تاریخ: ۱۴۰۰/۱۰/۵
تەلیسکۆپی جەیمس وێب گەشتێکی مێژوویی دەستپێکرد
ناسا ده‌ڵێت: ته‌لیسكۆپه‌كه‌ ده‌توانێت دیمه‌نه‌كانی سه‌ره‌تای ته‌قینه‌وه‌ گه‌وره‌كه‌ی گه‌ردوون ببینێت
تەلیسکۆپی جەیمس وێب، پرۆژە 10 ملیار دۆلارییەکەی ناسا، لە گەشتێکی مێژووییدا بەرەو بۆشایی ئاسمان بەڕێکرا.
بە گوێرەی هەواڵێكی سایتی "BBC"، تەلیسکۆپەکە بە مووشەکێکی جۆری"Ariane" لە وێستگەی کۆرۆ لە فەرەنسا بەرەو بۆشایی ئاسمان بەڕێکەوت.
ناوی تەلیسکۆپەکە بەناوی ئەندازیارێکی پرۆژەی "Apollo Moon landings"ـەوە ناو نراوە، کە لەسەر تەلیسکۆپی هەبڵ کاری کردووە.
بیل نێلسۆن بەڕێوەبەری ئاژانسی ئاسمانی ئەمه‌ریکا (ناسا)، گوتی: "وێب پرۆژەیەکی سەرسوڕهێنەرە، نموونەیەکی درەوشاوەیە کە پێمان دەڵێت دەتوانین شتی لەمجۆرە بکەین ئەگەر خەونی گەورە ببینین، دەزانین پرۆژەکە سەرکێشی خۆی هەیە، بەڵام بۆ ئەوەی شتی گەورە بەدەستبهێنیت، دەبێت سەرکێشی گەورە بکەیت".
ئەم تەلیسکۆپە لە 233 پلە لەژێر سفرەوە لە درەوشانەوە و کارکردن دەوەستێت، دەتوانێت وێنەی هەستیاری هه‌ساره‌ دوورەکان بگرێت، تەلیسکۆپەکە لەسەر رێگەیەک دەبێت کە دەتوانێت چاودێری ئەو هەسارە و ئەستێرانە بکات کە 150 ملیۆن کیلۆمەتر لە زەویەوە دوورن.
ئەندازیارانی لە ئەوروپا و ئەمەریکا و کەنەداوە لەسەر پرۆژەکە کاریان کردووە و لە 6 مانگی داهاتوودا زنجیرەیەک چالاکی ئاڵۆزتر دەستپێدەکەن کە تەلیسکۆپی جەیمس وێب خاڵی سەرەتایان بوو.
زانایانی ناسا پێشبینی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌و ته‌لیسكۆپه‌ وه‌ڵامی زۆربه‌ی پرسیاره‌ بێوه‌ڵامه‌كان ده‌داته‌وه‌ كه‌ له‌ باره‌ی گه‌ردوون و سه‌ره‌تای درووست بوون و ته‌قینه‌وه‌ گه‌وره‌كه‌ بداته‌وه‌، به‌ جۆرێك بتوانێت 13 ملیار ساڵ پێش ئێستا ببێنێت.
وه‌ك ئاماژه‌یان بۆ كردووه‌، ته‌لیسكۆپه‌كه‌ هێنده‌ ورده‌، ده‌توانێت له‌ ماوه‌ی دوور دوو هێنده‌ی نێوان گۆی زه‌وی و مانگ، پله‌ی گه‌رمی مێرووله‌یه‌ك له‌سه‌ر زه‌وی بپێوێت.