تاریخ: ۱۳۹۵/۱۰/۲۲
چەند ڕێنماییەک بۆ چارەسەرکردنی ئەنفلۆنزا

ئەنفلۆنزا، یەکێکە لەو نەخۆشیانەی کە لە وەرزی زساندا زیاتر بڵاودەبێتەوە، ئەوەش بەزۆرى بەهۆى نزمبوونەوەى پلەى گەرمى لەش و سەرماوە تووشى مرۆڤ دەبێت، هەندێکجاریش لە ڕێگەى تووشبووانى ترەوە دەگوازێتەوە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر.


لێرەدا چەند ڕێنماییەکی پزیشکی بۆ چارەسەر ئەنفلۆنزا خراوەڕوو.

١- گفتوگۆکردن لەگەڵ پزیشک، لەکاتى بوونى حاڵەتى بەرەوپێشچوونى نەخۆشى ئەنفلۆنزا، پێویستە سەردانى پزیشکى تایبەت بکەیت، ئەوەش بەمەبەستى ڕێنمایى دەربارەى چۆنییەتى هەڵسوکەوتکردن و پشکنینى ئەگەرى بوونى کۆمەڵێک هۆکار کە دەبنە هۆى هەوکردن و زیادبوونى نەخۆشى ئەنفلۆنزا.

٢- پاراستنى پاکوخاوێنى، ئەو کەسانەى کە تووشى ئەنفلۆنزا دەبن بەشێوەیەکى زۆردەپژمن و دەستدەکەن بەپاککردنەوەى لووتیان، بۆیە ئەو (تەنۆلک و وردیلانە)ى ناو هەوا پڕدەبن لەپاشماوەى ئەنفلۆنزاکە بەتایبەت لەو ناوچەیەى کە تووشبووەکەى تێدایە، بۆیە گرنگە کەسەکان دەست نەبەن بۆ چاوەکانیان و ناو دەمیان و پێویستە دەستەکانیان بەشێوەیەکى ڕێکوپێک و زوو زوو بشۆن، چونکە تەنۆلکە ڤایرۆساوییەکان لەڕێگەى هەواوە دەگوازرێنەوە بۆ کەسەکان لەکاتى پژمیندا، لەو وەرزەى کە نەخۆشى هەڵامەت و ئەنفلۆنزا بڵاودەبێتەوە گرنگە ئاگادارى کەسەکانى دەوروبەر بکرێتەوە لەوەى کە دەستەکانیان بەدوور لەدەمیان ڕاگرن.

٣- بەکاربردنى خواردنى تەندروست و دەوڵەمەند بەڤیتامینەکانى "C"و"E"، بەشێوەیەکى گشتى ئەو خواردنانەى کە ئەم دوو جۆرە ڤیتامینانەیان تێدایە وەک بەهێزکەرى کۆئەندامى بەرگرى دادەنرێن، ئەو خواردنانەشى کە ڤیتامین"E"یان تێدایە وەک ڕۆنى گوڵەبەڕۆژە، ناوکى ڕۆنى گوڵەبەڕۆژە، گوێز، بوندوق و فستەق، هەروەها ڤیتامین"C"یش لەناو ئەم خواردنانەدا دەستدەکەوێت شەربەتى پرتەقاڵ، شەربەتى لیمۆ، برۆکلى، قەرنابیت، بیبەرى سەوز و بیبەرى سوور.

٤- خەوتنى کاتژمێرى پێویست لەشەودا، کەم خەوى دەبێتە هۆى لاوازکردنى کۆئەندامى بەرگرى، خەوتنى بڕى کاتژمێرى پێویست لە شەودا یارمەتى کۆئەندامى بەرگرى دەدات لە بەرگریکردنى سروشتى بەشێوەیەکى زۆر باشتر.

