تاریخ: ۱۳۹۵/۱۰/۳۰
وتووێژی تایبه‌تی هاژه لەگەڵ شاعیر و نووسەری کورد بەختیار عەلی

ئامادەکردنی: بابەک سەحرانه‌وەرد

 

وتەیەك:

بەختیار عەلی، نووسەر و شاعیری هاوچەرخی كوردستانی باشوور، یەكیكە لەو دەق نووسە جیددیانە كە لە دەڤەری شێعر و ڕۆمان و پرسە كۆمەڵایەتییەكان، خزمەتیكی بەرچاوی بە ڕەوتی رۆشنبیریی كورد كردووە و بەرهەمەكانی به‌ردەوام بوونەتە جیگەی مشتومڕ.

 

هاژه ـ لە كەنگی سەرقاڵی شێعر نووسین بوویت و چ شتی بووە هۆی ئەوە بەلا شێعردا بكێشرێیت؟

بەختیار عەلی ـ لەشازدە و حەڤدە ساڵییەوە شێعرم نووسیوە، سەرەتا زۆر سوریالیانە دەستم پێکرد. بەداخەوە هیچ یەک لە تێکستەکانی ئەو سەردەمەم نەماوە. هۆکاری یەکەمی شێعر نووسین هەمیشە لاسایی شاعیرانی ترە... هەمیشە ئەوانی دی ئەو خواستەمان تیا دروست دەکەن کە ببین بە شاعیر. خوێندنەوەی بەردەوامی شێعر وایکرد بیر لە نوسینی شێعر بکەمەوە. من واتێدەگەم کە شێعر سەرەتا لەژێر کاریگەری شێعردا لەدایک دەبێت، دواتر سەربەخۆیی و ڕەهەندی شەخسی و فۆرمی تایبەتی وەردەگرێت. ئەگەر پێشتر نەزانین شێعر هەیە ناتوانین شێعر بەدروستی بنوسین. مەرجی یەکەمی شاعیری بوون دۆزینەوەی شێعرە.

هاژه ـ ئایا شێعر بەناونیشانی ئەزموونیكی جوانیناسانە پیناسە دەكەی كە لەبارودۆخیكی جیا لە كۆمەڵگە پەرە دەستینێ؟

بەختیارعەلی ـ من دژ بە هەر تەفسیرێکی میکانیکیم کە فۆرمی شێعر بە بارودۆخێکی مێژوویی دیاریکراوەوە گرێبدات. شێعر پتر بەرەنجامی گەشەی شێعرە وەک ژانرێکی سەربەخۆ. ئەوەی ئەمڕۆ لە فۆرم و شێوەی شێعردا بەدەستی دەخەین، درێژکراوەی گەشەی فۆرمەکانی پێش ئێمەیە. هەڵبەت کە ناوەرۆکی شێعر خاڵی نییە لە پەیوەندی بە کۆمەڵگا یان مێژووەوە، شاعیر هەیە بە هوشیارانە و بە مەبەست قسە لە بارودۆخە کۆمەڵایەتییەکان دەکات، ئەمەیان مەسەلەیەکی ترە. بەڵام شێعر وەک چالاکییەکی سەربەخۆی مرۆیی، توانای دروستکردنی ساتی سەربەخۆی خۆی هەیە... شێعر ژانرێکی ئازادە، دەتوانێت جیهانی تایبەتی و سەربەخۆی خۆی هەبێت، هەر وەخت شاعیر قسەی لە بابەتە کۆمەڵایەتییەکان کرد دەبێت لە چوارچێوەی ئەو ئازادییەدا بێت، نەوەک وەک کاریگەرییەکی میکانیکی و نائاگا بکەوێتەوە. ئەزمونی ئیستاتیکی شێعر لەو ئازادییەوە سەرچاوە دەگرێت... بە مانایەکی تر شێعر ئاوێنەی ئازادی مرۆڤە، نەوەک ئاوێنەی کۆمەڵگا بێت... ئەوە بۆچوونی منە.

