تاریخ: ۱۴۰۱/۲/۲۵
پەڕتووکی «هاوگیرۆدەیی» ڕەوانەی بازاڕ کرا

به پێی هەواڵی هاژه، پەڕتووکی «هاوگیرۆدەیی» نووسراوەی «مەرزە جەوانمەرد» لە لایەن بڵاوگەی «ژیر»ـەوە هاتە نێو بازاڕ.

یاقووب خزری، بەڕێوەبەری بڵاوگەی «ژیر» به هەواڵنێری هاژەی گووت: لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٠ـەوە توانیومانه پتر له ١٥ بەرهەمی نووسەرانی مەهاباد و ناوچە پێشکەش به هۆگرانی خوێندنەوە و زانست بکەین.

بەڕێوەبەری بڵاوگەی «ژیر» زیادی کرد: لە سەرەتای دەستپێکی ساڵی ١٤٠٠ـەوە لە بڵاوگەکەمان توانیومانه قۆناغەکانی مۆڵەت‌وەرگرتن، چاپ و بڵاوکردنەوەی پەڕتووک‌گەلی: تێگەیشتنی دوازدە هەنگاو، نەقڵ و نوقڵ، وسووکەند ئاواییەکەم، ذهن آگاهی و فعالیت‌های کاربردی برای کودکان، بووتیقای ئاشتی، سێبەری بەڕوو، شەرمەزار، سەمفۆنیای نیشتمان، هاوگیرۆدەیی، سلول ١٨، ئەشکەوتی گەوەرێ، چەشمەندازی بەرز، ڕێوی بەبیر و ژیر، جعبه و وڵاتی خۆم خۆش دەوێ تێپەڕێنین کە دواهەمینیان پەڕتووکی هاوگیرۆدەیی، نووسراوەی خاتوو مەرزە جەوانمەرد بوو.

ئەو گووتی: گیرۆدەیی یەکێک لە گەورەترین نەخۆشییەکانی کۆمەڵگای ئەمڕۆیە، کە نە نەخۆش دەپارێزێ و نە کەس‌وکاری نەخۆش. خۆ پاراستن لە نەخۆشی گیرۆدەیی یەکێک لە پێویستی‌یەکانی ژیانە، ئەم نەخۆشی‌یە مێشکی مرۆڤەکان دەفڕێنێ . گیرۆدەیی زۆر بێ‌بەزەییانە دایک، باب، کچ، کوڕ، پیر ،جەوان، زەنگین، هەژار، تێگەیشتوو، نەزان، نەجیب، قارەمان، داهێنەر، دڵڕەق، دڵتەڕ و دڵدار هەمووی فیدای خۆی دەکات.

 

خزری زیادی کرد: بە شێوەیەکی ئاسایی لە دەوروبەری هەر گیرۆدەیەک هاوژین، دایک، باب و کچ و زۆر کەسیتر دەژین کە ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ کاریان لێ دەکرێ ئەوانە بە هاوگیرۆدە ناویان دەبردرێ. بیر، هەست و هەڵس‌وکەوتی هاوگیرۆدە لە ئۆلگوویەکی ناتەندرووست‌دا گەشە دەکا و کەسایەتی ئەو دەگۆڕدرێ.

بەڕێوەبەری بڵاوگەی«ژیر» سەبارەت بە مەبەستی نووسەر لە نووسینی ئەم کتێبە گووتی: مەبەستی سەرەکی نووسەر لە نووسینی ئەم کتێبە، ناساندنی پرسی هاوگیرۆدەیی‌ و پرسیارەکانی پەیوەست بەم دیاردەیە. نووسەر بۆ نووسینی ئەم کتێبە لە سەرچاوە جۆراوجۆرەکان وەک کتێب، وتار، ماڵپەڕی تایبەت بە هاوگیرۆدەیی و هەروەها ئەزموونی پیشەیی خۆی لەم کارەدا کەڵکی وەرگرتووە.

پێویست بە ئاماژەیە کە پەڕتووکی هاوگیرۆدەیی لە کتێب‌فرۆشی گزینگ لە شاری مەهاباد دەست دەکەوێ.