تاریخ: ۱۴۰۱/۲/۱۳
پەروەردە و فێر کردن پرۆسە‌ی گرینگی ژیانی
محەممەد نامدار
پەروەردە و فێر کردن یەکێکە لە پرۆسە گرنگەکانی ژیانی هەر کۆمەڵگەو نەتەوەیەک و پێشکەوتنەکەشی بەستراوەتەوە بە ڕادەی پێشکەوتنی پرۆسەی پەروەردە وفێر کردنەکەی و بە پێچەوانەشەوە دوا کەوتنی هەرکۆمەڵگایەکیش بۆ خراپی سیستمی پەروەردە و فێرکردن و قوتابخانە و ڕێز نەگرتنی مامۆستا و ئاستی هۆشیاری ئەو کۆمەڵگایە دەگەڕێتەوە ....
مامۆستا کەسێکە خاوەنی توانایەکی بەهێز و تایبەتمەند و ئەزمونێکی بەرفراوانە لە بواری پەروەردە و فێرکردندا ، بۆ ڕێنماییکردنی قوتابیان و خوێندکاران و رەفتاری ئەوان دەگۆڕێت بەو شێوەیە کە پێویست دەکات....
هەر بۆیەش ئەگەر رۆڵی مامۆستا گۆرانکاری و پیشکەوتنی کۆمەڵگا بێت ، ئەوە پێویستە کە مامۆستا بە چاوێکی پڕ بایەخ و هەستیارەوە تەماشا بکرێت هەر وەک لە وڵاتانی پێشکەوتوەکاندا شوێن و پێگەیەکی بەرزی بۆ دانراوە نەک وەک وڵاتی خۆمان مامۆستا شەقی تێ هەڵبدرێت ( بێ ڕێزی نەبێ) و بە چاوی سواڵکەر و کەسێکی ئاساییەوە سەیر بکرێت
لە وڵاتێکی وەک چین دانیشتوانی ئەو وڵاتە تەنها لە بەرامبەر دوو کەس سەری خۆیان دادەنوێنن : سەرۆکی وڵات و مامۆستا 
لە وڵاتێکی وەک بەریتانیا هەرکەسێک مامۆستا بێت ئەوە بە شکۆ و شانازی وڵات تەماشا دەکرێت 
لە وڵاتێکی وەک رووسیا هەر کەسێک بوو بە مامۆستا نابێت هیچ کارێکی تر بکات چونکە حکومەتی ئەو وڵاتە هەموو پێداویستەکانی ژیانی بۆ دابین دەکات....
لە وڵاتێکی وەک یابان مووچەی مامۆستا دیاری کراو نیە و بەڵکوو مامۆستا بە خواستی خۆی مووچەکەی دیاری دەکات ....
لە وڵاتێکی وەک ئاڵمانیش مووچەی مامۆستا لە مووچەی دکتۆر و دادوەر و ئەندازیار و پارڵمانتار زیاترە چونکە دەڵێن هەموو ئەم توێژانەی تر لە قوتابخانە لە لایان مامۆستاوە فێرکراون و پەروەردە کراون .....
بەڵام لە وڵاتی ئێمە مامۆستایەکان دەچن لە دووکانی قوتابیەکەیاندا پیویستەکانیان دەکرن...
لە وڵاتێکدا مامۆستا بە هۆی خراپی بژێوی ژیانەوە ناتوانێت وەک پێویست گرنگی بە پیشەکەی بدات و سەرقاڵی ئێشی دووەم دەبێت ..
لە وڵاتێکدا مامۆستا دوای قوتابخانە بۆ بژێوی ژیانی دەبیە شۆفیر تاکسی چون دەتوانی وانە بڵێتەوە ....
لە وڵاتێکدا مامۆستا لە ڕێزبەندی دواوەی چین و توێژەکانی تردا بێت و حکومەتی وڵاتەکەش خۆی شکۆی مامۆستا بشکێنێت ئەوە بێگومان لەم ولاتە دایە کە ... نەخۆش بە دەستی دکتۆر نەزان دەمرێت وچاوی کوێر دەبێ
خانوو باڵەخانە و شەقام و پردەکان و ڕێگاو بان بە هۆی ئەندازیارەکانەوە بەرگەی بومەلەرزە و لافاوێک ناگرن و دەروخێن...
کێشە کۆمەڵایەتیەکان زیاد دەکەن و شێرازەی خێزان تێک دەچێت و زیندانەکان پڕ دەبن و دادگاکانیش وەبەر ناکەون و نەزانەکانیش ڕۆڵ دەگێرن ....
لە ڕاستیدا ئەوەی ڕاستی ئەو وتەیەمان بۆ دەسەڵمێنێت کە دارمانی پەروەردە و فێرکردن یەکسانە بە تێک شکانی نەتەوە و وڵاتێک ؟؟؟؟
وێڕای ڕێز گرتن لە ئێرادەی پۆڵایینی مامۆستایانی زەحمەتکێش پیرۆزبایی ئەم ڕۆژەتان لێ دەکەم و هیوای بەردەوامی لە ئەرک و زەحمەت و ماندووبوونیان بۆ پەروەردەکردنی نەوەی نوێی وڵات بۆ بە ئاوات دەخوازم .....