تاریخ: ۱۴۰۱/۲/۱۷
‌‌ قانع؛ قوتابیی حاجی‌قادری پێشەنگ و، مامۆستای پەشێوی پێشڕەو
دوکتۆر ئەحمەد ئەحمەدیان، زمانناس و لێکۆڵەر
 
مامۆستا قانع شاعیری چەوساوەکان و داماوەکانی گەلەکەیەتی و پەرەپێدەر و داڵدە و داشداری بیری نەتەوەیی و بیرۆکەی شوناسخوازانەیە و قوتابیی قوتابخانەی حاجی قادری کۆییی پێشەنگە. قوتابی بوونی قانع لە ڕووی هزر و بیریەوە و لە جەغزی بیری نیشتمان‌پەروەری و شوناسخوازییەکی پاکژدا وێنا و مانا دەکرێتەوە، کە حاجی پێشەنگی ئەو بیرە شوناسخوازانە و ڕچەشکێنی ئەو ڕێچکە پێشکەوتنخوازانەیە لە ئەژمار دێ و ئەمە گفتێکە کە گشت لا لەسەری هاوڕان. لە لایەکی ترەوە دەکرێ بێژین قانع بەردەبازی ڕێچکەی شەتەک دانی بیری نەتەوەخوازیی پێشکەوتنخوازانەی کوێستان و گەرمێن و ڕۆژهەڵات و باشوور بووە بە 3 واتا و ماناوە:
یەکەم) بەو مانایە کە قانع خۆی لە ڕۆژهەڵات لەدایکبووە و لە درێژەی ژیانی دا لە باشوور گیرساوەتەوە و پشکۆی ئاگری نیشتمان دۆستی و گەل‌ویستی لە هەر دوو بەش دا داگیرساندووە و ئایساندوویەتی و شۆق و شەبەقی ئەم داگیرسان و ئایسانە قەد و لاپاڵەکانی هەر دوو بەشی گەرمێن و کوێستانی بەیەک ڕادە داگرتووە و خێوەتی ئەدەبی بەرگری و خۆڕاگری ڕاگرتووە و دواتریش بە هۆی پێشکەوتن‌خوازبوونی بیرۆکەی شێعرییەوە، زۆر کەس و کەسایەتی بوونەتە گراوی باڵای تەرز و بەرزی هۆنراوەی قانع و دڵگری و دڵئەنگێویی بیرۆکەی شێعریی قانع، ئینجا قوتابی زۆر ناودار و پێشڕەو لە قوتابخانەی هزریی قانع دا پێگەیشتوون و له هەمووان بەرچاوتر و دەروەست‌تر و شوێن‌دانەرتر و خاوەن‌شێوازتر: پەشێوی مەزن و خاوەن‌شکۆ؛
دووهەم) مەشغەڵی بیر و هزری قانع بە هۆی گڕ و تینی ئەو ئاگردانە بیریارانەیەی لە حاجی‌ قادرەوە بۆی بە میرات ماوەتەوە، لە لایەکەوە، و لە لایەکی تریشەوە بە هۆی ئەو داهێنان و ئافراندنە نوێخوازانەیەی پەشێوی مەزن لە باری فۆرم و ڕواڵەت و توێکڵەوە کە هاوتای ئاواڵ‌دوانەی ناوئاخن و ناوەڕۆک و توێکڵی هۆنە و ڕاسپاردەی شێعریی قانع و حاجی بووە، ئەوانە تێکڕا و هەمیسان ڕووناکیدەری قەد و لاپاڵاکەنی کوردستانی کوێستان بوون و ئێستاشی لەگەڵابێ تیشک و شەبەقی ئەم شێعرە و ئەم بیرە وەک خۆری بەگڕ و گوڕی هاوین کۆڕی وێژەی پێشکەوتنخوازانی گەل و نیشتمان گەرم و ڕووناک ڕادەگرێ؛
سێهەم ) بە هۆی پەشێوی مەزنەوە و ئەو ئاڵوگۆڕە ناهاناوەکی و غەیرەجەوهەرییەی وا لە ڕواڵەت و توێکڵ و فۆڕم دا بۆ ئەم بیر و کاکڵەی دۆزییەوە و دەروەست بەم کاکڵ و مانا و ڕاسپاردیە ماوە و توێکڵی‌خۆی و کاکڵی قانع و حاجی وەک ئاواڵدوانە، زۆر وەستایانە و مامۆستایانە، پێکەوەی لکاندن و لێکی‌گرێ‌دان و کردی بە ڕایەڵ و پۆی تەونی نەتەوەخوازیی پێشکەوتنخوازانە، ڕێک بە هۆی ئەم مێکانیزمە “جوانیناسە_بیریارانەیە”ی پەشێوی مەزنەوە، دیسان تیشکی بیر و هزر و هۆنەی قانع بە تێکشکدانەوەیەکی بەربڵاو گەڕایەوە کوردستانی کوێستان و سەدان قوتابی مکوڕ و شێلگیر و پێشڕەو سەرقاڵی گەرم‌داهێنانی ئاگردانی ئەم بیرۆکەیە و ئەم شێوازە داهێنانە دەروەستە بوون و لە سەرووی هەمووانەوە قوتابی هەرە مەزن و ناسراو و دەروەست و شوناسخواز و خاوەن هەست و هەڵوێست، مامۆستا جەلال مەلەکشا، کە خۆی قوتابخانەیەکە و سەدان قوتابی و گراوی هەیە.
هەر شەکاوە بێ ئاڵای بیر و هۆنەی حاجی و قانع و پەشیو و جەلال؛ هەر لە ئاژوان دابن شاسوارەکانی شێعری سەردەم بەرەو لوتکەی داهێنان و لە ژێر بەیداخی بەرزەڕۆیوی وێژەی دەروەست و پێشڕەودا.