هاژه ـ بەڕای بەڕێزتان، شێعر تا چ رادەیەك لەگەڵ كۆمەڵگا پەیوەندیدارە؟ بۆ نموونە هەڵوێستیی ئەحمەد شاملوو لەگەڵ سپیهری لەم ڕووەوە زۆر جیاوازە. شێعری شاملوو تایبەتمەندییەكی قووڵ و بەرفراوانی لەگەڵ كۆمەڵگا سازاندووە و بەم گوتەیه بە شێوەیەكی سفت و سۆڵ گریدراوە بەڵام شێعری سپیهری تەنها لە خزمەت بەرزی مرۆڤی ئەم چەرخەیە كە لە جیهانی زەینی خۆیدا ماوەتەوە و تەنیا لە خۆی دەدوی. هەڵوێستیی ئیوە چۆنە؟

بەختیار عەلی ـ هەندێک دەڵێن شێعر بیەوێت و نەیەوێت ئاوێنەی دۆخێکی کۆمەڵایەتییە. یاخود ئەوەدەکەن بە مەرج بەسەر شاعیرەوە کە شێعری هەڵوێستی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە خۆبگرێت. ئەمە بۆچوونێکی هەڵەیە... هەڵوێستی کۆمەڵایەتی شاملوو لە ئازادی شێعر خۆیەوە هەڵقوڵاوە. گرنگ نییە شاعیر لەسەر چی دەنوسێت، بەڵام گرنگە کە هەڵبژاردنەکەی جەبری نەبێت. وەزیفەیەکی ڕەها نییە بۆ شێعر کە ڕۆحانی بێت یان سوفی بێت یاخود فۆرمالیستی یان کۆمەڵایەتی... من دژ بەو تەعریف کردنە جەبرییە قسە دەکەم. هەموو قەسیدەیەک دەبێت وەک ساتێکی ئازادی دەربکەوێت، لەو ساتەدا مرۆڤ لەسەر چی دەنوسێت یان چ بابەتێک دەکاتە سەنتەری کارەکەی ئەوە خاڵێکی دیکەیە. بەڵام بۆ ئەوەی شێعر ببێتە شێعر دەبێت لەو ئازادییەوە هاتبێت. شاعیرە ڕەسەن و گەورەکانی دنیا ناکرێت و ناتوانن نەیاری یەک بن. ئەم بۆچوونە بۆ شاملوو و سوهرابیش ڕاستە...من شاملوو وەک قوتبێک نابینم بەرامبەر قوتبێکی تر کە سوهرابە... هەر دووکیان وەک بەرجەستەبوونەوەی ئازادی شێعرییەت لەدوو مانا و دوو فۆرمدا تەماشادەکەم... شێعر ناکۆتایە، بۆئەوە بتوانێت ناکۆتابوون و ئەبەدییەتی خۆی دەربخات، لە ساتی جیاواز جیاواز و لە فۆرمی جیاواز جیاوازدا خۆی بەیاندەکات، شاملوو و سوهراب لە شێعری ئێرانیدا، دوو خاڵی ناو ئەو ڕەوتە ئەبەدییەن، دوو ساتی دژ نین، بەڵکو دوو ساتی جیاوازن کە تیایاندا ئازادی شێعر بە جۆری جیاواز خۆی بەیانکردوە. ئەوەی لە شاملوودا گرنگە ئەوە نییە کە لەسەر بابەتی کۆمەڵایەتی نووسیوێتی، بەڵکو ئەوەیە کە هەرچییەکی نووسیوە لە ژێر کاریگەری هیچ جەبرێکی دەرەکیدا نەینوسیوە، بەڵکو تەواو هەستی پێدەکەین کە هەڵقوڵاوی ئیرادەیەکی شێعری ئازادە... ئەوەی شێعر دەکات بە شێعر ئەوەیە کە باوەڕمان پێدەهێنێت کە لە ئازادیدا نوسراوە... ئەمە بۆ سوهرابیش دروستە. هەموو شاعیرە گەورەکان دەرکەوتەی جیاواز جیاوازی ئەو ئازادییەن.

