و یارمەتیدەرانی بەڕێزی یەکەمین کۆڕەشێعری ساڵانەی کوردیی ( سۆرانی، هەورامی، کرمانجی، کەڵهوڕی، فەیلی، لەکی، لوڕی) «تا زرێبار و دێڕێک»
بەمجۆرە، تا زرێبار و دێڕێک یەکەمین هەنگاوی خۆیی هەڵگرت و ئاواتی دووهەمین هەنگاوی هێشتەوە بۆ ئەو قەڵەمانەی پەنگدەخۆنەوە بۆ نووسینەوەی خۆیان.
لیژنەی ڕاپۆرتی تا زرێبار و دێڕێک
ئەنجومەنی فەرهەنگی-ئەدەبیی مەریوان