تاریخ: ۱۴۰۱/۴/۱
مارف خەزنەدار، خەزێنەداری ئەدەبی کوردی
 

مارف خەزنەدار لە ساڵی ١٩٣٠ لە گەڕەکی سەعدوون‌ئاوای شاری هەولێر لە دایک بووه.دەڵێن بنەماڵەکەی خەڵکی سلێمانی بوون و دوای شەڕی یەکەمی جیهانی دەچنه هەولێر.

دایک و بابی مارف خەزنەدار هۆگری خوێندنەوە بوون، هەرئەوەش دەبێتر هۆکار کە لە منداڵییەوە خولیای خوێندنەوە و وێژە و ئەدەبیات بێ. خوێندنی خۆی تا قۆناغی ناوەندی لە هەولێر درێژه پێدەدا و دواتر بۆ خوێندنی دواناوەندی لە لقی وێژە، بەرەو کەرکووک وەڕێ دەکەوێ.

لەساڵی ١٩٤٣ کاتێک لە پۆلی شەشەمی سەرەتایی خەریکی خوێندن دەبێ، پارچەشێعرێکی ئەحمەدبەگی موختار جاف وەردەگێڕێتە سەر زمانی عەڕەبی و بۆ ڕۆژنامەی ئیتحادی دەنێرێ کە ئەوکات لە بەغدا چاپ دوبوو. وەرگێڕانەکەی دوای چەند ڕۆژ لە چاپ دەدرێ. یەکەم کاری چاپ کروای خۆی، بابەتێک لەسەر چیرۆک‌نووسی ڕووسی، چۆخۆف بووە کە لە گۆڤاری گەلاوێژ چاپ کراوە.

لە ساڵی ١٩٥٧ بڕوانامەی بەکالەریۆسی خۆی لە لقی زمان و ئەدبیاتی عەڕەب لە زانکۆی بەغدا وەردەگرێ. لەم نێوەدا پەڕتووکی عەدڵی ئیجتماعی به زمانی عەڕەبی چاپ دەکا. لە ساڵی ١٩٥٨ لەگەڵ هاوڕێیەکانی کە یەکێک لەوان شێخ مارف بەرزەنجی بوو، گۆڤاری شەفەق چاپ و بڵاودەکەنەوە. خەزنەدار لە ساڵی ١٩٦٠ و دوای تەواوبوونی خوێندنی وەک مامۆستای قووتابخانە خەریکی وانەگووتنەوە دەبێ.

 

 
 

هەر لەوساڵدا بەهاوڕییەتی لێژنەیەک بەرەو یەکێتی سۆڤییەت وەڕێ دەکەون. لە سەنت‌پێتێرزبورگ دەمێنێتەوە و بڕوانامەی دۆکتۆرا لە لقی ئەدەبیاتی کوردیی کۆلێژی ڕۆژهەڵات‌ناسیی زانکۆی ئەم شارە وەردەگرێ.

هاوکات لەگەڵ خوێندن لە بەستێنی وێژەی کوردی‌دا خەریکی نووسین دەبێ. لەو ماوەدا توانی دوو پەڕتووک بە زمانی ڕووسی بنووسێ. یەکێیان مێژژوی ئەدەبی کوردی کە تێزی دۆکتۆراکەی بووە و ئەوەی دیکەیان کۆمەڵەچیرۆکی دوازدە سوارەی مەریوان.

خەزنەدار لەکاتی مانەوەی لە شۆڕەوی، توانی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان کە ساڵی ١٨٩٨ چاپ و واوێدەچوو بزر بووبێ، ببینێتەوە. لە ساڵی ١٩٦٨ کە دەگەڕێتەوە هەولێر، لە نووسینێک‌دا کە بۆ ڕۆژنامەی برایی ناردبوو، مزگێنی دیتنەوەی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان بە ڕووناکبیران و ئەدیبانی کورد دەدا و پێشنیار دەدا ڕۆژی ٢٢ی نیسان وەک ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی بناسرێ.

