هونەرمەند خەلیلی سەدیقی ساڵی ١٣٠٩ لە شاری مەهاباد لە دایک بووە. ناوبراو خولەکانی خوێندنی سەرەتایی لە مەهاباد تەواو کردووە.
خەلیل سەدیقی بە هۆی ئەوەی کە خولیای ژیانی لادێ و داب و نەریتی ڕەسەنی کوردەواری بوو، بەشێکی زۆری سەردەمانی منداڵی و تازەلاوی لە گوندی تازەقەڵا تێپەڕ کردووە.
خەلیل سەدیقی لەسەردەمی لاوێتیدا فرچکی گۆرانی گوتنی بە شێعرەکانی وەفایی گرتووە و دواتر هۆنراوەکانی هەردی و گۆران و شاعیرانی تریشی بەسەر کردۆتەوە.
ئەوینداری و خۆشەویستی خەلیل سەدیقی بۆ کیژێک بە ناوی "فاتمە" بوو بە هۆی ئەوەی کە ئاوازێک لە سەر شێعرێکی ئەحمەد هەردی بە ناوی "چەپکە گوڵێک بۆ سیت فاتمە"ی لێبکەوێتەوە. ناوبراو ساڵی ١٣٣١ی هەتاوی لەگەڵ فاتم ژیانی هاوبەشی پێکدەهێنێت.
خەلیل سەدیقی لە ڕادیۆ مەهاباد چەند بەرهەمێک وەک "خۆشە گەرمێن"، "دەمێک ساقی"، "شیرەکەم لێدەڕژێ" و "لانکۆڵێ" تۆمار و بڵاو کردۆتەوە.
هونەرمەند سەدیقی ساڵی ١٣٣٣ی هەتاوی بۆ تێپەڕاندنی دەورەی سەربازی ڕەوانەی سنە دەکرێت و ئەوە بوو بە هۆی ئەوەی کە لەگەڵ ئۆرکێستری ڕادیۆی کوردی سنە ئاشنا بێت و هەوڵین گۆرانی خۆی بەناوی "بووک مریەم" تۆمار و بڵاو کاتەوە.
سەدیقی هەر لەڕادیۆی سنە بە هاوکاری تیپێکی مۆسیقای ئەڕتەشی چەند بەرهەمێکی تری وەک "لانکۆڵێ"، "بەرهەڵبێنە"، و "فاتمە" گووتۆتەوە.
ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە بە چوونی سەدیقی بۆ سنە سنووری گۆرانی و ئاوازی ناوبراو هەر لە موکریان دا قەتیس نەمایەوە و بوو بە هۆی ئەوەی کە تا سنووری ئەردەڵان و بابانەکان دەنگ هەلبڕێ و ئەویندارانی مۆسیقی کوردی لە دەنگی خۆی بێبەش نەکات.
هونەرمەند خەلیل سەدیقی چەندین گۆرانی دیکەی وەکوو "ئەژدەهاک"، "قەتار"، "دەمەگری مەگری"، "ئەو چاوانەی وا خوماری نازن" و "ئایشیلێ نازەنینێ" لە مەجلیساندا گووتووە کە تاموچێژی تایبەت بە خۆیان هەیە.
شایانی باسە کە هونەرمەند خەلیل سەدیقی تا ئێستا چەندین گۆرانی دیکەشی بۆ کۆڕی دۆست و هاڤاڵانی گوتووە کە بەداخەوە تا ئێستا بڵاو نەکراونەتەوە، بەو ئاواتەی کە دوای ٥٢ ساڵ لەکۆچی ئەم هونەرمەندە ئەم بەڕێزانە هیممەتێک بکەن و بە بڵاو کردنەوەی ئەم بەرهەمانە دڵی ئەم کۆچ کردوویە و ئەویندارانی ئەم دەنگە شاد بکەن.
هونەرمەند خەلیل سەدیقی لە ڕێکەوتی ٤ی ڕێبەندانی ١٣٤٨ لە مەهاباد کۆچی دوایی دەکات و لە گۆڕستانی گشتی بوداق سوڵتان بە خاک دەسپێردرێت.
سەرچاوەکان:
سەمەدی، عەبدوڵڵا، ئاوڕێک وەسەر ژیان و بەرهەمی هونەرمەندی کورد خەلیلی سەدیقی، وەرزنامەی گزینگ، ژمارە ٢٧، بەهاری ٢٠٠٠، سۆئد، لاپەڕەی ٤٥-٤٢.
چل و هەشت ساڵ دوای خەلیل سەدیقی، گۆڤاری مەهاباد، ژمارەی ١٩٤، ١٣٩٦، لاپەڕەی ٣-٢.