هاژهـ چەن ساڵیكە لەئیران كیشەی قەیرانی خوینەر بەردەوام لە شێعردا ڕەنگی داوەتەوە؟ ئاخۆ ئەم كێشەیە لە شێعری ئیمرۆی كوردستانی باشووردا سەریهەڵداوە؟

بەختیار عەلی ـ قەیرانی شێعر جیهانییە، لە سەدەکانی پێشوودا شێعر وەزیفەیەکی سیاسی گەورەی هەبوو، شاعیرەکان زوو دەبوون بە سەمبول بۆ خەباتی سیاسی، ئەمڕۆ شێعر کەمتر ئەو وەزیفەیە هەڵدەگرێت، لەگەڵ کۆتایی هاتنی شۆڕشە گەورەکاندا شاعیران ناتوانن ببنە هەڵگری ئەوجۆرە سەرمایە ڕەمزیانە. شێعری مۆدێرن، هونەرێکی نوخبەوییە لەبەر ئەوە شێعر ڕۆژ دوای ڕۆژ پتر لەوە دەکەوێت سیحرێکی جەماوەری هەبێت. ئەمڕۆ وەک سەردەمەکانی دی نییە، هەموو کەس ناتوانێت ببێتە خوێنەری شێعر... شێعر خوێندنەوە ئێستا پەیوەندی بە پەروەردەیەکی ستاتیکی و ڕۆشنبیری تایبەتییەوە هەیە. لە سەردەمی پێشوودا شێعر ڕاستەوخۆ پردی لەگەڵ هەموو توێژ و تاقمە کۆمەڵایەتییەکاندا دروست دەکرد. خەڵکانی سادەش شتێک لە حافز و سەعدی تێدەگەیشتن، بەڵام شێعری ئەمڕۆ دەبێت پەروەردەیەکی شێعری زۆرت هەبێت، دەبێت زەوقێکی تەواو پەروەردەکراوت هەبێت، لەو زمانە سەمبولی و ئیستعارەیەییە نوێیە تێبگەیت... من ناڵێم تەنیا خوێنەری تایبەتمەند و پسپۆر لەمەولا دەتوانێت لە شێعر تێبگات، بەڵام بێگومان چیتر شێعر وەک جاران ئەو هونەرە سادەیە نییە کە هەموو کەس ڕاستەوخۆ بگاتە مانا و قووڵاییەکەی. ئەمە خوێنەری شێعر کەم دەکاتەوە، بەڵام لەبەرابەر ئەوەدا عاشقانی شێعر و ئەوانەی بە ڕاستی دەتوانن چێژ لە شێعر ببینن زۆرتر دەبن. ئەمڕۆ تەنیا شێعر خسوسییەتی نەگۆڕاوە، بەڵکو خوێنەرانی شێعریش خسوسییەتیان گۆڕاوە. ئەمڕۆ شێعرێکی ڕاستەقینە نەماوە بتوانیت مەسرەفی بکەیت، بەڵکو تەنیا شێعرێک هەیە لەگەڵیدا بژیت. شێعرێک هەیە بتوانیت پەیوەندییەکی شەخسی لەگەڵدا ببەستیت... شێعر ئەمڕۆ شتێک نییە یەک مانا بە هەموو خوێنەرەکانی ببەخشێت، یەک مانا بۆ مەسرەفی تەواوی کۆمەڵگا بدات بەدەستەوە، بە پێچەوانەوە هەر خوێنەرەو ئەزموونی تایبەتی خۆی لەگەڵدا بەرقەرار دەکات... ئەم دۆخە وادەکات شێعر دیاردەیەکی جەماوەری نەبێت... ئەمە تەنیا لە ئێران وانییە، بەڵکو لە هەموو جیهاندا وایە.

هاژه ـ لەگەڵ كام لە نووسەر و شاعیرانی هاوچەرخی كوردستان هەڵس‌وكەوت و دۆستایەتیت هەیە و زۆرتر حەز بە خویندنەوەی بەرهەمی كامیان دەكەی؟

