تاریخ: ۱۴۰۰/۱۰/۲۷
پێگەی مزگەوتی سوور لە مێعماری مەهاباد
ئاو گرینگترین هوکاری پێکهاتنی شوێنەکانی نیشتەجێبوون لە کوردستان و جیهان بووە و لەو نێوەدا چۆم و ڕووبارەکانیش دیارترین شوێنی دەستپێڕاگەیشتن بە ئاو بوون. 
بەم پێیە ڕووباری مەهاباد هۆکاری سەرەکیی بیچمگرتنی شوێنی نیشتەجێبوون لەم ناوچەیە بووە.
کۆنترین گەڕەکەکانی مەهاباد لە تەنیشت ئەم ڕووبارە پێکهاتوون. 
بناغەی مەهاباد هەر لە سەرەتاوە بە شار دادەنرێ کە خۆی لە خۆیدا بێوێنەیە. 
سەردەمی ئیسلامی خولی پەرەگرتنی و گەشەی ئەم شارە بووە. 
مزگەوتی گەورە یەکەم شوێنە کە لە دەورەی ئیسلامیدا لە شارەکاندا دادەمەزرێ و بەم پێیە مزگەوتی سوور له مه‌هاباد بینا ده کری.
 
 
زۆربەی بیناکانی ئەم شارە پەیوەندیی بە شێوازی بیناسازیی سەردەمی سەفەوییەوە هەیە یا گرێدراوی ئەم سەردەمەیە. 
ئەم ڕۆژانە مزگەوتی سووری مەهاباد بارودۆخێکی باش تێپەڕناکات. 
بەرپرسانی میراسی فەرهەنگیی مەهاباد لەم پەیوەندەدا تووشی هەڵەیەکی گەورە و قەرەبوونەکراوە بوون.
میچی ئەم بینا مێژووییەیان ئیزۆبام کردووە و ڕواڵەتێکی نامێژوویی و ناڕەسەنیام پێوەلکاندووە. 
 
 
بە وتەی کارناسان ئیزۆبام، قیرەتاو و چیمەنتۆ شێ لەم بینایەدا ڕادەگرێ و پلەی شێداریی بیناکە بەرز دەکاتەوە.
شێ یەکێک لە هۆکارەکانی پووکانەوەی بینا مێژووییەکانە.
مودیرکولی میراسی فەرهەنگیی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوایی دەڵێ لە ڕەوتی نۆژنەنکردنەوە و پێڕاگەیشتن بە مزگەوتی سووری مەهاباد گیروگرفتێک بوونی نییە.  
خەلیل جەباری دەڵێ تەنیا بەشی نامێژوویی مزگەوتی سوور تووشی پووکانەوەیە.
بەم شێوەیە کە جەباری باسی دەکات ئیدارەی ئەوقافی مەهاباد بەرپرسی پێڕاگەیشتن و چاوەدێریی ئەم بینا مێژووییەیە و هەر خەسارێک دەکەوێتە ئەستۆی ئەوان.
مزگەوتی سوور یا مزگەوتی جامیعی مەهاباد یەکێک لە هەنگاوە گرینگەکانی بوداق سوڵتانی موکری لە بواری ئاوەدانکردنەوە دایە کە لە ساڵی ١٠٨٩ی کۆچیدا بنیات نراوە.
ئەو شوێنەوارە لە ڕێکەوتی ٢٥ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٤٨ی هەتاوی بە ژمارەی ٨٨٢ وەک یەکێک لە شوێنەوارە نەتەوەییەکان تۆمارکراوە.
شەبستانی ئەم مزگەوتە کە لە شەبستانی مزگەوتی وەکیلی شیراز نزیکە ١٠ کۆڵەکەی بەردینی هەیە و ١٨ گومبەزی خشتیی نیوبازنەیی سەربانەکەی داپۆشیوە. 
کۆڵەکەکان بە قورقوشمی تواوە پێکەوە لکاون. 
کەرەسەی سەرەکی لە سازکردنی مزگەوتی جامیعدا خشتی سوورە بۆیە بە مزگەوتی سوور نێوی دەرکردووە.