تاریخ: ۱۴۰۱/۴/۲۹
ڕووسیا و ئێران سەبارەت بە ڕۆژاوای کوردستان تورکیایان نائومێد کرد

 

دوێنێ سێشەممە تاران خانەخوێی لوتکەی سێ قۆڵیی ئێران، تورکیا و ڕوسیا بوو، لوتکەی تاران بە پلەی یەک تیشکی لەسەر نیەتی تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر سوریا (ڕۆژئاوای کوردستان) و قەیرانەکانی ئەو ناوچەیە بوو، سەبارەت بە هێرشی داهاتووی سەر سوریا کە ماوەی دوو مانگە ئەنکارا جەختی لێدەکاتەوە، تاران و مۆسکۆ گڵۆپی سەوزیان بۆ ئەنجامدانی هەڵنەکرد.

بەڕێوەچوونی لوتکەی تاران دوای چەند ڕۆژێکی کەم دێت لە سەردانی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بۆ ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، کە بە ئیسرائیل دەستیپێکرد و دواتر لە سعودیە بەشداریی لوتکەی جدەی کرد، کە تێیدا هەریەکە لە وڵاتانی عێراق، میسر و ئەردەن بەشداربوون.

لوتکەی تاران یەکەم دیداری سەرۆکی ئەو سێ وڵاتەیە لە دوای ساڵی 2019 و بەڕێوەچوونی “کۆنگرەکانی ئەستانە بۆ ئاشتی”، بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و تورکیا کە لە دوای ساڵی 2011وە سەریهەڵدابوو.

لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هەرسێ سەرۆک لەدوای بەڕێوەچوونی لوتکەکە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەڕوونی داوای لە ئێران و تورکیا کرد هاوکارییان بکەن بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر سوریا.

 
 
 
 

لەگەڵ ئەوەی ئەردۆغان هێرشی کردە سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات و بە مەترسیی بۆ سەر ئاسایشی گشتیی تورکیا ناویبرد، جارێکی دیکە لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لە داواکارییەکەی کردەوە بۆ پاڵپشتیکردنی تاران و مۆسکۆ سەبارەت بە هێرشکردن.

لە بەرامبەردا ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕەتیکردەوە هەر هێرشێکی لەو جۆرە بە پاڵپشتی ئەوان ئەنجام بدرێت بەڕوونی وتی، ئەو هێرشە ئارامیی ناوچەکە تێکدەدات، پێشتریش ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاستەوخۆ دژایەتیی تارانی بۆ هێرشی لەوشێوەیە بە ئەردۆغان ڕاگەیاندبوو.

ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕوسیاش لەوبارەیەوە لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ڕایگەیاند، ئەوان لەگەڵ چارسەرکردنی کێشەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و ئیدلبن، ئەویش بە گەڕانەوە بۆ حکومەتی سوریا، وەک نیشاندانی دژایەتی بۆ ئەنجامدانی هێرشی لەوشێوەیە.

پوتین هاوکات جەختیکردەوە، کە هیچ بیانوویەک نییە بۆ بوونی ئەمریکا لەو ناوچانە.

لە دوو هەفتەی ڕابردوودا هەریەکە لە مۆسکۆ و تاران هۆشدارییاندا لە هەر دەستێوەردانێکی تورکیا بۆ ناو خاکی سوریا.

لە ڕاگەیەندراوی هاوبەشی هەرسێ وڵاتدا ڕایانگەیاندووە، “دژایەتیی هەر هەوڵێک دەکەن کە دۆخی نوێ و ئاڵۆز لە ناوچەکەدا دروستبکات لەژێر ناوی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر”.