تاریخ: ۱۴۰۱/۳/۲۲
ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی مامۆستا بەرزاو بەڕێوە چوو


ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی مامۆستا عەلی موئەیەدزادە، ناسراو بە بەرزاو، بە بەشداریی ژمارەیەک لە ئەدیبان و نووسەران و شاعیران و خەڵک، بەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، ٢٢ی جۆزەردان لە گردی شاعیرانی مەهاباد، فازی سێ بەڕێوە چوو.


قاسم موئەیەدزادە(هەڵۆ)، شاعیر و نووسەر، لەبارەی کەسایەتیی مامۆستا بەرزاو گوتی: مامۆستا عەلی موئەیەدزادە یاریدەدەر و پاڵنەری کەسانی شاعیر و دڵسۆزی ئەدبیات و زمانی کوردی بوو، جیا لەوەش کەسێکی شارەزا لە بواری ڕەوەکناسی و گیاناسی و مامۆستایەکی سەرکەوتووی قوتابخانە بوو.


عەزیز فازلی، شاعیر و نووسەریش لەبارەی بەرهەمەکانی بەرزاو گوتی: کاک عەلی موئەیەدزادە نووسەرێکی شارەزا بە زمانێکی ڕەوان نووسراوەکانی دەنووسی. گوتەکان و هۆنراوەکانی ناوبراو، خاڵەکانی ئامۆژگاری بۆ لاوانی تێدایە.


عەلی موئەییەدزادە ناسراو بە بەرزاو، شاعیر و نووسەر، ۶ی جۆزەردانی ۱۳۲۳ی هەتاوی لە شاری مەهاباد لەدایک بوو.

دیوانی "کۆلکەزێڕینەی خەیاڵ" و کۆمەڵە چیرۆکی "عبور از عبرت" لەو شاعیر و نووسەرە چاپ و بڵاو کراوەتەوە.


ناوبراو ڕۆژی ڕابردوو بەهۆی نەخۆشیی دڵ لە نەخۆشخانەیەکی شاری تەورێز کۆچی دوایی کرد و ئەمڕۆ لە گردی شاعیرانی مەهاباد، بە خاک سپێردرا.