بەختیار عەلی ـ هەر شێعرێکم بەردەست بکەوێت دەیخوێنمەوە، شێعری کوردی ئەمڕۆ خاوەنی هەندێک ناوە کە گرنگن و بەداخەوە لەدەرەوە کەم ناسراون. بۆ نمونە ئەحمەدی مەلا و کەریم دەشتی... هەر دووکیان دوو ئەزموونی زۆر جوان و قووڵ و تایبەتیان هەیە. من بە شەخسی لە کەسیان زۆر نزیک نیم، بەڵام شێعریان لە هەر کوێ بێت بە شەوقەوە دەیخوێنمەوە. لەدەرەوەی ئەوان ئەزموونی قووڵ و جوانی ترمان زۆر زۆرە... پەیوەندیم لەگەڵ ژمارەیەک زۆر لە شاعیراندا خۆشە. من باوەڕم بەو قسە دێرینەی ڕامبۆ هەیە کە دەڵێت «شاعیران هەمووی بران»... ئەگەر شێعر ئەوەندە پاکی نەکردبینەوە بتوانین یەکترمان خۆشبوێت ئەی چی کردوە.

هاژه ـ شوێنگە و پێگەی شێعری هاوچەرخی كوردستانی باشوور لە ئەدەبی جیهاندا چۆن دەبینن و بەڕای ئیوە لە چ ئاستیكدایە؟

بەختیار عەلی ـ ئەگەر مەسەلەکە بەراوردکردن بێت واتە بڵێین ئاخۆ دەکرێت بەراورد بە شێعری خۆرئاوا بە بەرهەمەکانی خۆمان بڵێین شێعر... بە بڕوای من پرسیارەکە هەڵەیە. ئەو کارە ئەدەبییەی لە زمانی خۆیدا شاکار بوو مانای بۆ هەموو دونیا شاکارە، سوهراب کە لە شێعری فارسیدا شاکار نووسە، ناکرێت بڵێین کە بردمانە ئەدەبی فەرەنسییەوە بچوک دەبێتەوە، شتی وەها لە ئەدەبیاتدا نییە، زۆر کەس تا ئێستاش هەر بە عەقڵییەتی یاری وەرزشی بیر لە ئەدەبیات دەکەنەوە، لە ئەدەبدا یاساکان جۆرێکی ترن ... ئەوەی یەکجار شاکار بوو بۆ هەمیشە شاکارە، حافز لە فارسیدا شاکارە و لە ئەڵمانیشدا هەر شاکارە... ئەمڕۆ سوهراب لە خۆرئاوا شاعیرێکی نەناسراوە، بەڵام کێ لەمە زیانی بینیوە، بەبڕوای من خۆرئاوا زیانی زیاتر بینیوە لە سوهراب.... کاری گەورە بە گەورەیی خۆی دەمێنێتەوە، مەولانا ڕۆمی دەبایە چەندین سەدە چاوەڕوان بێت تا جیهان دەیناسێت، ئەمڕۆ خوێنراوەترین شاعیری دنیایە، ئەو ماوە دوور و درێژەی چاوەڕوانی هیچی لە گەورەیی مەولانا کەم نەکردۆتەوە، بگرە سیحری زیاتر بووە. چەندین سەدە ئێمە لە خۆرهەڵات شەکسپیرمان نەناسیوە، ئەوە زیانی گەورەی بە ئێمە گەیاندوە نەوەک شەکسپیر. ئەم ڕاستیانە بۆ ئەدەبی کوردی و هەموو ئەدەبێکی تریش دروستن. دیارە دۆخەکە بۆ ئێمەی کورد لەم ساتەدا زۆر تراژیدیترە... لە بارودۆخی وەهادا مرۆڤ جارێ ئەوەی بۆدەکرێت، خۆت لەو دۆخی تارمای بوونە ڕزگار بکەیت. من کە پازدەساڵ لەمەوبەر چووم بۆ خۆرئاوا، دەبوو بڕۆم لە کلاسێک زمانی ئەڵمانی بخوێنم، سێ مانگ لەوێ شەڕی ئەوەم بوو کە میللەتێک لەم دنیایەدا هەیە ناوی کوردە و من سەر بەو نەتەوەیەم. لە دۆخی وادا ئێمە ئەگەر شاکاری ئەدەبیی گەورەشمان هەبێت دەبێت چاوەڕێ بکات. ئەمە ڕاستییەکی تاڵە کە دەبێت قەبووڵی بکەین و بەشێکە لە ئازاری گەورەی کوردبوون.