٥- زۆر خواردنەوەی شلەمەنی، زۆر خواردنەوەی شلەمەنییەکان دەبێتە هۆرى بەهێزبوونى بەرگرى لەوشکبوونەوەى ئەنفلۆنزا و هەروەها یارمەتى خستنە دەرەوەى بەڵغەم و وشکبوونەوەى قوڕگیش دەدات، بۆیە باشتر وایە کە خواردنەوە گەرمەکان بخورێنەوە و هەندێک بەڵگە سەلمێنراو هەن کە ئاماژە بەوە دەکەن، کە هەڵمژینى هەڵم لەقۆناغە سەرەتاکانى هەڵامەتدا یان بوونى سەرمایەکى سادە دا ڕێگرى لە بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکە دەگرێت لە ڕێڕەوەکانى سەرەوەى هەناسەدان و یارمەتى چارەسەرکردنى ئەنفلۆنزا دەدات.

٦- بەکارهێنانى کەرەستە گونجاوەکانى چارەسەرکردن، کۆمەڵێکى زۆر لەتوێژینەوە و پسپۆڕى چەندین ساڵ ئەوە یان سەلماندووە کە بەکارهێنانى کەرەستە گونجاوەکان یارمەتى چارەسەرکردنى ئەنفلۆنزا و هەروەها یارمەتى لەش دەدات لە چاکبوونەوە.

٧- ئەنجامدانى چالاکى جەستەیى، لەگەڵ ئەوەى کە چالاکى جەستەیى وەک وەرزش یارمەتى پەستانى خوێن دەدات، هەروەها دەبێتە هۆى هاندان و بەهێزکردنى کۆئەندامى بەرگرى، بەتایبەت لەکاتى پێش تووشبوون بەنەخۆشى ئەنفلۆنزا و لەگەڵ نەخۆشییەکانى زستانە.

٨- گوێڕایەڵى جەستە، لەکاتى تووشبوون بەهەڵامەت یان ئەنفلۆنزادا پێویستە چالاکیەکان کاری ڕۆژانە کەمتر بکرێنەوە، چونکە چالاکییە ڕۆژانەییەکانى وەک خوێندن و کارکردن وزە خەرج دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا لەکاتى تووشبوونى هەڵامەت و سەرمادا، باشتروایە کە لە هاوڕێ و خێزانەکەش خۆتان بەدووربگرت تاوەکو ئەوانیش تووش نەبن.

٩- وریابوون و هۆشداریبوون لە بەکارهێنانى دەرمان، تێگەیشتن لە ڕێنماییەکانى چۆنییەتى بەکارهێنانى دەرمانەکان کە لەلایەن پزیشکەوە دادەنرێن یان ئەوانەى کە لەدەرمانخانەکان وەردەگیرێن، ئەوە بەمەبەستى وەرنەگرتن و بەکارنەهێنانى بڕێکى زیاد یان کەم لەوەى کە پێویستە بۆ چارەسەر بەکاریان بهێنین، دەرمانە جۆربەجۆرەکانى چارەسەرکردنى نەخۆشییەکانى هەڵامەت و ئەنفلۆنزا بڕێکى زۆر لەپێکهاتەیان تێدایە، بۆیە گرنگە کە بزانرێت ئەو دەرمانانە لەچى پێکهاتوون و پێکهاتە سەرەکییەکانیان چین تاوەکو لەگەڵ دەرمانى تر دژ نەبن کەلەوانەیە نەخۆشەکە وەریان بگرێت.

١٠- داواکردنى یارمەتى لەکاتى خرابپوونى حاڵەتى توشبووەکە، لەکاتى خرابپوونى حاڵەتى تووشبوو بەنەخۆشى ئەنفلۆنزا بەشێوەیەکى دیار، لە دواى سێ ڕۆژدا بەتایبەت لەکاتى دابەزینى پلەى گەرمى و بەرزبوونەوەیدا، گرنگە سەردانى پزیشک بکرێت بۆ چارەسەرکردنى نەخۆشییەکە.