تاریخ: ۱۳۹۵/۱۰/۲۴
نێچیرڤان بارزانی: مامۆستا هێدی گوێچکه‌ی ڕاکێشام!

به پێی ڕاپۆڕتی هاژه ڕۆژی چوارشه‌ممه ٢٢ی بەفرانبار بە ئامادە بوونی ژمارەیەكی زۆر لە نووسەر، بیرمەند، شاعیر، مامۆستایانی زانكۆ، ڕۆشنبیران، كەسوكار و هۆگرانی ئەدەب ڕێوڕەسمی یادی نووسەر و شاعیری كۆچكردووی كورد مامۆستا خالید حیسامی ناسراو بە "هێدی" بەڕێوەچوو.

 

لە‌و مەڕاسیمەدا سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان دوای  بەخێرهێنانی میوانان، ئاماژەی بەوە دا كە مامۆستا هێدی لای ئەوان نموونەی کەسێکی بە بیروباوەڕ، شاعیرێكی گەورە و نووسەرێكی زانا و وەفادار بووه‌.

"نێچیرڤان بارزانی"  لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا گووتی: مه‌لا مسته‌فا بارزانی خۆشەویستییەكی یەكجار زۆری بۆ مامۆستا هێدی هەبوو بە شێوەیەك كاتێك لە سەرەتای شۆڕشی ئەیلوولدا لەگەڵ براكەی ناچاربوو كوردستانی ڕۆژهەڵات بەجێ بهێڵێت و بێتە كوردستانی باشوور، بارزانی لە شاری سلێمانییەوە ئه‌وى هێنایە ناوچە ڕزگاركراوەكان لە دەڤەری پشدەر و بیتوێن و چەند جار داوای حكومەتی شاهه‌نشاهی ئێرانی بۆ ڕاده‌ستكردنەوەی مامۆستا هێدی ڕەتكردۆتەوە، كە شۆڕشی ئەیلوولیش تووشی نسكۆ بووە، ئەو ڕۆژەی بارزانی كوردستانی باشووری بەجێ هێشتووە، شۆفێرەكەی خۆی بەدوایدا ناردووە و لەگەڵ خۆی بردوویەتی بۆ ئێران و لەلای خۆی پاراستوویەتی.

سەرۆک وه‌زیرانی حکومەتی هەرێمێ کوردستان بیرەوەرییەكی خۆی و مامۆستا هێدی شاعیری گێڕایەوە كە جارێكیان لەسەر ئەنجامدانی كارێك لێی تۆراوە و بانگی كردووە و گوێچكەی گرتووە و زللـەیەكی لێداوە و پێی گوتووە گەر لە مناڵییەوە ئاوەها گوێچكەم گرتبای و دوو زلـلەم لێدابای ئەمڕۆ ئەو كارەت نەدەكرد!