بەڵام لەوە بترازێت، دەمەوێت هەندێک شت لەسەر مەسەلەی «جیهانیبوون» بە گشتی بڵێم، چونکە ئێمە لە خۆرهەڵات زۆر بە هەڵە لەو دیاردەیه دەڕوانین. جیهانی بوون ئەمڕۆ دیاردەیەکی سەتحی و درۆزنە کە تەعبیر لە هەقیقەتی شتەکان ناکات. جیهانی بوون بازاڕ جڵەوی دەکات نەوەک داهێنان و مەعریفەت، زۆربەی ئەو شتانەی کە ئەمڕۆ بە جیهانی دەبن شت گەلێکن کە مەرجی بازاڕی نەشریان هەیە، هەڵبەت لە نێویاندا کاری زۆر گەورە و نایاب و شاکاری گرنگ هەیە، هەروەک چۆن کاری زۆر بەد و بێئاست و ناچیزیش هەیە. بەڵام ئەوەیان مەسەلەیەکی دییە کە لێرەدا باس ناکرێت، من دەڵێم ئاخۆ ئەدەبیاتی ئێمە دەتوانێت لە خۆرئاوا خوێنەر پەیدا بکات؟ ئەدەبیاتی خۆرهەڵاتی بە گشتی لە خۆرئاوا شانسی بڵاوبوونەوەی کەمە. جیهانی بوون مانای ئەوەی خوێنەرە سادەکان و خەڵکی ئاسایش تۆ بناسن و ناوی تۆیان بیستبێت... جگە لە نەجیب مەحفوز و پامۆک و یەشار کەمال هیچ ئەدیبێکی خۆرهەڵاتی نییە ئێستا لە خۆرئاوادا وەها ناسراوبێت گەیشتبێتە خوێنەرە سادەکان و ئەوانەی ئەهلی ئیختیساس نین. ئەوەی لێرەو لەوێ شێعرێک یان ڕۆمانێک یان کۆمەڵە شێعرێکت تەرجەمەبکرێت ناتکات بە جیهانی. جیهانی مانای لایەنی کەم لە دە زمانی جیهانیدا کتێبەکانت لە باشترین بنکەکانی نەشردا و بە تیراژی گەورە بڵاوببنەوە، یان کۆمەڵێک خەڵاتی نێودەوڵەتی گرنگ ببەیت. نە ئەدەبی عەرەبی و نە ئەدەبی فارسی و نە ئەدەبی کوردی ئامادەگی وەها گەورەیان لە خۆرئاوا نییە. هەڵبەت مرۆڤ دەتوانێت لە نەشرێکی بچوک و بە تیراژی کەم شت بڵاوبکاتەوە، بەڵام ئەوە هیچ قورسایی و مانایەکی نییە، لێرە لە ئەڵمانیا عەباسی مەعروفی لە هەموو نوسەرە خۆرهەڵاتییەکان شانسی باشتری هەبوو، ماوەیەک لێرە بە راستی ناسرابوو و ناوێکی دیار بوو، ڕۆمانەکانی لە شورکامپ چاپکران، کە یەکێکە لە نەشرە هەرە باشەکانی ئەڵمان، ئەوە دەستکەوتێکی گرنگ بوو بۆ ئەدەبیاتی ئێرانی و خۆرهەڵاتی، بەڵام لە خۆرئاوا گەر دەزگایەک نەبێت بەردەوام ئیشت بۆ بکات و ئامادەت بکاتەوە و بتباتە پێشەوە، زوو شەپۆل بەسەرتدا دێت و دەتبات و دەتشارێتەوە. جیهانی بوون شتێک نییە بەتەنها بە نوسەر یان بە تێکست خۆی مەیسەر بکرێت، ئەوە هەم بەشێکە لە ململانێیەکی کولتووری گەورە، هەم بەشێکە لە بازاڕێکی ئاڵۆزی چاپەمەنی، هەم کۆمەڵێک دەزگای ئیشکردنی گرنگ و چالاکی دەوێت.

هاژه ـ سوپاس له کۆتایی دا ئه‌گه‌ر وتەيیه‌کتان هه‌یه بیفەرموون

به‌ختیار عەلی ـ زۆر سوپاس بۆ ئێوەی به‌ڕێزیش، بەردەوام بن.