تاریخ: ۱۴۰۰/۱۰/۱۰
کوردێک بوو بە وەزیری داد و ئاسایشی هۆڵەندا
خانمە کوردێكی باکووری کوردستان، کە نیشتەجێی هۆڵەندایە، بە وەزیری داد و ئاسایش لە حکومەتی نوێی هۆڵەندا دەستنیشانکرا.
 
دیلان یەشیلگوز، تەمەن 44 ساڵ، بە بنەچە خەڵکی شاری دێرسیمی باکووری کوردستانە و بڕیارە لە حکومەتە نوێیەکەی مارک ڕووتە، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا وەک وەزیری داد و ئاسایش دەستبەکاربێت.
 
 
دیلان یەشیلگوز، سەر بە پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسی (FFD)یە، کە یەکێکە لە چوار پارتە سەرەکییەکەی پێکهێنەری حکومەتە نوێیەکەی هۆڵەندا بە سەرۆکایەتیی مارک ڕووتە، کە بڕیارە لە 10-1-2022 دەستبەکاربێت.
دیلان یەشیلگوز، لە ساڵی 1977 لە شاری ئانکارای تورکیا لەدایکبووە، خێزانەکەی بە بنەچە کوردی شاری دێرسمی باکووری کوردستانن.
دیلان لە منداڵییەوە لەگەڵ خێزانەکەی کۆچیان کردووە بۆ هۆڵەندا. دیلان هەر لە سەرەتای ژیانی سیاسییەوە پەیوەندی بە پارتیی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسییەوە کردووە. لەنێوان ساڵانی 2014 تاوەکو 2017 لەسەر لیستی ئەو پارتە، بە ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانیی ئەمستردام هەڵبژێردراوە.
سەرچاوە: ڕووداو