"بەیت" بەشێکی گرینگ لە فۆلکلۆر و ئەدەبیاتی کوردی پێکدێنێ. نووسەر یان دانەریان نەناسراون و سینگ بە سینگ دەیان و سەدان ساڵ گەڕاون و بە دەست ئێمە گەیشتوون. بەداخەوە زۆربەی ئەو کەسانەی کە ئەم هونەرەیان هەبووە لەبەر نەبوونی ئامێری تۆمار کردنی دەنگ و ڕەنگ، ناویان لە نێو ناواندا کوێر بۆتەوە، بەڵام بەیتبێژەکانی پاش خۆیان ئەوانیان بە مامۆستا زانیوە. یەکێک لەم خۆشخانانە "کەریم ئەحمەدپوور" ناسراو بە "کەریم ملخوار" خەڵکی گوندی "قالوێزندان" سەر بە گەورکایەتی مەهابادە. لەم نووسراوەیەدا ژیاننامەکەی دەدەینە بەر دیدی خوێنەران.
ئەم بەدواداچوونە بە شێوەی مەیدانی لەم ناوچەیەی کە ناوبراو لە وێدا ژیانی بە سەر بردووە ئەنجام دراوە. زانیارییەکان لە دانیشتووانی ئەم ناوچەیە بیستراوە و تۆمار کراوە، ئاواتەخوازین ئەم بە دوادا چوونە بتوانێ ڕۆچنەیەک لە ژیانی بەیتبێژێک بکاتەوە.
"کەریم ئەحمەدی" ناسراو بە کەریم ملخوار ناوی بابی "ئەحمەد داوود"ە و ناوی دایکی "ئامان" (ناسراو بە "ئامانەکورد". ساڵی 1283ی هەتاوی لە گوندی کۆکەی سەر بە شاری بۆکان لە دایک بووە. بابی خەڵکی گوندی کۆکە و دایکیشی خەڵکی گوندی ماژگێ بووە. بە گوتەی خزم و کەسەکەی ئەوان چوار برا و خوشکێک بوون بە ناوەکانی وەسمان، کەریم، حوسێن، حەسەن، وەنەوشە. دوای ماوەیەک دێنە گوندی قالوێزندان و لە وێ دەگیرسێنەوە.
مام ئەحمەدی بابیان کەسێکی ژیر بووە؛ بۆ فێر بوون و وە دەست هێنانی ئەزموون زۆر جێگا و شوێن دەکا. ناوی شێخێک دەبیستێ کە کەسێکی گەورە و بە ئیمان دەبێ و هەر کەس کە بچێتە ماڵە ئەو ئیماندارەی هەرچەندی بیهەوێ دەتوانێ لە وێ بمێنێتەوە. ئەحمەد داوود بەو نیازە گوندی قالوێزندان بەرەو کوردستانی گەرمێن بە جێ دەهێڵێ و ماوەیەک لە وێ دەمێنێتەوە و دواتر بۆ زێدەکەی دەگەڕێتەوە.
کەریم بە هۆی ئەوەی کە سەری لانکەی کردووە، بە "کەریم ملخوار" ناسراوە. ناوبراو دەستێکی باڵای لە گێڕانەوەی بەیت و لاوکدا هەبووە. بە گوتەی مام مستەفای برازای، کەریم دانەری بەیتی "مێهر و وەفا"یە. هەر وەها بەیتەکانی "لاس و خەزاڵ"، "خەج و سیامەند"، "سەیدەوان"، "حیکایەتی سەر عەرز و بن عەرز"، "لەشکری"، "فەوتنامەی پێغەمبەر"، "برایمۆک"، "خواز و لاوە"، "پشیلە"، "مەلکەوان"، "شێخ فەڕخ و خاتوونئەستی"، "مەم و زین"، "ئەمیرئەرسەلانی ڕۆم"، "ڕۆستەم"، "کاکەمیر و کاکەشێخ"، "حەتەم"، "دمدم"، "محەممەد حەنیفە"، "لەیل و مەجنوون"، "شەو درەنگە"، "نیوەشەوە" و... گوتووە. شێوەی گوتنی تایبەت بە خۆی بووە. لە پێشدا بە قسە و گوتنێک بەسەرهاتەکەی بۆ گوێگرەکانی شی کردووەتەوە، دواتر بە هەوای داستانەکەی بە دوو شێوەی "حیکایەت" و "بەیت" گێڕاوێتەوە و سەرنجی ئامادەبووانی ڕاکێشاوە. بۆ نموونە دەڵێن: "دمدمێکی دەگوت، دەتگووت بۆخۆی لەگەڵ ئەو لەشکر و پادشایەیە! بەڵام بەداخەوە بە هۆی نەبوونی ئامێرەکانی تۆمار کردنی هیچ دەنگێک یان فیلمێک یان هەر وێنەیەک لە ناوبراو نەماوەتەوە.
دەنگی هەر لە چوارچێوەی دانیشتنەکانی قالوێزنداندا قەتیس نەماوەتەوە و لە زەماوەند و دانیشتنەکانی مەجلیسی گوندەکانی دەورووبەریشدا وەک کانیسێو، کولتەپە، باراوە، دەروێشان، گراوی، لاسەگوڵان، باخچە، بەیرەم و... دەنگی داوەتەوە. لە زەماوەندەکاندا نەرمەگۆرانی بە شێوەی هەڵپەڕکێی "ڕۆینە" گوتووە.