 
 

خەزنەدار بە کۆڵەبارێک لە زانست دەگەڕێتەوە کوردستان و وەک مامۆستای وێژە لە زانکۆکانی بەغدا، عەنابی ئەلجەزایر و سەلاحەدین خەریکی وانەکوتنەوە دەبێ. لەو ماوەدا مامۆستای ڕێنوێن و یاریدەدەری تێزی چەندین خوێندکاری دۆکتۆرا بووە. دکتور خەزنەدار یەکێک لە دامزێرێنەرانی یەکێتی نووسەرانی کورد بووە و ماوەیەکیش وەک سەرنووسەری گۆڤاری ئەم یێکێتییە یانی نووسەری کورد چالاکی کردووە. هەروەها لە گۆڤارەکانی کوردستان و کاروانیش‌دا چالاک بووە. بەڕێزیان لە ساڵی ١٩٧٩ توانی بگاته پلەی پڕۆفسۆری.

مارف خەزنەدار خۆی تەرخانی گەلەکەی کردبوو. لە شوێنێک‌دا دەڵێ تا سەر ئێسقان کوردم و ئەرکی خۆم لە بەرامبەر بەم میللەتە بە چالاکی لە وێژە و ئەدەبیاتدا بەجێ دێنم. بەڕێزیان پتر لە ٥٠ ساڵ لە ژیانی خۆی تەرخانی ئەدەبیات و کلتووری کورد کرد و لەم بەستێنەدا پتر لە ٦٠ پەڕتووکی نووسیوە.

مێژووی ئەدەبی کوردی لە ٧ بەرگدا گرینگترین بەرهەمی دکتور خەزنەدار لە هەژمار دێ. ئەم پەڕتووکه پتر لە ٣٠ هەزار لاپەڕەیە و بە واتایەک جیهانی ئەدەبیاتی کوردی زیندوو کردۆتەوە. ئامانج لە نووسینی ئەم کتێبە ئەوە بووە کە ببێتە سەرچاوەیەکی زانستی و کلتووری بۆ گەلی کورد. لە بەرهەمەکانی دیکەی پڕۆفسۆڕ خەزنەدار دەتوانین به: ئەدەبی کوردی و کێشەی پاسترناک، کوردی تورکمانستان، نالی لەدەفتەری نەمریدا و عەبدوڵا بەگی میسباحولدیوان ئاماژە بکەین.

 

 
 

کتێبخانەی دکتور خەزنەدار کە خۆی بە مەڵبەندی ڕووناکی ناوی دەبرد، خەزێنەیەکی گرانباییە کە له پڕۆفسۆر خەزنەدار بەجێ ماوە. دەرگای ماڵەکەی بەڕووی خەڵکەوە کرواوە بوو کەسانێکی زۆریش بەهرەیان لە وەرگرتووە. ئەم کتێبخانە پەڕتوکگەلێکی نایاب و بێوێنەی تێدایە کە دکتور خەزنەدار لە ماوەی مانەوەی خۆی لە ڕووسیە، ئەلجەزایر و هەروەها سەفەر بۆ وڵاتانی ئوروپایی و ئافریقایی کۆی کردوونەوە. گرینگترین بەشی ئەم کتێبخانەیە، ئەو بەشەیە کە کتێبگەلی جۆراوجۆر، که بەزمانی جۆراوجۆر لە سەر کوردەکان و لەسەرەتای سەدەی ٢٠ی زایینی نووسراون، لەخۆ دەگرێ. خەزنەدار دەڵێ لە نێو تەواوی ئەم کتێبانە، کتێبی شەڕەفنامە چاپی سەنتپترزبورگ و مەم و زین چاپی ئەستەمبوڵ مایەی فەخر و شانازی منن. خەزنەدار لە کاتی ژیانی ویستوویەتی کتێبخانەکەی هەمیشە بەڕووی هۆگران و لێکۆڵەرانی وێژەی کوردی کراوە بێت و کەڵکی لێ وەرگرن.

 

 
 
 

سەرەنجام، پڕۆفسۆر خەزنەدار دوای ٨٠ ساڵ ژیانی پڕ بەهرە، لەساڵی ٢٠١٠ بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە نەتەوەکەی دەکا و لە گۆڕستانی چرای هەولێر ئەسپاردەی خاک دەکرێ. یادی پیرۆز و ڕێگای پڕڕێبوار.