لە درێژەی زنجیرە کۆبوونەوەکانی مانگانەی ڕەخنەو هەڵسەنگاندنی کتێب ،"ئەنجومەنی ئەدەبیی دیالۆگ"سیهەمین دانیشتنی خۆی تەرخان کرد لە سەر شرۆڤەو لێکدانەوەی ڕۆمانی «بیابان تاتارها» نووسراوەی« دینو بوتزاتی" ، وەرگێڕانی " سروش حبیبی».
لەکۆڕی ئەمجارە بەڕێوەبەران :"چرۆ پەرویزنیا" ، " سنەوبەر فەتاحی" وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان، پانێلی کاری ئەنجومەنیان لەمەڕ شیکاری ئەم بەرهەمە ڕاگەیاند.
جێی ئاماژەیە ئەم کۆبوونەوە کە بە میوانداری لە تاقمێک هەواڵنێر لە شارە جوانەکەی پیرانشار گرینگییەکی تایبەتی هەبوو ، ڕۆژی یەکشەممە ۲٦ی پووشپەری ۲۷۲۲ی کوردی لە ژووری تایبەت بە ئەنجومەن ئەدەبیەکان هەڵکەوتوو لە ئێدارەی فەرهەنگ و ئێڕشادی ئیسلامی مەهاباد بەڕێوەچوو.
وەک دەسپێکی بەرنامەکە خاتوو "ڕۆئیا ئاسیابان" بە خوێندنەوەی "بەشێک لە ساقی نامە" ڕەنگ و چێژێکی تایبەتیان بە کۆبوونەوەکە بەخشی. دواتر ئەو خاتوونانەی لە لێکدانەوەی مژاری بەر باس بابەتیان ئاراستە کرد بریتی بوون لە:
«گەلاوێژ بەیگ نیا» بە خوێندنەوەیەکی ناوەرۆکانە لە سەر کتێبەکە. "تروسکە بەرخانە"بە باسێکی گشتی لەسەر کتێبە بەشدار بووی ئەمجارەی دانیشتنەکە بوون.
دواتر «مەلی قادری» و" گوڵاڵە مەجیدی" هەر کام لە گۆشەنیگای تایبەتەوە لێدوانی خۆیان خستە ئارا.
هەر لەو ڕێوڕەسمەدا "لەیلا عەباسی تاهیر" بە لەبەر چاو گرتنی هێماکانی ناو ڕۆمان و هەر وەها کۆرتە باسیک لەسەر کەسایەتی نووسەر بەشدار بوویێکی تری ئەم دانیشتنە بوون. "کوبرا خالەندی" و "فەوزیە یاهو" بە کورتە باسێک لە سەر کتێبەکە فەزایەکی تایبەتیان بە دانیشتنەکەی ئێمە بەخشی.
لە بەشێکی تری ئەم کۆبوونەوەدا "کوردستان شامحەممدی" بە کۆرتە یادداشتێک و هەر وەها "مریەم ئاباریان" بە سەردێڕی "این کتاب پردە از هیجانات و شور و شعف جوانی برمیدارد" ڕازێنەرەوەی ئەمجارەی دانیشتنەکەی ئەنجوومەنی دیالۆگ بوون.
"سنەوبەر فەتاحی" بەسەردێری وتارێک لە ژێر ناوی چۆنییەتی نووسینی ڕۆمان و پێکهاتەکانی ڕۆمان لە کتێبی سارای تاتارەکان چێژی تایبەتی بە کۆڕەکەبەخشی.
لە درێژەی کۆڕەکە «چرۆ پەرویزنیا» وتارێکی لە ژێر ناوی"ڕۆمان گێڕانەوەی جیهانێکی شپرزە یا گەڵاڵەی ڕەوایەتێکی تۆکمەیە "بەشداربوویەکی تری ئەم لێکدانەوەیە بوو.
"لە ڕوانگەی ئێمەوە، نووسەران بەرانبەر بە کردە و کاری خۆیان بەرپرسیارن. نووسەران نامرن چونکە لە سەر ئەو قەناعەتەین کە دەبێ لە کتێبەکانیاندا ڕاستی خۆیان بسەڵمێنن. نووسەران ناتوانن یەخەی خۆیان لە حەقانییەت و بەرپرسیارەتی ڕزگار بکەن. ڕەنگە نەوەکانی داهاتوو پێیان وابێ کە ئێمە لە سەر حەق نەبووین، بەس ئێمە نابێ کەمتەرخەم بین بەرانبەر بەو بەرپرسایەتییە، چونکە لە سەر ئەو باوەڕەین کە نووسەر دەبێ لە هەموو بەرهەمەکانیدا بەڵێندار بێ( نەک وەکوو هەرزەکار و داماوێک، کە نەهامەتی خۆی دەکاتە ناوەندی نووسینەکەی، بەڵکوو وەکوو ئێڕادەیەکی دڵگەرم لە دۆزدا، وەکوو هەڵبژاردنێکی ئازا، وەکوو هەوڵدانێکی هەمەلایەنە بۆ ژیان و هەوڵدانێک کە چارەنووس و بوونی ئێمە دیاری دەکات). هەر بۆیەش دەبێ لە سەرەتاوە لە خۆمان بپرسین بۆ دەنووسین".۱
لە کۆتایی دانیشتنی ئەمجارەمان هاوڕێیانی کۆڕ بە کۆبەندێک لە تەوەری بەر باس کەشێک لە پرسیار و وەڵام لەنێوان ئەندامانی دیکەی ئەنجومەنیا ن هێنایە ئارا و دانیشتنەکە بە گەڕم و گوڕی کۆتایی پێهات.
جێی خۆیەتی هەر لێرەوە سپاس و پێزانینمان هەبێت لە "فەوزیە خانمی یاهو" کە چوار کتێبی "بیابان تاتارها" ی پێشکەشی ئەندامانی "ئەنجومەنی دیالۆگ" کرد، هەمدیسان ڕێز و حورمەتی بێبرانەوە بۆ بەڕێوبەرایەتی "مەلی خانمی قادری"و سەرجەم خاتوونانی ژووری دیالۆگ کە کتێبی ئەو جارەیان بە دەنگ تۆمار کرد و شکۆیەکی تایبەتیان بە کار و چالاکییەکانی ئەنجومەنی دیالۆگ دا. بریارە بۆ دانیشتنی مانگی داهاتووی ئەنجومەن پشک بخرێتە سەر کتێبی (داغستانی من لە نووسینی"ڕەسوول حەمزە تۆڤ"بە وەرگێڕانی مامۆستای نەمر دوکتۆر عەزیز گەردی). و بیر و بۆچوونی ئەدیبان و هەستیاران وەربگیرێت. لێرەوە بانگهێشتی سەرجەم هۆگران و ئەدەبدۆستان دەکەین کە لە دانیشتنەکەی داهاتووی ئێمەدا بەشداریتان هەبێت و کۆڕەکەمان ڕازاواتر و دەوڵەمەندتر بکەن.
"ئەنجومەن ئەدەبیی دیالۆگی مەهاباد"