تاریخ: ۱۳۹۵/۱۰/۲۵
شەنگه سواری ڕەوتی نوێی شێعری کوردی

سواره ئیلخانی زاده ساڵی 1316ی هه‌تاوی له گوندی تورجانی بۆکان له دایک بوو. سێ کلاسی هه‌وەڵی ناوەندی له بۆکان خوێندووە، بۆ تەواو کردنی ناوەندی دەچێته ته‌ورێز. ساڵی 1341ی هه‌تاوی دیپڵۆمی له دەبیرستانی "لوقمان"ی ته‌ورێز وەرگرتووە. هه‌ر ئه‌و ساڵه له تاقیکردنه‌وەی زانستگه‌ی تاران وەرگیرا و له کۆلێژی حقوقی قەزایی دەستی کرد به خوێندن.

 

ساڵی 1343ی هه‌تاوی بۆ ماوەی شەش مانگ له به‌ندیخانه‌ی "قزڵقەڵا"ی تاران که‌وته ژێر بێڕەحمانەترین ئه‌شکه‌نجە و ئازاری ساواک، بەڵام خۆی ڕاگرت و شێعره مه‌شهووره‌که‌ی "سووره قەڵا، دایکی بەڵا"ی هەر له‌و زیندانه‌دا هۆنییه‌وە. سواره سوای زیندان ساڵی 1347ی هه‌تاوی خوێندنه‌که‌ی ته‌واو کرد. ساڵی 1354ی هه‌تاوی به هۆی پێدادانی ماشێن له تاران، له نەخۆشخانه‌ی "میساقییه" کۆچی دوایی کرد و ته‌رمه‌که‌ی هێنرایه‌وە بۆکان و له گوندی "حەمامیان" به خاک سپێردرا.

شاعیری نوێخواز کاک یوونس ڕەزایی سەبارەت به‌م که‌سایه‌تییه دەڵێ: سوارە ئیلخانی‌زادە لە پێشەنگانی ڕەوتێکی نوێ لە بیرکردنەوەی ڕۆشنبیر و نووسەری کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. تا بەر لەو ڕۆشنبیر، نووسەر و شاعیرانی ئەوبەشەی کوردستان توانیبوویان لە ئاستی ناوەرۆکدا هەندێک لە تایبەتمەندی‌یەکانی دەقی نوێ بێننە ناو بەرهەمەکانیانەوە. بەڵام سوارە بە ئاگاداری لە رەوتە نوێ‌خوازەکانی شێعری کوردی لە باشووری کوردستان، گوتارە جوداکانی نوێ‌خوازی ئەدەبی فارسی و ئاگاداری لە سامانی ئەدەبی ڕۆژئاوایی، حەولی دا بیری نوێ لە بواری سیاسی و ئەدەبیدا تێکەڵ بکات و ئەو بیرە بە فۆڕمێکی جودا لە هەموو ڕەوتەکانی شێعری بەر لە خۆی، کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تاقی کرابوونەوە دەرببڕێ.

ئه‌م شاعیره ڕای وایه: شێعری سوارە ئەوەندەی تێپەڕینە لە فۆڕمی بەر لە خۆی، ئەوەندەش تێپەڕینە لە زمانێک کە بەر لەو، لە دەقی کلاسیکی و تەنانەت لە دەقە ساکارەکانی نوێ‌کراوە‌دا کاری پێدەکرا.

یوونس ڕەزایی هەروەها دەڵێ: سوارە وەک هەموو داهێنەرێکی بە توانا و رادیکاڵ بە هێنانە ئارای گوتارێکی تازە و هەروەها ڕووکردنە فۆڕمی قورس و دژواری ناباو، کەم‌ترین پێوەندی لەگەڵ میراتی بەر لە خۆی هێشتەوە. واتە ئەو نەیهەویست پێیەک لە نەریت و پێیەک لە هەرێمی نوێ‌بوونەوەدا، لە هەر دوو کەشەکەدا دەقی هەناسە هەڵکێشێ و بژی. ئەوە بەو مانایە نییە کە سوارە شێعری بە شێوەی کلاسیک نییە یا نەخوێندووەتەوە، بەڵکوو ئەو ئاگاداری هەموو ڕەوت و سامانە ئەدەبی‌یەکانی بەر لە خۆیەتی و تەنانەت لە چه‌ند دەقدا نیشانی داوە نە تەنیا ئاگای لە پێچ و پەنای ئەو چەشنە دەقانە هەیە بەڵکوو تێشیان دا شارەزایە، بەڵام کە دەقی نوێ دەئافرێنێ هەموو تایبەتمەندی‌یەکانی کە دەقێکی نوێ و دابڕوا لە ڕابردوو دەیخوازێ ڕەچاو دەکا و دەقێکی ڕوو لە داهاتوو و پشت لە ڕابردوو دەخوڵقێنێ. ئەوه لە کاتێک دایە کە تەنانەت لە ناو فارسەکانیش دا و لە ئەدەبی کوردی دوای ئەویش‌دا، زۆر کەس نەیانویست بە تەواوی داببڕێن و هەودایەکیان بۆ پێوەندی لەگەڵ ڕابردووی ناسیاو هێشتەوە. ئەوەش دەتوانێ زۆر هۆکاری هەبێ. ساکارترینیان دەتوانێ ڕاگرتنی دڵی خوێنەری ڕاهاتوو بە نەریتەکانی ئەدەبی کلاسیکە. سوارە لە هەموو ئەو نەریت و گوتارە کۆنانە تێپەڕی و دەقێكی خوڵقاند کە تا ئێستاش پاش چەند دەیە نوێبوون و بەخشەندە بوون لە تایبەتمەندی‌یە بەچاوەکانی‌یەتی.