تاریخ: ۱۴۰۱/۴/۲۶
چاوخشاندنێک بەسەر ژیانی هونەری هونەرمەند موجتەبا میرزادە
خالند عجمی

هونەرمەند موجتەبا میرزادە لە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەشەممەی ١٣٢۴ی هەتاوی لە کرماشان لەدایک بووە. بەوجۆرەی کە دایکی بۆی گێڕاوەتەوە، ناوبراو هەر لەتەمەنی سێ ساڵی‌دا بەهۆی ئەوەی کە گوێی لە مۆسیقای ڕادیۆی دراوسێیەکیان گرتووە، هەر لەو سەردەمەدا خولیای مۆسیقا لە دەروونی‌دا گەرای کردووە و وردە وردە بە پێی هەل و مەرجی ژیان خۆی پێگەیاندووە.

 

میرزادە لەتەمەنی ١٤ ساڵیدا ئامێری وێڵۆنی کڕیوە، بەڵام لە فێربوونی ئەم هونەردا هیچ مامۆستایەکی نەبووە و کلاس و وانە و دەرسی هونەری تێپەڕ نەکردووە و هەرچی هەیبووە تەنیا هەست و توانای خودا پێداو و حەول و تەقەلای خۆی بووە. ئەو لەسەر ڕێچکەی هونەری خۆی دەڵێت:"من لەکاری هونەری خۆمدا ڕێچکەی (پەرویز یاحەقی)م وەک وێنەیەک لەپێش چاو گرتووە."

 

ئەم هونەرمەندە ساڵی ١٣٣٨ دەچێتە شاری سنە و لە ئۆرکێسترای ئەم شارە کە هونەرمەند حەسەن کامکار سەرپەرەشتی کردووە پەرە بە هونەرەکەی دەدات، دوای ساڵێک بۆ کرماشان دەگەڕێتەوە و لەڕادیۆ کرماشان دەگیرسێتەوە. هەر لەم ساڵەدا لە ئۆردووی سەرانسەری ڕامسەر پلەی هەوەڵ لەلێدانی ئامێری وێڵۆن بۆخۆی مسۆگەر دەکات و لێهاتوویی خۆی دەسەلمێنێت.

بە هۆی هاتنی مامۆستا حەسەن زیرەک لە ڕادیۆ تاران بۆ ڕادیۆ کرماشان گۆڕانێکی بەرچاو لەژیانی هونەری میرزادە دێتە کایەوە و زیرەک بە گووتنی ئاواز و مەقامە ڕەسەنەکان هەستی میرزادە بە مۆسیقای کوردی وەجۆش دەهێنێت.

 

میزرادە بێجگە لە مامۆستا حەسەن زیرەک، لەگەڵ هونەرمەندانی تری دیکە وەک خەلیل سەدیقی، محەممەد ماملێ، تاهیر تۆفیق، عەلی مەردان، مەزهەر خالقی، هاشم ڕەبیعی، ئیبڕاهیم خۆش نەوا بەرهەمی جۆراوجۆری لێ تۆمار کراوە.

بەداوی ئەم هونەرمەندانە، دەنگێکی ئەوتۆ لەڕادیۆ کرماشان بەدی ناکرێت کە سرنجی میرزادە بۆ لای خۆی ڕابکێشێت، هەر بۆیە لەساڵی ١٣٤٦ ڕێگای تاران دەگرێتە بەر و بە پلەی سێهەم لەزانکۆی هونەرەجوانەکانی تاران وەردەگیرێت، ئەمەش بازنەی تێکۆشانی هونەری میرزادە بەرفراوانتر دەکات و دەبێتە هۆی ئەوەی کە لەگەڵ هونەرمەندگەلێکی وەک: موڕتەزا حەننانە، جەلیل شەهناز، حسێن یاحەقی، حەسەن کەسایی و... لە ئۆرکێسترە گەورەکانی وەک: فاڕابی، نەکیسا، باربۆد و هەروەها بەرنامەی (گۆلهای) ئەوکات بە تەک‌نەوازی (سۆلۆ) لەگەڵ ئاوازخوێنەکانی ئەو سەردەم وەکوو ئیرەج و گۆلپایەگانی هونەری خۆی بنوێنێت.

 

موجتەبا لەڕادیۆ کوردی تاران لەگەڵ مامۆستایان حەسەن و حسێن یۆسف‌زەمانی بەرهەمی کوردی ڕێک و پێکی تۆمار کردووە. دوای ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی سەرپەرەشتی ئۆرکێستڕای ڕادیۆ ئێران بە ناوبراو دەسپێردرێت، لەو ماوەیەدا زیاتر لە ٢٠٠ بەرهەم بۆ دەنگ و ڕەنگ تۆمار دەکات.

ناوبراو لەم ساڵانەدا گەلێک بەرهەمی بەنرخی فۆلکلۆری کوردی لەگەڵ مامۆسا مەزهەر خالقی زیندوو دەکاتەوە کە بەرچاوترینیان ئاڵبۆمی "هەڵاڵە"یە.

 

سەرەڕای ئەو هەمووە خزمەتەی کە موجتەبا میرزادە لەدەنگ و ڕەنگ کردی، بەڵام لەبێ‌لوتفی کاربەدەستانی ئەو کاتی ناوەند بێ‌بەش نابێت و لەسەر کار لادەچێت. بەڵام ئەم لەسەرکار لابردنە نابێتە هۆی ئەوەی کە میرزادە لە دونیای مۆسیقا و گۆرانی دوور بکەوێتەوە و گەلێک بەرهەمی بەنرخی دیکە لەگەڵ مامۆستایان عەزیز شاڕووخ، شەهرام نازری، حسێن شەریفی، پەیام عەزیزی، عەلیڕەزا ئیفتیخاری، محەممەدڕەزا شەجەریان و... تۆمار دەکات.

میرزادە لەکاری مۆسیقی فیلمیش‌دا توانایی خۆی نواندووە، بە جۆرێک کە مۆسیقای بۆ زیاتر لە ٤٠ فیلمی داڕشتووە کە هەوەڵینیان فیلمی (درۆشکەچی) بووە.

 

موجتەبا میرزادە پاش ٦٠ ساڵ خزمەت بە دونیای هونەری کلاسیک، بەتایبەتی هونەری کوردی لە ڕێکەوتی ٢٦ی پووشپەڕی ١٣٨٤ی هەتاوی مۆمی ژیانی دەکوژێتەوە و لە تاران ئەسپاردەی خاک دەکرێت.