به پێی هەواڵی هاژه، ڕۆمانی «ئەشکەوتی گەوەرێ» نووسراوەی بەفرین شەڕەفکەندی ڕەوانەی بازاڕ کرا.
ڕۆمانی «ئەشکەوتی گەوەرێ» لە نووسینی بەفرین شەڕەفکەندی کە لە چوارچێوی ڕۆمانی کۆمەڵایەتی و ئەویندارانەدا خۆی دەبینێتەوە، کەوته بەردیدی خوێنەران.
ئەم پەڕتووکە لە ١٤٩ لاپەڕەدا و لەلایەن چاپەمەنی ژیر هاتووەتە وەشاندن. کاوە داشبەندی، شاعیر و نووسەر لەسەر بەرهەمە نووسیویەتی:
« گێڕانەوەی بەسەرهاتی گەورەر و دلێری و بوێری و داوێن پاکی ژنە کوردێک و ئەو تراژدییایەی بەسەر گەوەر دێت کاریگەری لەسەر دڵ و ڕوح و خوێنی دەمارەکانی نووسەر دەبێ و تامەزرۆی توێژینەوە و لێکۆڵینەوە لەسەر ژیانی گەوەری داوێنپاک کە کۆرپەی دڵی قوربانی داوێنپاکی خۆی دەکا دەبێ.
لە درێژەی لێکۆڵینەوەدا نووسەر لەگەڵ چەند ڕووداوێکی پڕ لە ئەوینداری و وەفاداری ڕاستەقینە و کێشە و گرفتەکانی کە دێتە سەر ڕێیان ڕووبەڕوو دەبێتەوە و بە قەڵەمێکی یەکجار بە توانا و هەستێکی پاک و بێگەردەوە دەیانخاتە بەرچاوی خوێنەر.
لە ڕۆمانی ئەشکەوتی گەوەرێدا بە بڕوای من نووسەر خۆی گەوەرێکی قارەمانی دیکەی ڕۆمانەکەیە کە توانیویەتی سەرکەوتووانە هەموو ڕووداوە خۆش و ناخۆشەکان بە قەڵەمێکی بە توانا و زمانێکی شیرین و پاراو بێنێتە بەر چاو و لە هەندێک شوێن زاتی پیسی مرۆڤی بێ ئەمەگ و سپڵە بەو شێوەیەی کە بووە دەربخا.
دیارە لێدوان و باس لەسەر ڕۆمانی ئەشکەوتی گەوەرێ قەڵەمێکی بەتوانا و زمانێکی پاراوی دەوێ کە بتوانێ تەواوی جوانییەکان و شاکارەکانی کە لەم ڕۆمانەدا گونجاوە باس بکا، بەڵام داخی داخانم نە ئەو قەڵەمم هەیە و نە ئەو زمانە. تەنیا وەکوو یەکەم کەس کە ڕۆمانی ئەشکەوتی گەوەرێم خوێندۆتەوە دەتوانم بڵێم کە ئەم ڕۆمانە دەتوانێ لە کتێبخانەی کوردیدا وەک لاپەڕەیەکی زێڕین لە مێژووی کوردستان خۆی بنوێنێ و کتێبخانەی کوردی ڕازاوە بکا.
بە نۆبەی خۆم پیرۆزبایی بە خاتوو بەفرینی شەڕەفکەندی دەڵێم و هیوادارم هۆگران و ئەویندارانی ئەدەب و وێژەی کوردی بە پشتگری خۆیان لەم ڕۆمانە جوان و بەنرخە عارەقی ماندوویەتی نووسەری بەڕێز بسڕنەوە و ببنە هۆی هاندانی بۆ خوڵقاندنی بەرهەمی بەپێزتر و جوانتر.»
هۆگرانی چیرۆک و ڕۆمانی کوردی، دەتوانن ئەم کتێبە لە کتێبفرۆشییەکانی مەهاباد و شارەکانی دەوروبەر وەدەست بخەن.
خاتوو بەفرین شەڕەفکەندی ساڵی 1365ی هەتاوی لە شاری مەهاباد لەدایک بووە و ئەم بەرهەمەش وەک یەکەم بەرهەمی ئەم نووسەرە دێتە هەژمار.