ئەو سەردەم مامۆستا مەلا “ڕەحمان خەلیفەزادە” مامۆستا و پێشنوێژی مزگەوتی قالوێزندان بووە، کاتێک کە مامۆستا خەلیفەزادە داوای ئەوەی لێکردووە کە بەیتێکیان بۆ بگێڕێتەوە، دەڵێ: "ڕەحمەت لە دایک و بابی مام کەریمی..." بە گوتەی شایەتحاڵانی لەژیاندا ماوی ئێستا، کاتێک خەڵک لە مزگەوتی قالوێ خڕبوونەوە و مام کەریم بەیت و حیکایەتی گوتووە، مزگەوت جمەی هاتووە و منداڵ لەولای ئەو شوێنەی کە کەوشیان لێ دادەکەند کە مەعاجێریان پێدەگوت، بە دارەکەوە ڕادەوەستان و گوێیان لێگرتووە. جار بووە بەیتێک سێ ڕۆژی پێوە بووە؛ ئەوەندە بە لەزەت و خۆشی گێڕاوەتەوە، هێندێک لەو کەسانەی کە لە وێ بوون، تەنانەت منداڵەکانی بەردەرگاکەش خەونووچکە بردوونیەوە.
ڕوون نییە مام کەریم ئەو بەیتانە لە کوێ فێر بووە، بەڵام بە گوتەی شایەدحاڵێک دەبێ لە لای کەسانێکی وەک: ئەحمەدی مام عەیزی، حاجی نادر، مام عەوڵای قالەگۆلی و مام جەنگیل کە بەداخەوە ئەوانەش ژیاننامە و دەنگیان نەماوە فێر بووبێ و هەر وەها بۆخۆشی زەوقی ئەو شتانەی هەبووە و مامۆستای داهێنان بووە، هێندێک شت وەک دەڵێن بۆخۆی دایناوە.
زۆربەی بەیتبێژەکانی ئێستا کە بەختەوەرانە دەنگ و ڕەنگیان ماوەتەوە وەک "قادر ئوستادقادری(قالەشین)"، "ڕەسووڵ نادری"، "عەلی کەردار"، "محەممەد خەزاڵی (حەمەدی بەیتان)"، خدر جەوانمەردی (خدری ساڵە جوامێری) و "ڕەحیم بریسکە" مام کەریمیان بە مامۆستای خۆیان زانیوە و دەڵێن کە بەیتی لەو فێر بوون.
مام کەریم بێجگە لە دەنگخۆشی و زەینباشی و بەهۆشی، کەسێکی کەیخودا و ماقووڵ و قسەزانی ناوچە بووە، ئەو سەردەم لەگەڵ مانۆڕی ئاغایان لە گوندەکانی قالوێزندان (قالوێ بایزئاغا)، قالوێ شێخان(قالوێ عەوڵائاغا)، قالوێ باسەودەلان (قالوێ ڕەسووئاغا)، کانیسێو، گڵێنان و... بووە. کاتێک کە شەڕێک یان کێشەیەک لە هەر شوێنێک بایە و مام کەریم چووبایە، چارەسەر دەکرا.
وەک دەڵێن بایزئاغا مەزنی گەورکان، کاتێک لە بەهاراندا لە تارانڕا بۆ قالوێ گەڕاوەتەوە، داوای مام کەریمی کردووە و ئەویش هەتا کاتی گەڕانەوەی بایزئاغای لە دیوەخانێ لە دەستی ڕاستی ئاغادا دانیشتووە و خۆشەویستی مەجلیسان بووە.
مام کەریم دوو جار ژنی هێناوە. خێزانی یەکەمی ناوی نزاکەت بووە کە دوای ماوەیەکی کورت کۆچی کردووە. دواتر هەر لە گوندی قالوێ جیرانێکی خۆیان بە ناوی "خەدیجە ئەحمەدی (قەسابی)" مارە دەکا و دەیهێنێ، بەڵام منداڵیان نابێ.
مام کەریم بە هۆی خواردنی گۆشتی مەڕی گیابڕ بە شێوەی قاورمە لە ساڵی 1343ی هەتاوی کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی "مەلازادان" لە قالوێزندان ئەسپاردەی خاک دەکرێ. وەک دەڵێن عەوڵای بایزئاغای وەک حەولادی خۆی شینی بۆ کردووە و دەڵێ: "تازە مەجلیسی ئێمە خەڵاس بوو، کەریم ملخوار مرد".
تێبینی: ئەم گردوکۆیە لە قسە و زاری ئەم بەڕێزانە وەرگیراوە: "قاسمئاغای عەزیزی (کانیسێو)"، "هەمزە مەحموودپوور (قالوێزندان)، "خەدیجەی ئەحمەدپوور (مەهاباد)"، "خدر ئەحمەدپوور (مەهاباد)"، ڕەحیم بریسکە (مەهاباد)، "ئەبووبەکر بیقارپەنا (مەهاباد)"
سەرچاوە: گۆڤاری مەهاباد، ژمارە ٢٢٢، لاپەڕەی ٣٨، ڕەشەمەی ١٤٠٠هەتاوی